نهێنی خەیانەتەکەی ئەمریکا و بریتانیا لە هێرشی ۲۹ ساڵ لەمەوپێشی عێراق بۆ سەر کوەیت

باڵوێزی فەلەستین لە یەکێتی سوڤیەتی پێشوو بە بڵاوکردنەوەی وتارێک ڕووانیویەتیە ڕۆڵی ناوەندەکانی سیخۆری و هەواڵگریی رۆژئاوایی لە ناوچەکە و ڕێگرییان لە جێگربوونی ئاشتی و سەقامگیریی لە رۆژهەڵاتی ناڤین.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، دوکتۆر ڕامی شاعیر باڵوێزی فەلەستین لە یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو و توێژەری پرسی نێودەوڵەتی لە وتاری مانگی فێڤرییەی خۆی لە ژمارەی ٤ی رۆژنامەی زافترا لە ژێر ناوی "شەڕی نێوان دوو جیهان" ڕووانیویەتیە ڕووداوگەلی سیاسی و سەربازی ئەم دواییەی رۆژهەڵاتی ناڤین و هەنگاوەکانی واشنتۆن و هاوپەیمانانی بۆ ڕێگری لە جێگربوونی ئاشتی و سەقامگیری لەو ناوچەیە و هەروەها ڕۆڵی ناوەندەکانی هەواڵگریی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لە چوارچێوەی ئەو یارییە دزێو و پڕ مەترسییە.

ناوبراو لەو وتارەدا بە ئاماژە بە نائاگاریی خەڵکی لە چیەتی و ناوەڕۆکی ناوەندەکانی هەواڵگریی رۆژئاوا و پێویستی لێکدانەوەی شێواز و تەکنیک و کەرەسەکانی بەردەست ئەو ناوەندانە بە تایبەت ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی ئەمریکا و ناوەندەی هەواڵگریی بەریتانیا، ڕایگەیاند: ئەو ناوەندانە نە تەنیا دەتوانن لە سەر سیاسەتی دەرەکیی وڵاتان کاریگەری دانێن، بەڵکوو لە رێگەی گوشار و پێدانی بەرتیل بە سیاسەتوانان، بە پێی ویستی خۆیان لە سیاسەتی ناوخۆیی ئەو وڵاتە دەستێوەردان دەکەن. لەو ڕووەوە دەکرێ بڵێین ئەو ناوەندانە سیاسەتی هەندێک لە وڵاتان بۆ چەندین دەیە دادەڕێژن.

شاعر ڕاشیگەیاند: جموجۆڵی ئەو ناوەندانە زیاتر دوای هەڵویستی ئابووریی ڕووسیا و ڕووخانی ئۆردووگای سۆشیالیستی و هەڵوەشانەوەی پەیمانی ڤێرشۆ و وەستانی کاتیی ڕکابەریی چەک و چۆڵی نێوان دوو زلهێزی رۆژهەڵاتی و رۆژئاوایی دەرکەوت، چونکە لەم قۆناغەدا ڕووسیا هەلی ئەوەی بۆ ڕەخسا کە بەرەو ئاسۆگەلی سیاسی و ئابووریی بەربڵاوتر هەنگاو هەڵگرێت و بۆ پێکهێنانی پێوەندیی لە گەڵ وڵاتانی دیکە هەوڵ بدات؛ وڵاتانێک کە رۆژئاوا بەردەوام لە ڕووسیا و لە ئایدیالۆژیای کۆمۆنیزم تۆقاندبونی.

ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە لەم قۆناغە و لە گەڵ کرانەوەی باڵوێزخانەی وڵاتان لە مسکۆ و هەروەها پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی ڕووسیا و وڵاتانی رۆژهەڵاتی، شایەدی نیگەرانیی "واشنتۆن" و "لەندەن"‌ین، بیری هێنایەوە: پەیمانی ناتۆ بە هیچ جۆرێک ئەو ڕووداوەی  چاوەروانی نەدەکرد. هەر بۆیە ناتۆ ستراتژییەکی نوێی بۆ دزە کردنە ناو وڵاتانی کەنداوی فارس گرتە بەر. ئەو ستراتژییە لە قۆناغی یەکەمدا پێداگر بوو لە هەوڵ لە پێناو پاراستنی پێگەی رۆژئاوا و زاڵبوونی بە سەر سەرمایەی نەوتیی وڵاتانی عەرەبی کەنداوی فارس و هەروەها کردنەوەی بنکەگەلی سەربازیی زیاتر لە نزیکیی سنوورەکانی ڕووسیا.

