AP ١٤٠٣ گەلاوێژ ١٢ ٠٩:١٥

چاودێرێکی سیاسی کورد لێکیدەداتەوە؛

ئامانجە شاراوەکانی ئیسڕائیل لە تیرۆری هەنیە لە تاران

ئامانجە شاراوەکانی ئیسڕائیل لە تیرۆری هەنیە لە تاران

"تیرۆری ئیسماعیل هەنیە لە نێو خاکی ئێراندا هەنگاوێکە بۆ ئەوەی ئێران بهێننە نێو جەنگەکەوە."

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی_ عوسمان گوڵپی: لە ڕابردوودا ململانێکانی نێوان ئەمریکاو دۆستەکانی لەگەڵ ئێران لە چوار چێوەی لاوازکردنی یەکتر بووە لە خاکی ئەوانیتردا، واتە ئەمریکا خواستی نەبووە راستەوخۆ جەنگ لەگەڵ ئێران بکات. ئەوەندەی ویستویەتی کە دەسەڵاتی ئێران لەدەرەوەی سنوری خۆی لاواز بکات. واتە دەسەڵاتەکانی لە چوار چێوەی سنووری جوگرافی ئێراندا بهێڵێتەوە، لە بەرامبەریشدا ئێران زۆر باش لەوە تێگەشتووە و دەزانێت خاڵی بەهێز  لە نێو سنووری جوگرافی خۆیدا نیە بەڵکوو لەدەرەوەی سنوورەکانەوەیە، هەربۆیە تەواوی تواناکانی لە فراوانکردنی هێزەکانی بەرەی مقاوەمە دا بەکارهێناوە  و ئێستا ئێران لەتەواوی جوگرافیای بەرەی مقاوەمەدا (عێراق، لوبنان، سوریە، یەمەن) لە هەمووکات بەهێزترە چ لە ڕووی سەربازی و چ لە ڕووی داراییەوە، ئەوە لە کاتێکدا ئێران لەژێرسزای هەمەجۆری ئابووری و سیاسی و سەربازیدایە.

هەربۆیە ئەو خواستەی لە ڕابردوودا هەبووە بۆ ئەوەی ئێران و ئەمریکا نەگەنە بەریەککەوتنی ڕاستەوخۆ و هەردوولاشیان کاریان بۆ کردووە و هەرکات گەشتبنە لێواری بەریەککەوتن ئەوا هەرزوو ڕێگاکانی بەریەك نەکەوتنیان گرتۆتەبەر و نێوەندگیرەکان ڕۆڵی خۆیان گێراوە بۆ لێکتێگەشتنی کاتی.

بەڵام ئاماژەکانی ئێستا جیاوازترن، هەرچەند تا ئێستاش مەیلی ئێران بۆ نەچوونی ڕاستەوخۆی بۆ نێو شەڕەکە بەردەوامە بەڵام ئەمە بۆ ئەمریکاو ئیسرائیل جیاوازترە و دوور نیە پلانیان بۆ خلیسکانی پێی ئێران دانابێ بۆ بردنی بۆ نێو جەنگەکە، چونکە ئەمریکاو ئیسرائیل تێگەشتن کە دوورە پەرێزی ئێران لە شەڕی ڕاستەوخۆ بەرەی مقاوەمە بەهێزتر دەکات و تواناکانی ئیسرائیل لاوازتردەکات، خەرجیەکانیش بەردەوام زیاتر دەبن، بۆیە تیرۆری ئیسماعیل هەنیە لە نێو خاکی ئێراندا هەنگاوێکە بۆ ئەوەی ئێران بهێننە نێو جەنگەکەوە.

لێرەدا وەستاوەتە سەر ئەوەی ئایا ئێران دەچێتە نێو جەنگەکە وەك ئەوەی ئیسرائیل و دۆستەکانی مەبەستیانە یان نەخێر شەڕەکە لە چوارچێوەی بەرەی مقاوەمەدا دەهێڵێتەوە و خۆی وەك پشتیوان و باوك دەمێنێتەوە، ئەگەرچی کوشتنی هەنییە لە پایتەختی ئێران وەك کوشتنی ڕۆڵەیەکە لە باوەشی باوکدا، کە ئێران لە هەموو کات زیاتر دەخاتە ژێر پرسیاری تۆڵەکردنەوە، کە ڕەنگە ویستی ئیسرائیل و ئەمریکاو دۆستەکانیان بێت ئێران وەڵامی جدی بداتەوە و ئەوانیش گورزێکی ڕاستەوخۆی ئاراستە بکەن.

News ID 51133

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha