بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، لە ڕاپۆرتەکەی ناوەندی ئازادی ستۆکهۆڵمدا هاتووە کە جودا لە کەسایەتییە بەناوبانگە سیاسییەکان، هەزاران کەس لە تورکیا لە ژێر گوشار و لێپرسینەوەدان کە زۆربەیان بە بیانووی سووکایەتی بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە لە مەترسی کەوتنە زیندانن.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی پارتی بەرابەری و دیمۆکراسی گەلان یان دەم پارتی ، بەرپرسانی تورکیا لە ساڵی 2024 لانیکەم 3948 کەسیان دەستگیر کردووە و 632 کەسیان وەکوو بەشێک لە ڕەوتی چڕ کردنەوەی سەرکوتی ئەو پارتە و گرووپەکانی سەر بە ئەوان دەستگیر کردووە.
سەرکەوتنی پارتی جەهەپە لە هەڵبژاردنە خۆجەییەکان و پێشکەوتن لە ئاکەپە بۆ یەکەم جار دوای 47 ساڵ و هەروەها بەدەست هێنانی دوازدە شارەوانی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی و سێ پۆستی شارەوانی گەورەشاری تورکیا، حەوت شارەوانی ناوەندی پارێزگایی و 65 شارەوانی ناوچەکانی دیکە لەلایەن دەم پارتییەوە بووە هۆی پەلەقاژەی ئاکەپە بۆ تۆمەتدان لە ئەندامانی ئەو پارتە بۆ پێوەندی لەگەڵ تیرۆریزم و وەرگرتنەوەی پۆستەکان لە ئەو کەسانە.
هەروەها سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسکداغ هاوسەرۆکەکانی هەدەپەی پێشوو و دەم پارتی ئێستا سەرەڕای فەرمانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا ساڵی 2024یش هەر لە زیندان بوون.
دادگای پێداچوونەوە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا سزای 58 سیاسەتوانی کوردی بە تۆمەتی تیرۆریزم پشت ڕاست کردەوە.
هەروەها دادستێنەکانی تورکیا لێکۆڵینەوەگەلێکیان سەبارەت بە سێ شارەوانی ، لەوانە شارەوانییەکانی گەورەشارەکانی ئەستەنبۆڵ و ئەنقەرە کە لەلایەن شارەوانەکانی جەهەپەوە ئیدارە دەکرێن، بە تۆمەتی گەندەڵی و نەدانەوەی قەرەزەکانیان بە دەوڵەت دەست پێکرد.
دادگای باڵای تورکیا سزای زیندانی شارەوانی لەکار دوورخراوی کوردی پشت ڕاست کردەوە. دادگای باڵای پێداچوونەوەی تورکیا ، سزای نۆ ساڵ زیندانی بۆ سەلجوق میزراکلی، هاوشارەوانی پێشووی ئامەد کە لە ساڵی 2019 لە پۆستەکەی دوور خرایەوە و بە تۆمەتی هاوپەیوەند بە تیرۆریزم لێپرسینەوەی لێکرا، پشت ڕاست کردەوە.
هەروەها پۆلیسی تورکیا 340 کەسی لە ناڕەزایەتییەکانی سەرتاسەری تورکیا بە لەکار دوور خستنەوەی هەڵبژێردراوەکانی ئەوان لە شارەوانیەکان دەستگیر کرد.
بە پێی نووسراوی ناوەندی مافی مرۆڤی ئازادی ستۆکهۆڵم، ئەوانە بەشێک لە پێشێل کرانەکانی ئازادی بەیان و مافی مرۆڤ لە هاووڵاتیانی کورد و دژبەرانی سیاسی دەوڵەتی ئێستای تورکیایە کە لە ئەم ڕاپۆرتەشدا کورت کراوەتەوە.
Your Comment