AP ١٣٩٧ پووشپەڕ ٢٢ ٠٩:٥٠

ڕاپۆرتی تایبەتی مێهر؛

مانشێتی کوردی رۆژنامەکانی ئێران بۆ کارەساتەکەی سنە

مانشێتی کوردی رۆژنامەکانی ئێران بۆ کارەساتەکەی سنە

میدیا و رۆژنامەگەلی ئێرانی بە مانشێتی جۆاروجۆرەوە هەوڵیان دا باڕستای خەمی ڕووداوی دڵتەزێنی تەقینەوەی تانکەری سووتەمەنی و سووتانی پاسی سنەیی و موسافیرەکانی بنوێنن و تەنانەت هەندێک لە رۆژنامەکان ئەو هاوخەمییەیان بە مانێشتی کوردی هێنایە سەر لاپەڕەی یەکەمی خۆیان.

ئاژانسی هەواڵی مێهر- بەشی کوردی: کاتژمێر ٢٤:١٠ خولەکی نیوەشەوی سێ‌شەممە تانکەرێکی هەڵگری مادەی سووتەمەنی بە هۆی بڕینی تورمز لە شەقامی حسێنی سنە خۆی دا بە هەنگەڵی پاسی سنە – تاران و ئاگری تەقینەوەی تانکەرەکە کارەساتێکی گەورەی مرۆیی لێ کەوتەوە. زەبەری تەقینەوەی تانکەرەکە بە ڕادەیەک بوو کە تەنانەت چەند ئۆتۆمبیلێکی هاوێری ئەو ڕووداوە لە ئاگرێکدا گلان کە بە گوێرەی ڕاگەیاندنەکان تا ٥٠ مەتر تەنوورەی دەکێشا.

دڵتەزێن بوونی ڕووداوەکە دڵی هەمووانی بە ژان هێنا و خەڵکی لە چکۆلە و گەورە، لە بەرپرس و سەرۆک کۆمار، لە کوردستان و جێ جێی ئێران پرسە و هاوخەمی خۆیان بۆ قوربانیانی ئەو ڕووداوە دەردەبڕن و پارێزگاری کوردستان بەو بۆنەیە سێ رۆژ ماتەمینی لە ناوچەدا ڕاگەیاند.

لەمناوە میدیا و رۆژنامەگەلی ئێرانی بە مانشێتی جۆاروجۆرەوە هەوڵیان دا باڕستای ئەو خەمە بنوێنن و ئەوی لە خوارەوە دەیخوێننەوە گوڵبژێرێکە لە ڕاپۆرت و مانشێتی رۆژی پێنج شەممەی رۆژنامەکانی ئێران:

واوەیلا سووتان

ئەوە مانشێتی رۆژنامەی "قانون"ـه کە ڕێک بە زمانی کوردی هەوڵ دەدا هەمان هاوارێک بکاتە مانشێت کە کەسێک لە دوای تەقینەوەکە و پاش ئەوەی لە بوونی موسافیرانی لێقەوماو لە ناو پاسەکە ئاگادار بووە، هەڵیدەبڕێ. قانون لە ڕاپۆرتەکەیدا هەوڵ دەدا فوکوس بکاتە سەر کاتی کارەسات؛ کاتێک کە ئاگر ٥٠ مەتر تەنورەی کێشاوە و کەس بۆ فریاکەوتنی موسافیرانی یەخسیری ناو ئاگر چی لە دەست نایەت.

پاش ئەم فوکوسە ڕاپۆرتی قانون فلاش بەکێک لێ دەداتەوە بۆ ڕووداو و کارەساتە هاوشێوەکانی دیکەی تەقینەوە و وەرگەڕانی تانکەری سووتەمەنی لە جادەکانی کوردستان و بە داکۆکی لە وەستاندنی ڕەوتی هاتوچۆی ئەو تانکەرانە کە لە عێراقەوە بەرەو کوردستان دێن، دەنووسێت: جگە لە نەبوونی کۆنتڕۆڵ بە سەر هاتوچۆی تانکەرەکانی سووتەمەنی لە کوردستان، دۆخی نەگونجاوی جادە و رێگەکانیش داخێکی دیکەن کە بەرزبوونەوەی ڕووداوگەلی هاوتووچۆ و ڕێژەی مەرگی هاووڵاتیانی بە دواوەیە.

ئاگر و هیچی دیکە

رۆژنامەی "اعتماد" لە ڕپۆرتی خۆیدا دەڕوانێتە ئەو رێگەیەی کە تانکەرەکانی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ گەیشتن بە پارێزگا باشوورییەکانی ئێران دەیپێون و دەڵێت: لۆری و تانکەرەکانی سووتەمەنی کاتێ رێگە سەخلەت و ناستانداردەکانی مەریوان – سنە دەگرنەبەر بە هۆی سەرەوخواری و سەرەوژوورییە توندەکان بەردەوام ناچار لە تورمز گرتنن و ئەوە دەبێتە هۆی داخ بوونی لێنتەکان و پاش ئاڵۆزی لە سیستەمی تورمەزەکان. ئەنجامەکەشی کارەسات و تەقینەوەیەکە کە بۆ خەڵکی کوردستان بۆتە چیرۆکێکی چەند پاتە.

ئەو رۆژنامەیە تووڕەیی خەڵکی لە کاتوساتی ڕووداوەکە گرێ دەداتەوە بەو چیرۆکە وەیشوومە و دەشڵێت: کە پاسەکە تەقییەوە و کەسانێک لە پشت دەرگا داخراوەکانی پاسەکە و لە دۆزەخی سەرەڕۆیی بەرپرساندا سووتان و خەڵکی بینیان کە لەو دۆزەخەدا چیان لە دەست نایەت و تەنیا شایەدی سووتانی خۆشەویستان و هاووڵاتیانیان بوون، خەم و کەسەریان بە تووڕەیی گەڕا و بەڕووی کەمتەرخەمیی بەرپرساندا تەقییەوە؛ بەڕووی دۆخی نالەباری جادەکانیان. هەڵبەت تووڕەییەکە زۆری نەبرد و ئەو ئاگرەیان زوو کوژایەوە. بەڵام ئاگری دڵە سووتاوەکەیان بەوزووانە ناکوژێتەوە.

ئێران ماتەمباری سنە

رۆژنامەی "آرمان" ڕووداوی سووتانی پاسەکەی سنە لە درێژەی زنجیرە ڕووداوگەلی سووتان و ئاگرکەوتنەوەکانی ساڵی پار و ئەمساڵی ئێران و لەوان بینای پلاسکۆ و تەقینەوەی نەوتکێشی سانچی دەهێنێتەوە و باس لە دژوازییەک دەکات کە لە پەراوێزی ئەم ڕووداوانەدا خۆی مەلاس داوە و وەڵامێکی بۆ نییە. ئەوەی کە چۆن چۆنی دوو کەرەسەی گواستنەوە کە جیاوازیی بنەڕەتیان پێکەوە لە ناو جادەکانی شاردا پێک دەگەنەوە؛ ئەوەی کە چۆن تانکەری سووتەمەنی کە وەک بۆمبایەک رێگە دەبڕێت و ئەگەر بەڕێوەبەرییەک نەبێت، دەتوانێ ڕووداوێکی دڵتەزێن بخوڵقێنێت، لە ناوەڕاستی شار خۆ لە پاسێک دەکوتێت کە ئەزقەزا ئەویش لە جێی خۆی نییە.

ئارمان ئاماژە بە فەرمانی قەدەغەی هاتوچۆی شەوانەی تانکەرەکان لە لایەن فەرماندەی پۆلیسی رێگە و بانی وڵات دەکات و بیرمان دەخاتەوە کە ڕووداوەکە لە شوێنێکدا قەوماوە کە بەردەوام ڕووداوگەلی لەو چەشنە تێیدا ڕوو دەدات.

رۆژنامەکە لە درێژەدا باس لە دژوازی لە وەڵامی بەرپرسان هەمبەر بە چیەتی و کێیەتیی تانکەرەکە و شۆفیرەکەی دەکات و دەشڵێت: لە کاتێکدا کە ئەکبەر جەوهەری دادستێنی گشتی و شۆڕشی کوردستان تانکەرەکە بە ناوخۆیی دەزانێت و نکۆڵی لە عێراقی بوونی تانکەر و شۆفیر دەکات، فاتمە کاهی وتەبێژی کۆمپانیای نیشتمانی گواستنەوە و بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نەوتییەکان ئەو تانکەرە بە هی عێراق دەزانێت کە نەوتی کوورە بۆ بەندەر ئیمام دەگوازێتەوە.

کەس هیچی لە دەست نەدەهات

رۆژنامەی "شرق" لە ڕاپۆرتەکەیدا جەخت لە هۆشداری بەردەوامی پۆلیسی رێگە و بان سەبارەت بە نەبوونی ئیمەنیی پێویست لە لایەن نەوتکێشە عێراقییەکان کە لە مەریوانەوە دێنە ناو خاکی ئێران، دەکات و دەڵێت کە کەس ئەو هۆشدارانەی بە هەند وەرنەگرتووە.

