کەس ژن و منداڵی داعشیەکان وەرناگرێت/ چارەنوووسی ڕەشی بنەماڵەی تیرۆریستان

ژنان و منداڵانی داعشی دابڕاو لە مێرد و وەیشوومەی خەلافەت و دەوڵەت، لە ئۆردووگای هوول لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و لە دڵی شوێنێکی پڕ لە توندوتیژی و پرسیارگەلی بێ وەڵام بە تەنیا ماوەنەتەوە، بە بێ ئەوەی کەس وەریان بگرێت.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، کۆئێنتین سامرۆئیل هەواڵنێری بەشی جیهانی بی‌بی‌سی لە ڕاپۆرتێکدا نووسی: هەندێک لە دانیشتووانی ئۆردووگای هوول هێشتاش پابەندی باوەڕە دزێوەکانیان و تا دەگەنە ئێمە هاوار دەکەن: "شکست ناهێنین". ئەوانی‌ تر بە دوای رێگەی هەڵاتن بەرەو ماڵ و زێدی خۆیانن و لێمان دەپاڕێنەوە. کەچی تا گەیشتنی وەڵامی دەوڵەتانی رۆژئاوایی، منداڵانی ئەمان بەڕەوڕووی مەترسیی مەرگ و نەمانن.

ئۆممە سەلما ژنێکی بەلژیکی- مەغریبیە کە پێشتر پەرەستار بووە و لە ماوەی ٦ ساڵ ئەندامێتی لە ڕیزەکانی داعش وەک خۆی دەڵێت یارمەتیی ژنان و منداڵانی داوە، ئاماژەی بە پەچە ڕەشەکەی کرد و وتی: "من ئەوەم هەڵبژارد، چونکە لە بەلژیکا نەمدەتوانی ڕووبەند ببەستم".

لەمناوە ژنێک کە منداڵێکی سووتاوی پێیە هاوار دەکات: "چاوتان لێیە چیان بە سەر هێناوین" و مەبەستی هێزەکانی ئەمریکایە.

هوول وەیشوومەیە؛ ئۆردووگایەک بە دەفرایەتیی ١١ هەزار کەس کە ٧٠ هەزار کەسی لە خۆ گرتووە. لە سەردەمی تاریکی پاش ڕووخانی میلیشیاکانی داعشی، لە پڕدا جەماوەری ئۆردووگا زیادی کرد و ئێستا ڕووی لە تەقینەوە ناوە.

ئۆممە سەلما بە ئەسەف خواردن بۆ هێرشی تیرۆریستیی ساڵی ٢٠١٦ی داعش بۆ سەر برۆکسێل کە بووە هۆی کوژرانی ٣٢ کەس، لای وایە ئەو هێرشە پێویستی بە وەڵام دانەوە نییە. بەڵام خۆی بە قوربانی دەزانێ و لای وایە کە رۆژئاوا بە بۆردوومانی ئاسمانیی دوا بنکەی داعش لە باغۆز بۆتە هۆی چارەڕەشی و نەهامەتیان.

سەیر ئەوەیە ئۆممە سەلما جەنایەت و  توندوتیژیی داعشییەکانی لە بیر بردۆتەوە؛ جۆرێک هەڵبژاردن بۆ لە بیر بردنەوەی کارە تۆقێنەرەکان کە دەکرێ وەک فێڵی زەینی تیرۆریستان ناوی لێ ببەین.

ئەو ژنە "بەلژیکی- مەغریبی‌"یە دەڵێت: "نامەوێ باسی ئەو کارانەی مێردەکەم کردوویەتی  بکەم، من نازانم ئەو چی کردووە". ئەو کە هاوکات لە وڵاتێکی ئازاد و لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا ژیاوە، باش دەزانێ ژیان لە کامیاندا باشتر بووە. بەڵام کاتێک پشتی تێکردم و لێم دوور کەتەوە وتی: "تۆ مێشکت داخراوە".

تەنیا دوو حەوتە لە ئازاد کرانی باغۆز وەک دوا ناوچەی بندەستی داعش لە لایەن کوردەکانەوە تێدەپەڕێت. کوردەکان وردە وردە دەچنە پێش و بە ئاگربڕە یەک لە دوای یەکەکان رێگە دەدەن کە ژنان و منداڵان و برینداران دەرباز بن. فرۆکەگەلی هێزی هاوپەیمانی کە ببوونە هۆی کوژرانی هاووڵاتیانێکی زۆریان لە مووسڵ و ڕەقە، دوو پایتەختی پێشووی داعش، سەبارەت بە باغۆز هوشیارانەتر دەجووڵێنەوە.