بەرپرسی پێشووی فەلەستینی بەربڵاوێتی ڕووسیای بە هۆکارێک لێکداوە بۆ هاندانی ناتۆ لە پێناو پەرەدان بە چالاکییەکانی لە ئەورووپای رۆژهەڵاتی و ناوچەگەلێکی ئاسیا بە تایبەت وڵاتانی عەرەبی و وتی: ٢٩ ساڵ لەوە پێش ئەوان بڕیاریان دا ئەم پلانەیان بە سەدام حسێن، دیکتاتۆری پێشووی عێراق و هاندانی بۆ داگیرکردنی کوەیت تاقی کەنەوە. هەڵبەت نابێ لە بیرمان بچێت کە تا ١٩٨٣ کوەیت تاکە وڵاتی عەرەبی بوو کە پەیوەندی لە گەڵ ڕووسیادا بووە. رۆژئاوا ڕاسپاردە و سیخۆرێکی خۆی دەنێرێتە لای سەدام و بە گوێیدا دەخوێنن کە کوەیت خەریکی دانوستانی نهێنی لە گەڵ ئێرانی شیعەیە بۆ ئەوەی ڕێککەوتننامەیەکی بەرگری لە نێوان دوو وڵات لە دژی عێراق واژۆ بکەن.

شاعیر وتیشی: ئەو ڕاسپاردەیە دیدارێک لە نێوان سەدام و خاتوو ئبریل گلاسپی کارگێڕی ئەوکاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕێک دەخات و لە دیدارەکەدا کاریگەری ئەمریکی بە سەدام ڕادەگەیێنیت کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هیچ کێشەیەکی لە گەڵ پەیوەست بوونی کوەیت لە گەڵ عێراقدا نییە. هەروەها واشنتۆن لە عێراق وەک بەرەی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی پلانە زێدەخوازەکانی ئێرانی شیعه لە رۆژهەڵاتی ناڤین دەڕوانێت و پاڵپشتی دەکات.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش داوە: لە گەڵ داگیرکران و هێرشی عێراق بۆ سەر کوەیت، دیپلۆماتەکانی ئەمریکی و بەڕێوەبەرانی ناوەندە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و هەروەها ڕاسپاردەکانیان لە وڵاتانی کەنداوی فارس و باکووری ئەفریقا، لە پێناو پاراستنی وڵاتانی کەنداوی فارس و یارمەتی بۆ ئازادکردنەوەی کوەیت، سیاسەتوانانی عەرەبیان هان دا بۆ پەنابردنە بەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ناتۆ.

باڵویزی فەلەستینی یەکێتی سوڤیەتی پێشوو لە درێژەدا بیری هێنایەوە: ئەوکات ئەمریکا وەڵامی داخوازیی یارمەتیی وڵاتانی عەرەبی دەداتەوە و بۆ شکست دانی حکوومەتی عێراقی دەست پەروەردەی خۆی بە جیهازاتی جۆراوجۆری سەربازی و سیستەمگەلی پەیوەندیی پێشکەوتە هەنگاو دەنێتە ناوچە. پێنتاگۆن لەوساوە پردێکی ئاسمانیی بە سەر رۆژهەلاتی ناڤیندا کێشا و لە ژێر ناوی ئازاد کردنەوەی کوەیت، گەورەترین ئۆپەراسیۆنی ستراتژیکی دوای شەڕی ڤیەتنامی هەڵگیرساند.

شاعیر جەختی کرد: ئامانج لەو هەنگاوە لە پلەی یەکەمدا پەرەدان بە بنکەگەلی سەربازی لە رۆژهەڵاتی ناڤین بۆ ئاسانکاری لە بەردەم ڕاسپاردەکانی پەیمانی ناتۆ و جێگرکردنی هێزەکانی بە تایبەت هێزی دەریایی لەو ناوچە بە تایبەتی و لە باشووری ئاسیا بە گشتی بوو، ئەوە لە کاتێکدایە کە ئامادەبوونی ئەو هێزانە لە وڵاتانی عەرەبیی کەنداوی فارس لە دەرەوەی ڕێککەوتنەکانە. ئامانجی دووهەم لەو کارە دادۆشینی گیرفانی وڵاتانی عەرەبی بوو؛ لێرەدا وڵاتانی عەرەبی و لە سەرووی هەموویانەوە وڵاتانی بەستێنی کەنداوی فارس لە ماوەی ٥ ساڵی رابردوو ئاستێکی بەربڵاوی چەک و چۆڵی سەربازیان کڕیوە کە نزیکەی لە سەدا ١٨ی کۆی بەرهەمە جەنگییە سەربازییەکانی جیهان بە بایەخی زیاتر لە سەدان ملیارد دۆلارە. پێنتاگۆن بە پڕچەککردنی وڵاتانی عەرەبی بەستێنی کەنداوی فارس، وەک هێزی پشتگیریی شەڕ لێیان دەڕوانێ کە لە کاتی شەڕ و پێکدادان بەهرەیان لێ ببات.

