به ڕاپۆرتی ئاژانسی هه‌واڵی مێهر، دوای كۆبوونه‌وه‌كانی سێیه‌م و دواڕۆژی كۆنفرانسی ئاسایشی مۆنیخ له ئه‌ڵمانیا، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا باسی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كانی سێ ڕۆژی ڕابردوو له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای وڵاتانی جیاوازی جیهان و ڕه‌وشی ناوچه‌كه و عێراق و هه‌رێمی كوردستان كرد.
نێچیرڤان بارزانی سه‌ره‌تا له وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كانی له‌م سێ ڕۆژه‌دا و گفتوگۆكانی هه‌ولێر و به‌غدا، وتی: "كۆنفرانسی مۆنیخ ده‌رفه‌تێك بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه بتوانین كۆمه‌ڵێك دیدار لێره ئه‌نجام بده‌ین."
وتیشی: له مۆنیخدا له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، ماك ماسته‌ر ڕاوێژكاری ئاسایشی ئه‌مه‌ریكا، وه‌زیری به‌رگریی سوید و ئه‌ڵمانیا و كۆمه‌ڵێك له‌م وڵاتانه دیدار و گفتوگۆی ئه‌نجام داوه.
جه‌ختیشی کرد: "له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی باشمان هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه نییه كه بڵێین گه‌یشتووینه‌ته چاره‌سه‌ری هه‌موو كێشه‌كان، گرنگ ئه‌وه‌یه ئێستا ده‌رگای گفتوگۆ له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كراوه‌یه و بڕیار وایه كۆبوونه‌وه‌كانمان به‌رده‌وام بێت تاكو به لانی كه‌مه‌وه بتوانین به‌ر له هه‌ڵبژاردن هه‌ندێك له‌و كێشانه‌ی هه‌یه له ڕووی ته‌كنیكییه‌وه چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزینه‌وه، وه‌ك پرسی مووچه‌ی مووچه‌خۆران و كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كان و ئێمه به‌رده‌وام ده‌بین تاكو له‌گه‌ڵیان بگه‌ین به ئه‌نجام".
ده‌رباه‌ری كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ محه‌ممه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای كرد "له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێرانیش له چوارچێوه‌ی ئه‌و باسانه‌ی كه له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه هه‌مانبوو، له‌گه‌ڵ ئێرانیش وه‌ك دراوسێیه‌كی ئێمه باسی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولامان كرد. وا بڕیار بوو له تاران یه‌كتر ببینین، به‌ڵام له‌وێ ده‌رفه‌ت نه‌بوو، بۆیه هه‌ر له‌وێ بڕیارماندا له مۆنیخ یه‌كتری ببینین".
سه‌باره‌ت به ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ جۆ بایدن جێگری سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا و هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، سه‌رۆكوه‌زیران ڕایگه‌یاند: " جۆ بایدن ئێستا هیچ وه‌زیفه‌یه‌كی نییه له‌ناو حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا، دیدارمان له‌گه‌ڵ جۆ بایدن وه‌ك دۆستێكی گه‌لی كورد بوو كه ده‌خوازن كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌ر بكات، هه‌روه‌ها خۆیشی نفووزی هه‌یه له‌ناو پارتی دیموكراتی ئه‌مه‌ریكا. ئێمه بارودۆخه‌كه‌مان بۆ شرۆڤه كرد و ئه‌ویش به‌ڵێنی دا له‌ناو پارتی دیموكراتی ئه‌مه‌ریكا ئه‌م كێشانه باس بكات و دووپاتی كرده‌وه كه وه‌ك پارتی دیموكراتی ئه‌مه‌ریكا یارمه‌تیده‌ر ده‌بن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا".
له وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه‌دا ده‌رباره‌ی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ چاره‌كردنی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستانی ده‌دات و له كاتی گهڕانهوهیشى خۆی لێ بێده‌نگ ده‌كات و ئایا هه‌رێمی كوردستان كارتی گوشاری هه‌یه؟.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌ی دا "كێشه‌ی نێوان ئێمه و به‌غدا به كارتی گوشار چاره نابێت، پێویسته كێشه‌كانی نێوانمان به‌پێی ده‌ستووری عێراق چاره بكرێن و ده‌ستووری عێراق ڕێگه‌چاره‌ی كێشه‌كانی داناوه و هیوادارین ئه‌و كێشانه‌ی نێوان ئێمه و به‌غدا له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا كه گه‌لانی عێراق ده‌نگیان بۆ داوه، چاره‌یان بۆ بدۆزرێنه‌وه. ئێمه تا ئێستایش به‌و هیوایه‌ین كه ده‌توانین چاره‌سه‌ره‌كان بدۆزینه‌وه".