منداڵانی قوربانی

کوڕێکی عێراقی کە لە شەڕ گەرابووەوە وتی: "لە رۆژێکدا لانی کەم ٢ هەزار کەس کوژران. داعش ئۆتۆمبیلەکانی لە ناو خێوەتی بنەماڵەکاندا حەشار دابوو. ئێمە دەمانزانی ئۆتۆمبیلەکان دەکرێنە ئامانج. داوامان لێکردن کە ئۆتۆمبیلەکانیان ببەن. بەڵام ئەو کارەیان نەکرد و تێکڕایان تەقاندنەوە".

بەڵام دوای کۆتایی شەڕ و بەر لە گەیشتنی هەواڵنێران و میدیاکان، تەرمەکان لە باغۆز کۆکرابوونەوە. پیاوانی داعشی تەنیا سەربازانی شەڕ نەبوون، بەڵکوو ژن و منداڵ و بنەماڵەیان لە گەڵدا بوو.

نوور یەکێکە لە قوربانیانی ئەو کارەساتە. گولەیەک گۆنای ئەو کچە شەش ساڵانەی پێکاوە و لە سەر تەختێک لە دەرمانگەی مانگی سووری ئەو ئۆردووگایە خەوێندراوە. ١٥ رۆژ لەو ڕووداوە تێدەپەڕێت و هیچ پێراگەیشتنێکی پزیشکی بۆ نەکراوە. گۆنای هەڵماساوە و ددانەکانی هەموو شکاون. ڕەنگە لە گەڵ ئێش راهاتبێت، چونکە تەنیا کاتێک دەجووڵیتەوە هاوار دەکات.

نوور
نوور کچی شەش ساڵانە

لە هوول‌دا زۆربەی بریندارانی شەڕ، منداڵان بوون. دایکی نوور کە خەڵکی تورکەمنستانە بە هۆی نەخۆشی خۆی ناگرێت و لەتر دەدات. مێردەکەیشی پێشتر کوژراوە. لەمناوە بە هۆی دۆخی نالەباری نوور، ڕەوانەی نەخۆشخانەیەک لە حەسەکە دەکرێت. شوێنی نوور بەتاڵە و چاوەروانی نەخۆشێکی دیکەیە.

بەڵام "ئەسما"ی شەش مانگە لاواز و وردیلە وەک بڵێی نەبێت، وابوو. زۆر کەمتر لە تەمەنی نیشان دەدا و تەنیا خوشکەکەی بە سەریەوەیە و ئەویش سەری داخستووە. لە دوا رۆژانی شەڕی داعش، بنەماڵەکەی هیچیان بۆ خواردن نەبووە و برسییەتییەکی زۆریان چێشتووە.

ئەسما

خەلافەتی ئاوارە

نزیکەی ١٦٩ منداڵ لە میانەی شەڕ و هەڵاتن لە باغۆز کوژراون، مناڵانێکی بێ تاوان. ئەوی ماوەتەوە مەترسیی نەخۆشیگەلی جۆراوجۆریان لە سەرە و مەترسییەکی گەورەتر لە ئارادایە کە وادیارە رۆژئاوا چاوپۆشی لێدەکات؛ ئەوان هێشتا لە ژێر سەرپەرەشتی باوک و دایکگەلی ڕادیکاڵ و توندڕەوی خۆیانن کە دزێوی و ڕق و قینیان نە تەنیا نەنیشتۆتەوە، بەڵکوو زیاتر و ڕوو لە پەرەسەندنە.

ئەوانەی زیندوو ماون بە شێوەی دەهەزار کەسی بە لۆری سەر ئاوەڵا لە ساراوە گواستراونەتە هوول. گوندەکانی هاوێری ئۆردووگا ئەو شوێاننەن کە سەردەمانێک داعش ژنانی دیلی ئێزدیی تێدا وەک کۆیلە فرۆشتووە. لە مەودایەکی نە زۆر دوورتر سەدان کەس لە شەڕڤانانی کورد لە هێرشێکی داعشدا کوژراون. هێشتاش ئاڵایەکی داعشی بە سەر قوتابخانەیەکی دوو نهۆمی لە گوندەوە دیارە کە لە بارانی بەهاری و تاوی هاویندا کاڵ بۆتەوە.