ناوبراو لە درێژەدا ئاماژەی بە هەواڵێکی بلاوکراوەی ناوەندی (Task and Purpose) لە بەراوری ١٧ی مارچی ٢٠١٩ لەبارەی تەشەنەسەندنی دۆخی رۆژهەڵاتی ناڤین کرد و ڕایگەیاند: ئەو هەواڵە نیشان دەدا کە پێنتاگۆن داوای گۆژمەیەکی زیادیی بۆ بەرهەم هێنانی مووشەکی زەوی بە زەوی بۆ کردنە ئامانجی ڕووسیا و چین کردووە کە بڕیارە لە وڵاتانی عەرەبیی کەنداوی فارسدا جێگر بکرێن. دیارە وڵاتانی عەرەبی بە پێدانی مۆڵەتی ئەو کارە، بە شێوەیەکی زێدەڕۆیانە ڕێ خۆش دەکەن بۆ سەرگرتنی پلانەکانی ناتۆ و دابین کردنی پێداویستیی ماڵیان. واتە بە خەرج کردنی ملیاردەها دۆلار بۆ کڕینی چەک و چۆڵی رۆژئاوایی و کردنەوەی بنکەگەلی سەربازیی ناتۆ لە وڵاتانی خۆیان، بە شێوەی ئۆتۆماتیک دژی بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا و ئاسایشی مسکۆ دەوەستن.

بەرپرسی پێشووی فەلەستینی جەختیشی کرد: ئەو کارە لەمڕۆدا و بە تایبەت دوای کشانەوەی ئەمریکا لە پەیمانی قەدەغەی بە کارهێنانی مووشەکگەلی کورتەمەودا و درێژمەودا و تەشەنەسەندنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ڕووسیا و هەروەها کشانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی ئێران، هەڵگری بارێکی مانایی گرینگترە. ئەوە لە کاتێکدایە کە لەم دواییەدا ئاشکرا بووە کە ناتۆ لە خاکی وڵاتانی عەرەبی خەریکی پەروەردە و ڕاهێنانی تیرۆریزم بۆ شەڕی سووریا بووە و ئەگەر هاوپەیمانانی سووریا وەلامی داخوازیی فەرمی حکوومەتی یاسایی دیمەشق‌یان نەدەداوە، بێ گومان ئەو تیرۆریستانە کە ژمارەیان زیاتر لە ١٠٠ هەزار چەکدارە تا ئێستا توانیبوویان تەواو رۆژهەڵاتی ناڤین و تەنانەت هەموو وڵاتانی عەرەبیی بەستێنی کەنداوی فارس بگرنە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان.

شاعیر ڕاشیگەیاند: بەوەشەوە هێشتا وڵاتانی عەرەبی دژی گەڕانەوەی سووریا بۆ ناو یەکێتی و کۆمکاریی وڵاتانی عەرەبین. ئەندامێتی سووریا لەو یەکێتییە لە ٨ ساڵی ڕابردووەوە هەڵپەسێردراوە. هاوکات گەمارۆکان لە دژی سووریا ئەو وڵاتەی کردۆتە شوێنی گەورەترین کارەساتی مرۆیی لە پاش شەڕی دووهەمی جیهانی. دیارە رۆژئاوا بە توندی گوشاری خستۆتە سەر یەکێتی عەرەبی هەتا تۆڵەی شکستی رۆژئاوا لە شەڕی داگیرکردنی سووریا و بە تاڵان بردنی سەرمایەکانی، لەو وڵاتە بکاتەوە.

ناوبراو لە درێژەدا ئاماژەی بە بڵاوبوونەوەی هەواڵێک لەبارەی هەوڵی عەرەبستان، بەحرەین، ئیمارات و میسر بۆ داگیرکردنی قەتەر لە زمانی وەزیری پێشووی وزەی قەتەر کرد و وتی: لە سەر ئەو بڕوایەم کە لێدوانەکانی عەبدوڵڵا بێن حەمەد عەتیە شتێکی دوور لە زەین نییە، چونکە وەک داگیرکرانی ٢٩ ساڵ لەوە پێشی کوەیت لە لایەن عێراقەوە، هێشتاش ئەو کێشە و چەنەبەرەکییە لە نێوان وڵاتانی عەرەبی کەنداوی فارسدا هەست پێ دەکردێت.

باڵویزی فەلەستینی یەکێتی سوڤیەتی پێشوو لە کۆتاییدا جەختی کرد: کێ لە شێواندن و تێکدانی پەیوەندیی نێوان وڵاتان بەهرەمەند دەبێت؟ لێرەدا جێی خۆیەتی هەمدیسان ئاور لەو تیۆرییە بدەمەوە کە ناوەندگەلی هەواڵگرانەی ئەمریکا و بەریتانیا بە یارمەتیی ئیسرائیل و دەست و دایرەکانی، لە پشتی تەواو ئەو پیلانانەن و ئامانجیان لەو کارە ئامادەکردنی وڵاتانی عەرەبی و ناوچە بۆ قبووڵ کردنی پلانی نوێی واشنتۆن لە ژێر ناوی چارەسەرکردنی کێشەی عەرەبی و ئیسرائیلی‌یە کە ترامپ بە "مامەڵەی سەدە" ناوی لێ دەبات.

News Code 26036

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 0 =