بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک(هەسەدە) بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیێندراوێک لە کاردانەوە بە هێرش و هەڕەشەکانی تورکیا دژی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بەتایبەت کۆبانی، ڕایگەیاند: دەوڵەتی تورکیا بە کەڵکئاوەژوویی لە بۆشایی دەسەڵاتی سووریا و ڕاگواستنی ملیشیا پاڵپشتکراوەکانی بۆ مەنبەج و پەلاماردانی بەنداوی تەشرین و پردی قەرەقوزاق، ڕووی کردۆتە کۆبانی، کەچی هەموو هێرشەکانی لەماوەی ٥ ڕۆژی رابردوودا شکستی هێناوە.
هەسەدە لەو ڕاگەیێندراوەدا وێڕای هوشداردان بۆ نەوەستانی تورکیا و پلانداڕشتنی ئەنقەرە بۆ داگیرکردنی هەموو خاکی سووریا، جەختی کرد: کۆبانی یەکەم شوێنێکە کە داعش تێیدا بەزی و ئێستا بۆتە هێمای بەرخۆدان و بەرگری لە ئازادی و کەرامەتی مرۆڤی کورد، گەلانی ناوچە و ئاسایشی جیهانی لە بەرامبەر هەڕەشەی داعش.
فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک لە وەڵامی لێدوانی بەرپرسانی تورکیا بۆ کەوتنی کۆبانی، ڕاشیگەیاند: کۆبانی هەر وەک چۆن دەسپێکی شکستەکانی داعش بووە، دەبێتە کۆتایی ئەردۆغان و هێزەکانی و شەڕڤانانی ئازادیخواز و خەڵکی بەشەڕەفی کۆبانی وانەیەکی مێژوویی بە ئەردۆغان و هێزەکانی دەدەن.
Your Comment