ئۆردووگا لە هاوێری ئەو گوندەدا هەڵکەوتووە. کەس حەز بەوەی لەو ئۆردووگایەدا ماوە، ناکات؛ دەوڵەتێکی چکۆلە، خەلیفەیەکی ئاوارە و مەترسییەکی ڕوو لە زیادبوون کە ئێستا لە خودی گوندەکە گەورەترە. هەندێک لە وڵاتان و لەوان ڕووسیا، عەرەبستانی سعوودی و مەغریب هاووڵاتیانی خۆیان وەرگرتووە. ئەمریکاش ژنێکی هاووڵاتیی وەرگرتووە. هوول هەمان شوێنیکە کە شەمیمە بەیگم، میرمنداڵی خەڵکی لەندەن سەرەتا تێیدا دەژیا و هەر لەوێ بوو کە زانی مافی هاووڵاتیی بەریتانیی لێستاندراوەتەوە. فەڕەنساش چەند کەس لە منداڵانی هەتیوی قبووڵ کردووە.

هێشتاش لە هوول ڕادیکاڵیزم هەست پێدەکرێت و ناکرێ خێرای دوای شەڕ لەباری کسانەوە یان پێداگری لە سەر باوەڕەکانیان داوەری بکرێت. 

ئایدیالۆژیایەکی ژاراوی

ژنانی بیانی لە بەشێکی جودا لە ئۆردووگادا و بە چاوەدێریی پاسەوانە چەکدارەکان ڕادەگیردرێن. ئایدیالۆژی و باوەڕیان زۆر ژاراوییە. ئێرە ئەو شوێنەیە کە بڕوامەندانی ڕاستەقینەی تێدا ڕادەگیردرێت. پاسەوانەکە برینی سەریی خۆی نیشان دەدا و دەڵێ: "دوێنی بەردێکیان داوە بە سەرمدا".

لە هاتنگەی ئۆردووگا، نایلۆنێک گوشتی مریشک فرێ دراوەتە ناو زبڵەکان. ژنان پاڵ بە یەکتری و حەسارە قوفڵ کراوەکەوە دەنێن و بۆ چوونە دەرێ تکا دەکەن. خەڵکانێکی لە وڵاتانی جۆراوجۆری وەک بەرازیل، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، مەغریب، سۆمالی و ...

ژنانی داعشییەکان

ژنانی رۆژئاوایی زۆر بە هوشیارییەوە قسە دەکەن. ئەوان دەترسن کە ژنان توندڕەوی ناو ئۆردووگا بیان بینن کە لە گەڵ پیاوی بیانی قسە دەکەن و هێرشیان بکەنە سەر. ئەگەر ڕوبەندیان هەڵگرن، هەندێک لە ژنان هێرشیان دەکەنە سەر و بۆ سزادان چادرەکانیان دەسووتێنن.

لێئۆنۆرا مسینگی ئەڵمانیی ١٩ ساڵە دەڵێت: "ژنانی توونسی و ڕووس لە هەمووان خراپترن". ئەو ئاماژە دەداتە دوو خێوتی بە کۆمەڵی گەورە و دەشڵیت: "ئەوان دوا کەسانێکن کە لە باغۆز هاتوونەتە دەر".

مسینگ کاتێک تەنیا ١٥ ساڵی بووە پەیوەستی داعش بووە، مانگێک دوای ئەو شەمیم بەیگمی ١٥ ساڵە و هاوڕێیانی دیکە لە بەریتانیاوە ڕوو لە سووریا دەکەن. مسینگ سێهەمین هاوسەری پیاوێکی داعشی بووە کە ئێستا دیلی شەڕڤانانی کوردە.

ئەو ژنە ئەڵمانییە تەواو پەشیمانە؛ پەشیمانییەک کە نە تەنیا دەرئەنجامی ئەو دۆخەیە کە تێیدایە، بەڵکوو وەک دەڵێت لەوەش پەشیمانە کە ئەو هەمووە ساڵە لە ناو داعشدا بووە.  

