دوکتۆر ئەکبەر محەمەدی لە لێدوانێکی تایبەتی بۆ هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵی مێهر بە ئاماژە بە دۆخی ڕێگەوبانی پارێزگای کوردستان وتی: کوردستان لە بواری ڕێگەی نێوان شاری و گوندیی لە مامناوەندی وڵات لە دواترە و هێشتا هیچ شارەڕێیەک لەم پارێزگادا نەکراوەتەوە و لە بابەتی ڕێگەی گوندیشەوە، کوردستان لەسەدا 10 کەمتر لە ئاستی مامناوەندی وڵات پێشکەوتووە.
ناوبراو لەبارەی گرینگیی پڕۆژەی کۆریدۆری باکوور-ڕۆژئاواش ڕایگەیاند: ئەم ڕێگە پەیوەندییە لە بەندەر ئیمام تا سنووری بازرگان درێژەی هەیە و وەک یەکێک لە گەورەترین گەڵاڵە و پڕۆژە نیشتمانییەکانی ئێران، ڕۆڵێکی گرینگی لە بازرگانی و هاتووچۆی جادەییدا دەبێت و دەبێتە یەکێک لە هۆکارەکانی پێشکەوتنی کوردستان .
سەرۆکی ڕێکخراوی بەڕێوەبەری و پلانداڕێژیی کوردستان بە ئاماژە بە درێژایی ڕێگەی یەک هەزار و 500 کیلۆمەتریی ئەم کۆریدۆرە کە بە ناو پارێزگاکانی خوزستان، لۆرستان، کرماشان، کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژاوا تێدەپەڕێت، وتیشی: پشکی پارێزگای کوردستان لەو پڕۆژەیە 320 کیلۆمەترە و تا ئێستا لەسەدا 69ی تەواو بووە.
محەمەدی بە ئاماژە بە بەرزبوونەوەی بەرچاوی گۆژمەی ئەو پڕۆژەیە بە نیسبەتی ساڵی ڕابردوو، ڕاشیگەیاند: پڕۆژەی کۆریدۆری باکوور-ڕۆژئاوا گەورەترین پلانی ئاوەدانی پارێزگای کوردستانە کە بە بەرزکردنەوەی بەرچاوی گۆژمەکان، بەرەو تەواوبوون دەچێت.
Your Comment