بە ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر، دوێنێ لە شاری قوروە منداڵێکی تەمەن ٨ ساڵ لە کاتی کایە کردن، کەوتە ناو گۆلی گەشتیاری بابا گوڕ گوڕ و پیاوێکی ٤٥ ساڵان لە خنکاندن ڕزگاری کرد، بەڵام بەداخەوە لە کاتی هاتنە دەرەوە لە گۆلەکە پێی خلیسکاوە و خۆی لە ناو گۆلەکە خنکا.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، منداڵە ٨ ساڵەکە ئەندامی بنەماڵەیەکی کرماشانی بووە کە بۆ گەشت و سەیران چوونەتە ناوچەکە، هەروەها پیاوە ڕزگارکەرەکە کە خۆی دواجار خنکاوە خەڵکی گوندێکی سەر بە شارۆچکەی دێولان لە پارێزگای کوردستان بووە.
ئیسماعیل مورادی، جێگری فەرمانداری قوروە لەمبارەوە بە مێهر وتی: کاری ڕزگارکردنی پیاوەکە چوار کاژمێری خەیاندووە، ئێمە دوای بیستنی ڕووداوەکە خێرا تیمە فریاگوزارییەکانمان بۆ ناوچەکە نارد.
ئەو زیادی کرد: ۳ تیمی فریا گوزاری سنە، قوروە و هەمەدان بەدەم ئەم ڕووداوەوە چوون، بەڵام دواجار تیمە فریا گوزارییەکان تەنیا توانیان تەرمی پیاوە ڕزگارکەرەکە بدۆزنەوە.
ئەم ڕووداوە لە حاڵێک دایە کە تاکوو ئێستە چەندین جار هۆشدار دراوە کە منداڵان نابێت بە دەور گۆلی گەشتیاری بابا گوڕ گوڕ یاری بکەن چون مەترسی نوقم بوونیان هەیە.
Your Comment