مسینگ ڕوونی دەکاتەوە: "شەش مانگ بوو کە هاتبوومە ناو داعش و داوام لە باوکم کرد کە یارمەتیم بدات و قاچاخچییەک بنێرت بۆ دەربازبوونم. ئەوان قاچاخچیان نارد، بەڵام پۆلیسی ئەمنیی داعش قاچاخچییەکەیان کوشت و منیان دەستگیر کرد، چونکە وێنەی منیان لە مۆبایلی کابرای قاچاخچیدا دۆزیبووەوە. یەکەمجار لە شاری ڕەقەدا خرامە زیندان و بۆ جاری دووهەم لە گوندی شەفا زیندانی کرام".

منداڵێکی دوو مانگەی کز و لاوازی بە باوشەوەیە؛ دووهەمین منداڵی کە لە باغۆزدا و لە جەرگەی شەڕدا لە دایک بووە.

دەشڵێت: "بە تەنیا منداڵەکەم هێناوەتە دونیا، نە پزیشکێکی لێ بوو و نە پەرەستارێک. مێردەکەم ناردە دەرێ، لە کاتێکدا دەگریام. دەزانن کە ژنان چۆن بیر دەکەنەوە، پێم وت بڕۆ و بگەڕێ. وتی ئێرە کەسی لێ نییە. بە تووڕەییەوە قیڕاندم بڕۆ بگەڕێ".

لێئۆنۆرا مسینگ

ئەو هێشتا هۆگری مێردی تیرۆریستیەتی و دەڵێ ئەگەر بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانەکەی ڕەوانەی ئەڵمانیا بکرێت، چاوەروانی دەبێ.

باسی مەرگی منداڵی شەمیمە بەیگم دەکات کە چۆن لە ئۆردووگا لە دایک بووە و دوای ٢٠ رۆژ مردووە. هەر دوو منداڵەکەی خۆی نەخۆشن، بەڵام ئەو پێی وایە منداڵەکانی هیچیان لێ نایە و چا دەبنەوە.

ماوەیەکی دواتر کەتیبەیەکی ئەمنی کە کەسانێکی رۆژئاوایان لە گەڵدا بوو، هاتن. مسینگ دەڵێت: "دەوڵەتی ئەڵمانیا دەیەوێ منداڵەکانم بۆ بەخێو کەن".

ڕەحم و بەزەیی تا چ ڕادەیەک؟

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا وتی کە بۆ دیپلۆماتەکانی بەریتانی سەفەر کردن بۆ سووریا پڕ مەترسییە، چونکە هیچ باڵوێز و باڵوێزخانەیەکی لێ نییە. هێشتا هیچ بڕیار و پلانێکیان بۆ گەڕاندنەوەی ژنان و منداڵان و زۆربەی ئەو کەسانەی مێردەکانیان کوژراوە یان مافی هاووڵاتێتی بەریتانیان لێ ستادراوەتەوە، نییە.

هەوری ڕەش ئاسمانی سەرمانی داگرتووە، دوو ژنی تووڕە لە زەوینی لماوییەوە ڕاست بەرەوڕووی ئێمە دێن. ئۆردووگای هوول بۆنێکی گەنیو دەدات و دۆخی تەندروستیی زۆر نالەبارە و بارانیش هیچ یارمەتیی دۆخەکە نادات. ژنەکان بە بێ ئەوەی هەڕەشە بکەن، لێمان دەپرسن کە مێردەکانیان لە کوێن و کەی ئازاد دەکرێن.

بێ گومان ئەوان بەمزووانە وەڵامی پرسیارەکانی خۆیان وەردەگرن، چونکە عێراق بڕیاری داوە کە پیاوانی خۆی بگەڕێنێتەوە. زیندانییە گرینگەکان پێشتر دەنێردرێنەوە و بێ گومان لەوێ لە سێدارە دەدرێن و ژنان و منداڵانیش دەنێردرێنەوە بۆ عێراق. ئۆردووگاکان ئامادە کراون، مەودایەکی زۆری لە گەڵ هوول نییە، تەنیا کەوتۆتە ئەودیوی عێراق.

ئەو کارە ڕەنگە هەندێک لە گوشار و سەخڵەتیی  ئەم ئۆردووگا کەم بکاتەوە، بەڵام پرسیاری هەمیشەیی هوول هەمبەر بە رۆژئاوا ئەوەیە کە "چەندە ڕەحم و بەزەییان

دەبێ لە بەرامبەر دوژمنێکدا هەبێ کە هیچ ڕەحم و بەزەییەک لە کاریاندا نەبووە؟ و ئێستا کە داعش لە ناو چووە، ژنان و منداڵان چیان بە سەردا دێت؟

News Code 26020

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 6 =