ئەو رۆژنامەیە لە زمانی شایەدێکی نزیک دەگێڕێتەوە کە چۆن پاسەکان بۆ پڕ بوونەوە دەچنە ئەوبەری تەرمیناڵ و موسافیرانی رێبوار سوار دەکەن و کاتی ڕووداوەکە پاسەکە لە بەلواری دوکتۆر حسێنی و لە پشت ئۆتۆمبیلێکی وانێت ڕای دەگرێ و شاگردەکە بە دوای موسافیری رێبوار دەگەڕێت و ڕێک لەو کاتەدا تەقینەوەکە ڕوو دەدا.

شایەدی نزیک دەشگێڕێتەوە کە چۆن ئاگر تەنوورەی دەکێشا و موسافیرانی ناو پاسەکە بە زیندوویی دەسووتان. ئەگەرچی ئۆرژانس و ئاگرکوژێنەوە خۆیان زوو گەیاندە شوێنی ڕووداوەکە، بەڵام کەس چی لە دەست نەدەهات و "دڵنیام کەس لەو ئاگرەدا بە زیندوویی نەهاتە دەرێ".

بەژنە ئاگرینەکانی سنە

نیوەشەو بوو کە هەواڵێکی دڵتەزێن باڵی بە سەر تەواو هەواڵدەرییەکاندا کێشا و خەڵکی ئێران و کوردستان ئاوێتەی خەم و کەسەرێکی قووڵ بوون. ئەمانە دەسپێکی ڕاپۆرتی هەواڵنێری رۆژنامەی "ایران"ن بە مانشێتی سەرەوە، کە لە درێژەدا قسە لە کاردانەوەی خەڵکی و کەسایەتییە ناسراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و فەزاگەلی مەجازی بە کارەساتی سووتانی پاسەکەی سنە دەکات. ئەوەی کە چۆن خەڵکی خەم و کەسەری خۆیان بە دەق و شینگێری و پرسە و هاوخەمی و گەلێ جار بە تانە و ڕەخنە لە بەرپرسان و داکۆکی لە پرسی گرینگی ئاسایشی گیانی هاووڵاتیان دەردەبڕن و خوازیاری جێبەجێ کرانی هەنگاوگەلێکی پراتیکی بۆ کەم کردنەوەی ئەوە جۆرە ڕووداوانەن.  

ئەو رۆژنامە لە پەنای ڕاپۆرتی سەرەوە و ئاراستەکردنی هاوخەمی و بۆچوون و ڕەخنەی چەند کەس لە خەڵکی ماتەمباری ئێران، ڕاپۆرتێکی دیکەشی لەبارەی چیەتی و چۆنیەتیی ڕووداوەکە بڵاو کردۆتەوە.

تانکەری دۆزەخی

"آفتاب یزد" بیرمان دەخاتەوە کە چۆن رۆژمێری ئێران پڕ بووە لە رۆژە دڵتەزێنەکان؛ رۆژانێک کە هاووڵاتیان کەوتوونەتە ژێر زەختی هەموو جۆرە بەڵایەکی سروشتی و رۆژانە و ئێستاش رۆژی ٢٠ی پووشپەڕ سەرچڵی رۆژە تاڵەکانە؛ رۆژێک کە خەڵکی سنە شایەدی مەرگی جەرگبڕی موسافیرانی پاسی سنە – تاران بوون.

١١ گۆنی لە بری ١١ تەرم

"وطن امروز" لە زمانی وتەبێژی ئۆرژانسی وڵات لە کۆکردنەوەی پاشماوەی تەرمی قوربانیانی ڕووداوی ئاگرگرتنی پاسەکەی سنە، دەنووسێت: جگە لە ١١ قوربانیی ڕووداوەکە کە شوناسیان ڕوون بۆتەوە، ١١ گوونی لە پاشماوەی قوربانیان کۆکراوەتەوە کە بۆ ناسینەوەیان ڕادەستی پزیشکی یاسایی کراون.

ئەو رۆژنامەیە بە پشت بەستن بەو وتانە لای وایە کە ژمارەی کوژراوانی ڕووداوەکە لەوی ڕاگەیێندراوە زیاترە و تا کاتی ناسینەوەی DNAی ئەو ١١ گوونییە لە لایەن پزیشکی یاسایی و ڕاپۆرتی کۆتایی، ناکرێت لەبارەی ئاماری کوژراوان بڕیار بدرێت.

تەقینەوەکە دەروەستی بە سوپاوە نییە

"مردم سالاری" بە ئاماژە بە ڕەنگدانەوەی تەقینەوە و ئاگرگرتنی پاسەکەی سنە لە میدیاگەلی ناوخۆیی و دەرەکی و پەیامی سەرەخۆشیی بەرپرسانی باڵای وڵات و هەروەها بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، لە زمانی فەرمانداری شاری سنەوە دەنووسێت کە ئەو ڕووداوە بە پێچەوانەی پڕۆپاگەندەکان هیچ دەروەستی بە سوپای پاسدارانەوە نییە.

