AP ١٤٠٣ خاکەلێوە ٩ ١٣:١٨

ڕۆژەڤ؛

هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و ڕۆڵی کورد/ سیناریۆی 2019 دووپات دەبێتەوە؟

هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و ڕۆڵی کورد/ سیناریۆی 2019 دووپات دەبێتەوە؟

دەنگی کورد لە هەڵبژاردنی سەرۆک شارەوانییەکانی تورکیا هەموو کاتێک گرینگ بووە، بە تایبەت لە گەورە شارەکاندا.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی_ حەلیمە مەڵایی: هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا ڕۆژی 31ی مارس دەگاتە قۆناغی جێبەجێ کردن و بە بەشداریی زیاتر لە 61 میلیۆن دەنگدەر بۆ دیاری کردنی 1393 سەرۆک شارەوان و زیاتر لە 32 هەزار موختار گوند و ئەنجومەنی شارەوانی بەڕێوەدەچێت.

هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا هەر پێنج ساڵ جارێک بەڕێوەدەچێت و تێیدا سەرۆک شارەوان و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەکان لە هەموو شارە گەورە و بچووکەکانی تورکیا هەڵدەبژێردرێن.

ئەم هەڵبژاردنە بۆ حزبی حاکم و ئۆپۆزسیۆنی ئەم وڵاتە بە تایبەتی کوردەکان زۆر گرینگە. چونکوو حزبی حاکم واتا دادوگەشە، بە سەرکردایەتی ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیا، هەوڵ دەدات داهاتووی سیاسی خۆی پتەوتر بکاتەوە و سەرکەوتنی ساڵی ڕابردووی لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری دووبارە بنەخشێنێتەوە و ئۆپۆزسیۆنیش لە هەوڵدایە قەرەبوو شکستەکەی ساڵی پاری بکات و شوێن پەنجەی لە سیاسەتی وڵاتدا نەسڕدرێتەوە.

هەڵبژاردنی ڕابردووی شارەوانییەکانی تورکیا کە لە ساڵی ٢٠١٩ بەڕێوەچوو، سەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆن لە شارە گەورەکانی لێکەوتەوە، کە لە شارەکانی وەک ئەستەنبوڵ و ئەنقەرەی پایتەخت سەرکەوتنیان بەدەست هێنا. ئەم ئەنجامانە دوای هاتنە سەرکاری پارتی داد و گەشەپێدان لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە تا ئەمڕۆ لە وڵاتدا بێ وێنە بوو.

ئەگەرچی دواتر ئەردۆغان بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە زۆربەی سەرۆک شارەوانە کوردەکانی دەستبەسەر کرد و کەسی سەر بە حزبەکەی خۆی دانا و شارەوانییەکانی قۆرخ کرد، بەڵام لە گەورە شارەکاندا بۆ حزبەکەی ئەو هتر شکست دەهاتە ئەژمار.

هەڵوێستی کوردەکان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا

هەمیشە هەڵوێستی کوردەکانی تورکیا بە تایبەت سێکۆلارەکان بەو شێوە بووە کە لە گەورە شارەکاندا و لە نێوانیشیاندا ئەستەنبۆڵ و ئەنقەرەی پایتەخت کە ڕێژەی حەشیمەتی کوردی زۆرە، بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەنگ بە بەربژێری کورد یان بەربژێری ڕکابەری حزبی دەسەڵاتدار دەدەن. ئەگەرچی لە شارە کوردنشینە بچووکەکاندا ئەگەر بەربژێری کورد هەبێت، دەنگ بەو کوردە دەدەن.

کارناسان ئەمە وەک وەفایەک بۆ هەستی ناسیۆناڵیستی کوردەکانی تورکیا و زیاتریش وەک دژایەتییەکی ئەردۆغان و دەسەڵاتدارانی حاکم لەو وڵاتە، هەڵدەسەنگێنن.

ئەم شێوە دەنگدانە بە بەربژێری ڕکابەری حزبە حاکمەکان، تەنانات ئەگەر بۆ کورد خراپتریش بن لە دەسەڵاتدارانی فەرمی تورکیا، زیاتر لەو کاتەوە کە حزبی پارتی دادوگەشە واتە حزبەکەی ئەردۆغان هاتووەتە سەر دەسەڵات، لە ناو کورد دا زۆر زەق و بەرچاوترە.

بەڵام ئەمساڵ لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا لێکترازان و دووبەرەکی زیاتر لە نێوان کوردەکاندا هەیە و تووشی جۆرێک لە سەرلێشێواوی هاتوون.

ئێستا کە پارتی دیمۆکراتیکی گەلان هەڵوەشاوەتەوە و بەربژارانی کورد لە ژێر ناوی دەم پارتی بەشدار دەبن و لە سەر پرسی کورد لەو وڵاتە هەڵوێستیان دژبەیەکە. خەڵکی کوردی تورکیا بە تایبەتی لە ئەستەنبۆڵ، دوو بژاردەی سەرەکیان لە بەر دەستدایە.یەکەم دەتوانن دەنگ بە بەربژێری کورد بدەن و نوێنەری سەر بە دەم پارتی هەڵبژێرن کە ئەگەری لاوازە سەر کەوێت. یان دەتوانن وەکوو تاکتیکی هەمیشە دەنگ بە کاندیدی تورکی ڕکابەری ئەردۆغان و سەر بە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بدەن و ئەوان سەربخەن کە شانسیان زیاترە بۆ ئەوەی شکست بە ئەردۆغان بدەن.

هەردوو بژاردەکە خەسار و قازانجی خۆی هەیه. ئەگەر دەنگ بە کاندیدی کورد نەدەن، داهاتووی سیاسی حزبی کوردی دەم پارتی دەکەوێتە مەترسی و لاوازتر دەبێت و سەنگی لە تورکیا و ناوچەکە کەم دەکات. ئەگەر دەنگ بە کاندیدی کورد بدەن بە تایبەت لە ئەستەنبۆڵ و ئەنقەرە کە هەردوو شارەکە لە باری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە دڵ و مێشکی تورکیان، ئەگەری زۆر کەمە کاندیدی کورد سەرکەوێت لە بەر زۆر هۆکار کە لەو وتارەدا جێی باسی نییە.

ئەمە سەرەڕای ئەو ژمارە لە کوردەکانە کە هیوایان هێشتا بە ئەردۆغانە پرسی کورد لە تورکیا چارەسەر بکات. بە تایبەت کوردە ئیسلامگەراکانی تورکیا کە زۆربەی هەرە زۆریان لایەنگری بیری ئیسلامگەرایانەی ئەردۆغانن و دەنگ بە بەربژێری حزبی دادوگەشە دەدەن.

بە هەر حاڵ، دەنگی کوردەکانی تورکیا دەتوانێ سەنگێکی قورس بێت کە هاوکێشەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا یەکلایی بکاتە. حزبی حاکم یان ئۆپۆزسیۆن هەر کامەیان بتوانن دەنگی کوردەکان بۆ لای خۆیان ڕابکێشن لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا دا زیاترین دەنگ بەدەست دێنن. ئەگەر دواتر ئەردۆغان سیناریۆی ساڵی 2019 جێبەجێ نەکاتەوە و سەرۆک شارەوانی گەورەشارەکان بە تۆمەتی جۆراوجۆر ڕەوانەی زیندان نەکاتەوە و کەسانی نزیک لە حزبەکەی خۆی نەخاتە جێگایان.

News ID 49594

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha