عەلی نەجەفی خۆشروودی لە لێدوانێک بۆ ئاژانسی هەواڵی مێهر سەبارەت بە دانیشتنی ئەوڕۆی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەکی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی ڕایگەیاند: لەو دانیشتنە بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوە دوا گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی دەرەکی و پلان و هەنگاوەکانی بەردەم دەزگای دیپلۆماسی وڵات تاوتوێ کرا.
وتەبێژی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەکی مەجلیس ڕاشیگەیاند: وەزیری دەرەوە پلانی شیمانەیی ئەمریکا بۆ تۆمارکردنی ناوی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆریستیی ئیدانە و جەختی کرد کە پلانی لەو چەشنە مەترسیی زۆری بە دواوەیە و ئەگەرچی ئێران بە دوای ناکۆکییەوە نەبووە و نییە، بەڵام لەو ئەگەرەدا ئێران وەڵامی بەرامبەر دەداتەوە بەو پلانەی ئەمریکا.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: لە دانیشتنەکەدا وەزیری دەرەوە سەبارەت بە هەوڵەکانی ئەو وەزارەتخانەیە و لەوان ناردنی یادداشتێک بۆ باڵوێزخانەی سویسرا لە تاران وەک پاریزەری بەرژەوەندییەکانی ئێران، دوا.
نەجەفی خۆشروودی وتیشی: زەریف هەروەها ڕەخنەی لە بەیاننامەی ئەم دواییەی گرووپی حەوت گرت و ئەو کارەی بە پێشێل کردنی بەرجام لە لایەن وڵاتانی ناو ڕێککەوتنەکە زانی.
وتەبێژی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەکی مەجلیس ئاماژەی بەوەش دا: سەرۆکی دەزگای دیپلۆماسی لەو دانیشتنەدا دیداری ئەم دواییە لە گەڵ بەرپرسانی عێراقیی مێژوویی وەسف کرد و ڕوانییە دەسکەوتەکانی ئەو دیدارە و لەوان جۆماڵ کردنی ئەلوەن، دەرکردنی ڤیزای خۆڕایی لە پەیوەندییەکانی دوو وڵات و هەوڵ بۆ پەرەدان بە پەیوەندیگەلی ئابووریی نیوان ئێران و عێراق.
ناوبراو لە کۆتاییدا ڕوونی کردەوە: لە دانیشتنەکەدا زەروورەتی تۆکمە کردنی دیپلۆماسیی ئابووری و وەبەرهێنانی دەفرایەتی پەیوەندیی دراوسێتی، هەنگاوی پێشگرانەی ئەمریکا لە بەردەم گەیشتنی یارمەتیی مرۆڤدۆستانە بە لافاولێدراوانی وڵات، تیرۆریزمی ئابووریی ئەمریکا، دوا هەلومەرجەکانی ئینستێکس و پلانی مەجلیس بۆ بە تیرۆریست ناسرانی هیزی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەدا لە ئەگەری بە تیرۆریست ناسرانی سوپا لە لایەن ئەمریکاوە خرایە بەر باس و تاوتوێ کرا.
Your Comment