به ڕاپۆرتی ئاژسنی مێهر له ڕۆیترز، جه‌بار لوعه‌یبی وه‌زیری نه‌وتی عێراق ڕایگه‌یاند: به‌غدا به‌ڵێنی داوه ڕۆژانه ۶۰ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی که‌رکووک له‌گه‌ڵ نه‌وتی ئێران ئاڵ و گۆڕ بکات.
ئه‌و هه‌روه‌ها زیادی کرد: ئه‌م ڕێککه‌وتنه له لایه‌ن هه‌ر دوو وڵاته‌وه واژۆ کراوه و ئێران ڕۆژانه ۶۰ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی که‌رکووک وه‌رده‌گرێت و له جێگه‌ی ئه‌م بڕه نه‌وته، ۶۰ هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له که‌نداوی فارسه‌وه بۆ عێراق هه‌نارده ده‌کات.
له ڕاستیدا ئه‌م ڕێککه‌وتنه مۆڵه‌ت به عێراق ده‌دات تاکوو فرۆشتنی نه‌وتی که‌رکووک که له مانگی ئۆکتۆبه‌ر له ده‌ستی کورده‌کان گیرایه‌وه، ده‌ست پێبکاته‌وه.
لوعه‌یبی وتی: ڕۆژانه له نێوان ۳۰ بۆ ۶۰ هه‌زار نه‌وتی خاوی که‌رکووک له سنووری کرماشانه‌وه ڕاده‌ستی پاڵاوگه‌یه‌کی ئه‌م پارێزگایه ده‌که‌ین.
وه‌زیری نه‌وتی عێراق هه‌روه‌ها جه‌ختی کرد که هه‌ر دوو وڵات له دوای ئه‌وه‌ن تاکوو هه‌رچی زووتره بۆرییه‌کی نه‌وت له که‌رکووکه‌وه بۆ ئێران بکێشرێت و به‌ر به هات و چووی تانکره‌کان بگیردرێت.
ئه‌م بۆری نه‌وته ده‌توانێت جێگه‌ی بۆری نه‌وتی که‌رکووک - جه‌یحان له تورکیا بگرێته‌وه.
شایانی باسه که له ساڵی ۲۰۱۴ سوپای عێراق له که‌رکووک کشایه‌وه و هێزه کوردییه‌کان ڕێگه‌یان نه‌دا که داعش کێڵگه نه‌وتییه‌کانی که‌رکووک داگیر بکات، به‌ڵام دواجار به هۆی ڕیفراندۆم هه‌موو ئه‌م ناوچانه دوباره ڕاده‌ستی هێزه عێراقییه‌کان کرایه‌وه.
Your Comment