کۆمپانیای ئەمریکی" بلەک واتر" راهێنانی سەربازی بە داعش دەکات

مێدیایەکی لوبنانی دەریخست کە کۆمپانیای ئەمریکی " بلەک واتر" جارێکی تر گەڕاوەتەوە عێراق و ئێستا خەریکی پەروەردە کردنی چەکدارانی داعش لە بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەدە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ڕۆژنامەی "الاخبار"ی لوبنان بە بڵاو کردنەوەی ڕاپۆرتێک بە گێڕانەوە لە سەرچاوە نزیکەکانی جودی هود، کارداری ئەمریکا لە عێراق، نووسی: کۆمپانیای ئەمریکی بلەک واتر کە ناوبانگێکی باشی لە عێراق نییە، هاوڕێ لە گەڵ چەند کۆمپانیای ئەمنیەتی سەربازی دیکە، سەرەتاکانی ساڵی ڕابردووی زایینی بە پێی ئەو مۆڵەتەی کە وەزارەتی ناوخۆی عێراق دوابەدوای گوشارەکانی ئەمریکا پێی دابوو، گەڕایەوە ئەو وڵاتە و لە بنکەی ئاسمانی " عەین ئەسەد" شوێنی جێگیر بوونی هێزە ئەمریکییەکان لە پارێزگای "ئەنبار" چالاکی خۆی دەست پێکردووە.

ئەو سەرچاوانە بە الاخباریان وتووە: یەکەم چالاکی بلەک واتر، گواستنەوەی جیهازاتی سەربازی ئەمریکی لە ئۆردۆنەوە بۆ ڕۆژاوای ئەنبارە کە بە هەماهەنگی تەواوی ئەو کۆمپانیا لە گەڵ بنکەی عەین ئەسەد ڕووی دا و ئەو کۆمپانیایەش ئێستا لە هەمان بنکە خەریکی پەروەردە کردنی چەکدارانی داعشە، بە شێوەیەک کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەزار کەسی تری بە بەرنامەی پەروەردەیی خۆی لە چەکدارانی داعش زیاد کردووە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، دوابەدوای توند بوونەوەی پێکدادانەکان لە دوایین بنکەی داعش لە پارێزگای دەیرەزووری سووریا، چەندین ئۆتۆمبیل لە گەڵ هێزە ئەمریکییەکان چەکدارانی داعشیان لە شارۆچکەی باغۆزی سووریاوە گواستووەتەوە بۆ بنکەی عەین ئەسەد.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە حەسەن سالم، لە ئەندامانی هاوپەیمانی فەتحی عێراق پێشتر لە لێدوانێکدا کۆمپانیای بلەک واتری بە هاوکاری لە ئۆپراسیۆنی تیرۆری ژمارەیەک لە چالاکان و کەسایەتییە سەربازییەکان لە پارێزگای بەسرە تۆمەتبار کردووە و وەزارەتی ناوخۆی عێراقی بەرپرسی گەڕانەوەی دووبارەی ئەو کۆمپانیا بۆ عێراق زانیبوو.

لە سەردەمی داگیر کردنی عێراق لە لایەن سوپای ئەمریکاوە، کۆمپانیای بلەک واتر ڕۆڵی ماشینی تیرۆر و مرۆڤ کوشتنی واشنتۆنی دەگێڕا و لە نزیک ١٩٥ ئۆپراسیۆنی تیرۆریستی لە خاکی عێراق بەشداری کردبوو. بە پێی ڕاپۆرتەکان لە شەڕی عێراق، سەدان کەس لە خەڵکی سڤیلی ئەو وڵاتە بوونەتە قوربانی وەحشی گەری کاربەدەستانی بلەک واتر. ئەو کۆمپانیا پاش ڕووداوی سێپتەمبەری ٢٠٠٧ کە بووە هۆی کوژرانی ١٤ کەسی سڤیل و ١٧ کەسی تریشی بریندار کرد، لە عێراق چالاکی کردنی قەدەغە کرا. کۆمپانیای سەربازی تایبەتی بلەک واتر کە لە ساڵی ١٩٩٧ ەوە دامەزراوە، دوایی فرۆشرا و ناوی لە ئاکادمی گۆڕدرا.

News Code 26337

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 8 =