به ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر لە یۆرۆئەکتیڤ، جیمز جێفری، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا وتی کە یەکپارچەیی سووریا بەلایانەوە گرنگ نییە.
ئەو زیادی کرد: کێ سووریای پارچە پارچە کرد، دەوڵەتی سووریا بە هاوڕێی ئێران و ڕووسیا ئەم کارەیان کرد، ئێستە ئێمە هەرچێک لە دەستمان بێت هەوڵ دەدەین سووریا لەوە زیاتر پارچە پارچە نەبێت و هەر ئەمەش بەسە. ئەمریکا ساڵی ۲۰۰٦ بەشداری ئاوەدان کردنەوەی لوبنانی دا و خۆشم بەشداری ئەم کارە بووم، بەڵام بڕوانن ئێستە لوبنان لە ژێر دەستی ئێرانە.
جێفری سەبارەت بە بەشداری نەکردنی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی تورکیا وتی: ئەنقەرە بانگهێشتی ئەمریکای نەکرد، بەڵام لەگەڵ هاوپەیمانەکانی خۆمان ڕاوێژمان کردووە و لە ئەنجامەکەی ڕازین. ئەمریکا بە ۲ هەزار سەربازەوە بەشداری گرنگی سووریای کردووە و شەڕی سووریا دەبێت چی دیکە کۆتایی پێ بێت.
ئەو سەبارەت بەسووریا وتی: هێزەکانی دەمیشق کۆنترۆڵی ٦۰ لە سەدی سووریایان لە دەستە و نیوەی خەڵکی سووریا کۆنترۆڵ دەکەن بەڵام هیچ کێڵگەیەکی نەوتی و گازی لە ژێر دەستدا نییە و لە نیوەکەی دیکەش هێزەکانی ئەمریکا و تورکیا و هاوپەیمانەکانی جێگیرن.
نوێنەری ئەمریکا بۆ سووریا جەختی کرد کە دەست پێ کردنی پڕۆسەی ئاوەدان کردنەوەی سووریا بێ پڕۆسەی سیاسی سەقامگیر ناکرێت کە دەبێت یاسای نوێی ئەم وڵاتە و هەڵبژاردنی ئازاد بە چاودێڕی نەتەوە یەکگرتووەکان لەخۆ بگرێت.
Your Comment