١١ مۆم لە جەرگەی ئاگردا

رۆژنامەی "شهروند" نووسی: تەقینەوەی نەوتکێشێکی دۆزەخی بە ١٨ هەزار لیتر مادەی سووتەمەنی بووە هۆی مەرگی ١١ موسافیری پاسێک لە گێژاوی دووکەڵ و ئاگردا. نووسیشی: تەنوورەی ئاگر کە تا مەودای ٦٠٠ مەتریی دەوروبەری خۆی تێوەگلاند، تەنانەت رێگەی بە هێزەکانی فریاکەوتن نەدا کە فریای قوربانیانی یەخسیربووی ناو پاسەکە بکەون و ئەوان لە دڵی کێوێک لە ئاگردا وەک مۆم سووتان.

بە وتەی ئەو رۆژنامەیە ئەگەرچی ٥٠ ئاگرکوژێنەوە بە ٢٠ دەزگا و ماشینەوە هەوڵی دامرکاندنی ئاگریان دەدا، بەڵام دووکاندارێک کە ڕووداوەکەی لە نزیکەوە بینیوە دەگێڕێتەوە  کە چۆن خەڵکی بەرەو دووکانەکەی ئەو ڕایان دەکرد و تینوو و پەشۆکاو داوای ئاویان لێ کردووە. ترس و ڕاچڵەکان گەروویانی وشک کردووە و هەموو سەر لێشێواو لە ئاستانی ئاگردا دەست و پایان ون کردووە. پاسەکە لە ئاگردا دەسووتا و کەس چی لە دەست نەدەهات.

تانکەری مەرگ

رۆژنامەی "خوراسان" بە مانشێتی سەرەوە ئەوی نەدیتراوە لە زمانی سایەدان دەیگێڕێتەوە و دەگێڕێتەوە کە چۆن شایەدێک لە گەڵ بنەماڵەکەی بە سواری مۆتۆرەوە لە مەودای ٥٠ مەتریی ڕووداوەکە ئەو کارەساتە هەژاندوویەتی و تەنیا ئەوەی لە دەست هاتووە کە بنەماڵەکەی خۆی لەو کارەساتە دوور خاتەوە.

شایەدەکە هێشتاش تەرمی سووتاو و پێکەوە لکاوی ژن و منداڵان لە بەرچاوە. شایەدەکە تەنیا شایەدی ڕووداوێک بووە کە لە کۆژاندنەوەی لە توانستی کەسدا نەبوو. ئەویش وەک زۆر کەسی دیکە تەنیا بە زیندوویی سووتانی موسافیرەکانی بینیوە، وەک هەموو شایەدەکانی دیکە! پاشان ئاگر کە کوژاوەتەوە ‌هێڵێکی قیریان بینیوە کە تا بەر دەرگای تەرمیناڵەکە چووە و پاسێک کە تەنیا چوارچێوەکەی ماوەتیەوە.

ئاگری کەمتەرخەمی

هەواڵنێری رۆژنامەی "همشهری" لە ڕاپۆرتی رۆژی پێنج شەممە ناگەشەسەندوویی و نەبوونی ئیمکاناتی پێویستی هاتوچۆ، بێ بەشی، کەمتەرخەمی بەرپرسان و پشتگوێ خستنی هۆشدارەکان بە هۆکارە سەرەکییەکانی ڕووداوی کاتژمێر ٢٤:١٠ خولەکی نیوەشەوی سێ‌شەممەی بەلواری دوکتۆر حسێنی شاری سنە دەزانێت. بەڵام ئەوی لەمناوە قرەبوو ناکرێتەوە، خەڵکێکن کە پاش ڕوداوەکە لە هۆڵی پزیشکی یاسایی چاوێکیان خوێنە و چاوێکیان فرمێسک و بە دوای خۆشەویستانیاندا دەگەڕێن.

هەواڵنێری ئەو رۆژنامە لە لابەلای ئەو خەڵکە کوڕە مامی پارسا ئەسلانی دەبینێ هاتبوو هەواڵی ئامۆزایەکی ٢٣ ساڵە بپرسێ کە نەیدەویست سەرباری ماڵێ بێ. پارسا کە کاری لە شارەکەی خۆی نەدۆزیبووەوە، ویستبووی ئەو شەوە بگاتە تاران و بە کرێکاری شان بداتە بەر مەعاشی خۆی.

هەمشەهری باس لەوەش دەکات کە چۆن هەواڵنێرانیش لەو خەومە بێبەش نەبوونە و فیلم هەڵگری دەنگ و ڕەنگی ناوەندی سنە لە کاتی تۆمار کردنی هەواڵی ڕووداوەکە نازانێت کە یەک لەو قوربانیانەی وێنەیان دەگرێت، خاڵۆزا و ژن براکەی خۆیەتی.

News ID 20210

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha