بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، هەزاران کەس لە خەڵکی قوم بە بۆنەی یادی ساڵیادی ڕاپەڕین لە 19ی ڕێبەندانی 1356 بە ئامادەبوون لە حوسێنییەی ئیمام خومەینی لەگەڵ ڕێبەری شۆڕش کۆبوونەوە.
ئایەتوڵڵا خامنەیی لە دیدارەکەیدا لەگەڵ خەڵکی قوم باسی لە پلانی نەرمی دوژمن لە دژی نەتەوەی ئێران کرد و وتیان: ئەمڕۆ ئەرکی بنەڕەتی و گرینگ بۆ دامودەزگا بانگەشەیی و تەبلیغییەکانیمان دڕاندنی پەردەی وەهمی بەهێزیی دوژمنە.
ئایەتوڵڵا خامنەیی زیادیان کرد: کار و پیلانی نەرم پێکدێت لە درۆ، دانانی مەودایەک لە نێوان واقیع و بیر و خەیاڵی ڕای گشتی؛ تۆ بەهێزتر دەبیت، ئەو ڕیکلام دەکات کە لاوازتر دەبێت. خۆی خەریکە لاواز دەبێت، ڕیکلام دەکات کە بەهێزتر دەبێت. تۆ پتەو دەبیت و هەڕەشە کارناکاتە سەرت، دەڵێت "بە هەڕەشە لەناوت دەبەم". ئەمە ڕیکلامە. هەندێک کەسیش تووشی ئەم وەهمە دەبن.
ئاماژەشیان بەوەشکرد: ئەمڕۆ ئەرکی بنەڕەتی، ئەرکی گرنگ بۆ دەزگا بانگەشەیی و ڕۆشنبیرییەکانمان، وەزارەتی ئیرشاد، ڕادیۆ و تەلەفزیۆن، چالاکوانانی تۆڕی کۆمەڵایەتی، ئەرکی بنەڕەتی دڕاندنی پەردەی وەهم لە دەسەڵات و بەهێزیی دوژمنە. مەهێڵن پڕوپاگەندەی دوژمن کاریگەری لەسەر ڕای گشتی هەبێت.
وتیشیان: لە ماوەی ئەم چەند دەیەیەدا، ئەمریکییەکان زۆرجار لەبارەی پرسەکانی ئێرانەوە تووشی هەڵەی لێکدانەوەیی بوون. بەردەنگی قسەکانم زۆرتر ئەوانەن کە بە سیاسەتەکانی ئەمریکا دەترسێنرێن.
ئایەتوڵڵا خامنەیی لە وەڵامی هەندێ پرسیاردا کە دەڵێن بۆچی ئێران دانوستان لەگەڵ ئەوروپییەکان دەکات و پەیوەندی هەیە بەڵام ئامادە نییە پەیوەندی و دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بکات وتیان: ئێرە لە چنگی ئەمریکادا بوو( لە سەردەمی ڕژێمی شا ) کە چی لێیان سەندرایەوە، بۆیە کینەی ئەوان لە نیشتمان و شۆڕش، کینەی حوشترییە! بەو ئاسانییە وازی لێناهێنن. ئەمریکا لە ئێران شکستی هێناوە و هەوڵی قەرەبووکردنەوەی ئەم شکستە دەدات.
ئایەتوڵڵا خامنەیی جەختیان لەوە کردەوە: بەرخۆدان زیندووە و دەبێت بە زیندوویی بمێنێتەوە و دەبێت ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێزتر بێت و ئێمەش پشتیوانی بەرخۆدان، بەرخۆدانی غەززە، بەرخۆدانی کەرتی ڕۆژئاوا، بەرخۆدانی لوبنان، بەرخۆدانی یەمەن و لە هەموو شوێنێک دەکەین. ئێمە پشتگیریان دەکەین بۆ وەستانەوە و بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی زایۆنی.
Your Comment