بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، جێگری وەزیری کاروباری یاسایی و کاروباری نێودەوڵەتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەی لێژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمان جەختی لەوە کردەوە کە پیتاندنی ئۆرانیۆم هێڵی سوورە بۆ ئێران و هیچ دانوستانێک لەسەر پرسە ناوچەیی و مووشەکییەکان ئەنجام نادرێت.
ئیبراهیم ڕەزایی ڕایگەیاند: کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران بەڕێوەچوو. لە بەشی یەکەمی دیدارەکەی ئەمڕۆدا، غەریبابادی، جێگری وەزیری کاروباری یاسایی و کاروباری نێودەوڵەتیی وەزارەتی دەرەوە، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە چوارەمین خولی وتووێژی ناڕاستەوخۆی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشکەش کرد.
غەریب ئابادی ئاماژەی بە سێ خولی پێشووی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا کرد و وتی: لە خولی چوارەمی دانوستانەکاندا باسمان لە پرەنسیپ و پرسە گشتییەکان کرد. کۆمەڵێک پرس ورووژێنران. دانوستانەکان ناڕاستەوخۆ بوون و لە دانوستانەکاندا جەخت لەسەر هێڵە سوورەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کرایەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پیتاندنی ئۆرانیۆم هێڵی سووری ئێمەیە، هەروەها هیچ دانوستانێکمان نییە لەسەر پرسەکانی ناوچەکە و بەرگری و هێزی مووشەکی.
Your Comment