سه‌باره‌ت به دۆخى عه‌فرینیش، نێچیرڤان بارزانی وتی: "بابه‌تی عه‌فرین بابه‌تێكی ئاڵۆزه و په‌یوه‌ندی به ژماره‌یه‌ك لایه‌نه‌وه هه‌یه، له‌وانه ئه‌مه‌ریكا، ڕووسیا، توركیا و ئێران و ئه‌م پرسه‌مان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز دیمستۆرا باس كرد و هیوادارین چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌م پرسه بدۆزرێته‌وه به شێوه‌یه‌ك خه‌ڵكی عه‌فرین له‌و پرسه‌دا زیان نه‌بینێت".
ده‌رباره‌ی به‌رده‌وامیى كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و چارهنهكردنیان، سه‌رۆكوه‌زیران ئاشكرای كرد: "له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم كێشه‌كان ئه‌وه‌نده گه‌وره بن نه‌توانرێ چاره‌سه‌ر بكرێن و ده‌توانرێ چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزینه‌وه ئه‌گه‌ر به‌غدا بێته پێشه‌وه. هه‌رێمی كوردستان زۆر جار دووپاتی كردۆته‌وه كه ده‌یه‌وێ كێشه‌كانی خۆی له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا چاره‌سه‌ر بكات و له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یشی به‌رده‌وام ده‌بێت".
سه‌باره‌ت به خوێندنه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی بۆ دۆخی هه‌رێمی كوردستان پێش و دوای كۆنفرانسی ئاسایشی مۆنیخ و كاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان، نێچیرڤان بارزانی ڕایگه‌یاند: "كاری ئێمه وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك پێشوو و ئه‌وه‌ی كه هه‌یه به‌رده‌وام ده‌بێت و، ئه‌وه‌ی گرینگه ئه‌وه‌یه ڕۆژی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دیاری ده‌كه‌ین دوای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان كۆبوونه‌وه و دیدار ده‌كه‌ین. "
جه‌ختیشی کرد که "كۆنفرانسی مونیخ و كۆنفرانسی داڤۆسیش ده‌رفه‌تێك بوو بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌و بۆمبهسته سیاسییه ده‌ربچێت، ئه‌وه‌ی ئێمه ئه‌مڕۆ خۆشبه‌خاته ده‌یبینین ئه‌وه‌یه كه له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی، هه‌رێمی كوردستان له‌و حاڵه‌ته‌ی بۆ مه‌به‌ستی دوای ڕیفراندۆم ده‌رچووه و وڵاتان هه‌ر وه‌كو جاران خوازیاری ئه‌وه‌ن كه په‌یوه‌ندییه‌كی به‌رده‌وامیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌بێت. پێموایه ئه‌مه ده‌ستكه‌وتێكی زۆر زۆر گرینگ بوو بۆ هه‌رێمی كوردستان وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی سیاسی له‌ناو عێراقدا و ئێستا په‌یوه‌ندیی باشی هه‌یه له‌گه‌ڵ هه‌موو وڵاتانی ده‌ره‌وه و هه‌رێمی. به‌شداریكردنمان له كۆنفرانسی داڤۆس، كۆنفرانسی مونیخ.''
هاوكات وتیشی: ''سه‌ردانی ئێمه بۆ ئه‌ڵمانیا، سه‌ردانمان بۆ لای قه‌داسه‌تی پاپای ڤاتیكان و بۆ فه‌ڕه‌نسا، ئه‌مانه هه‌موو یارمه‌تیده‌ر بوون بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕۆڵی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان له ده‌ره‌وه. ئه‌وه‌ی كه ئێستا ماوه و ده‌بێت كاری له‌سه‌ر بكه‌ین، ئه‌وه‌یه بتوانین كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا و كێشه‌كانی ناوخۆ له هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر بكه‌ین و بێگومان له‌مه‌ودوا فۆكسمان له‌سه‌ر ئه‌وانه ده‌بێت"
Your Comment