بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، عەلی باپیر لە شاری هەولێر بەئامادەبونی ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا، پێشوازیی لە شاندێكی هاوپەیمانیی جیهانی بۆ سەرخستنی فەڵەستینو قودس بە سەرۆكایەتیی ئوسامە عەونی جێگری ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانییەكە كرد.
لەو دیدارەدا شاندی میوان بارودۆخی فەڵەستین پێش چالاكییەكانی حەوتی ئۆكتۆبەرو دوای ئەوبەروارەیان بۆ سەرۆكی كۆمەڵو ئامادەبوان باس كردو، ئاماژەیان بە پیلانی قەوارەی جولەكە كرد، كە چۆن پلانیان داناوە كۆتایی بە دۆزی فەڵەستینو هێزە بەرگرییكارەكان لەناوەو دەرەوە بهینن.
له راگهیهندراوهكهدا هاتووه، "شاندی میوان سوپاسی سەركردایەتیی كۆمەڵو تەواوی مسولمانانی كوردیان كرد، كە ماددییو مەعنەویی پشتیوانی فەڵەستینو غەززە بونو وتیان: هەر ئەوە لەنەوەكانی سەڵاحەددین چاوەڕوان دەكرێو هیواشیان خواست پشتیوانییەكان بەردەوام بێ".
لای خۆیەوە سەرۆكی كۆمەڵ باسی لهوهكردوه کە "دۆزی فەڵەستین تایبەت نییە تەنها بە عەرەبو فەڵەستینییەكان، بەڵكوو كێشەی تەواوی جیهانی ئیسلامەو بەرگرییكردن لە فەڵەستینو مزگەوتی ئەقسا بەشێكە لەبیروباوەڕمان".
عەلی باپیر وتیشی: "وێڕای زۆری ژمارەی شەهیدەكان، بەڵام ئەوەی هێزە بەرگرییكارەكانی فەڵەستین لە غەززە پێی هەستان سەری هەمو مسوڵمانێكی بەرز كردەوەو ئەوەی خۆی بە ئەهلی ئیسلام بزانێ بەو سەركەوتنانە دڵخۆش دەبێت.
Your Comment