بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەهرام قاسمی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کاردانەوە بە وتەکانی کاربەدەستانی ئەمریکی کە ھاوکاتی ھەڕەشە و گوڕەشە، باسی دانوستان لە گەڵ ئێران دەکەن، وتی: ئەمریکا با بزانێ کە چاخی ئێستا سەردەمی پاوانخوازی، زاڵیەتی و ڕوانینی یەک لایەنە نییە.
قاسمی وێڕای پێداگری لە سەر ئەوەی کە ھیچ متمانەیەک بە قسە و کرداری بەرپرسانی ئەمریکی لە بابەتی دانوستان ناکرێت، جەختی کرد: بەرپرسانی ئەمریکی بیر لە دانوستانی یەک لایەنە و سەرچاوەگرتوو لە پاوانخوازی و ھەڕەشەوگوڕەشە لەگەڵ ئێران بۆ ھەمیشە لەبیر بەرنەوە و بە تەمای دووپات کردنەوەی ئەزموونە کۆن و شکست خواردووەکانی ڕابردوویان نەبن.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی وتیشی: گەلی چاونەترس، خاوەن شارستانییەت و مێژووسازی ئێران بە درێژایی مێژووی پڕ لە شانازیی خۆی بە قۆستنەوەی فەرهەنگی دەوڵەمەند، وریایی و ژیری، لە کاتی خۆیدا ھەڕەشەی بە ھەڕشە و ڕێزگرتنی بە ڕێزگرتن وەڵام داوەتەوە و قەت لە بەرامبەر پاوانخوازی و گوشار و زێدەخوازی، هێژمۆنیا و گوشار بۆ ساتێک لە بەرگری و پاراستنی مافی گەلەکەی، سەروەریی خاک و سەربەخۆیی ئێران نەوەستاوە و ناوەستێت.
نابراو ڕوو لە بەرپرسانی دەوڵەتی ترامپ، ڕاگەیاند: ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبێ زیاتر لە جاران بزانێت کە جیهانی ئێستا و سەردەمی ئەمڕۆ، سەردەمی خۆداسەپاندن و هێژمۆنی و تاک لایەنخوازی نییە. ئاوردانەوەیەک لە ڕای گشتی جیهانی و وێناکرانی دزێوانەی ئاکاری دەوڵەتی ئەمریکا لە گۆشەنیگای ئەوانەوە، نیشاندەری گۆڕان و ئاڵوگۆڕیی قووڵ و بنەمایی لە بواری نێودەولەتییە. ئەمریکا دەبێ پێگەی خۆی بناسێت و هەوڵی زیاتر بدات بۆ ناسینی پێگە و ئاستی خۆی هەمبەر بە ئێران.
شایانی باسە، نیکی ھیلی نوێنەری ئەمریکا لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان دووشەممەی ڕابردوو لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێن-ی ئەە وڵاتە، دوای تۆمەتبار کردنی ئێران بەوەی کە واژۆکەرانی ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجامی لە ھەنگاوەکانی داھاتووی خۆی ترساندووە، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دانوستان لەبارەی ڕێککەوتنێکی ناڤۆکیی نوی لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند.
Your Comment