AP ١٤٠٢ گەڵاڕێزان ٤ ١١:٠٦

ئەندامی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری بۆ مێهر:

ئێران هەمیشە پشتی ستەملێکراوی گرتووە؛ کاتێک کوردی عێراق و ئێستا فەلەستین

ئێران هەمیشە پشتی ستەملێکراوی گرتووە؛ کاتێک کوردی عێراق و ئێستا فەلەستین

"پشتیوانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە خەباتی ڕزگاری خوازی گەلی فەلەستین جێگەی سوپاس و پێزانینە وەک ئەو پشتیوانییەی لە خەباتی کورد کردی لە کاتی خۆیدا."

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: گەردەلوولی ئەقسا ناوی ئۆپراسیۆنێکی ورد و ستراتێژی بزووتنەوەی بەرخۆدانی ئیسلامی فەلەستین حەماسە کە ئێستا لە غەززەوە هەتا دوورترین شوێنی جیهان ناویان بیستووە.

ئۆپراسیۆنێک کە ژمارەیەک چەکداری فەلەستینی دوای 75 ساڵ داگیرکاریی رژێمی زایۆنی هەیمەنە و هەژموونی کارتۆنی و ساختەی زایۆنیستی لە جیهاندا شکاند.

بە کاتژمێرێک زیاتر لە 1000 جوولەکەی زایۆنی شارۆچکە نشین کوژران و ژمارەیەکی زۆر لە هێزی سەربازی و ئەمنیی ئیسرائیل لە لایەن حەماسەوە بەدیلگیران.

لە 15ی رەزبەر، واتا 7ی ئۆکتۆبەرەوە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە و رژێمی زایۆنی بە دڕندەیی هەمیشەیی خۆی تا ئێستا نزیک بە 7 هەزار فەلەستینی شەهید کردووە و زیاتر لە 2 میلیۆن کەس ئاوارەن جگە لە هەزاران بریندار.

ڕژێمی زایۆنی دەستی داوەتە کۆمەڵکوژی خەڵک لە فەلەستین بە تایبەتی لە کەرتی غەززە و بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە نەخۆشخانەیەکی لە غەززە بۆردومان کرد و‌لە چەند چرکەدا هەزار کەسی شەهید کرد.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە رێکخراوە جیهانییەکان و پاگەندەکارانی پاراستنی مافی مرۆڤ و زۆرێک لە دەوڵەتەکانی سەر بە ئەمریکا و هاوپەیمانی تلاڤیڤ بە چەواشەی ڕاستییەکان بەرانبەر ئەم وەحشیگەرییەی ئیسرائیل بێدەنگن تەنانەت هەندێ وڵاتی بە ناو ئیسلامیش پشتی ئیسرائیلیان گرتووە.

سەبارەت بەم شەڕەی فەلەستین و حەماس، هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵی مێهر لەگەڵ مامۆستا فارۆق عەلی ئەندامی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری کوردستان دیمانەیەکی ساز کردووە کە دەقەکەی لە خوارەوە بڵاو بووەتەوە.

ڕاتان سەبارەت بە هێرشەکەی ۷ی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر ڕژێمی زایۆنی و ئەو گورزە کوشندە کە لە ئیسرائیل درا و هیمەنەی کارتۆنی زایۆنیستی شکاند چییە ؟

دیارە ئەوەی لە حەوتی ئۆکتۆبەرا حەماس کردی سەلماندی کە هێزێک ئەگەرچی بچووک بێ بەڵام خۆی ئامادە کردبێت و ئامادەکاری تەواوی هەبووبێت و هەروەها پشتی بە خوا بەستبێت دەتوانێ سەر بکەوێ بە سەر هێزێکی گەورە کە دەوڵەتانی لە پشت بێت و بەردەوام پشتیوانی بکەن. ئەوەی حەماس کردی بۆ دۆست و دوژمن چاوەڕوان نەکراو بوو دیارە بە پلان کارەکەی کردبوو و لایەنی بەرامبەری بە شێوەیەک تووشی شۆک کرد کە بە ئێستاشەوە نەهاتۆتە سەر خۆی. سەرمێنەری ئەوەیە کە هێزی حەماس هێزێکی ئامادە کراوە بە توانای لۆجستیکی و بە توانای سەربازی و بە هەڵگریی عەقیدە و بیر و باوەڕێک کە لە پێناوی ئایینی خۆیە کە ئایینی پیرۆزی ئیسلامە لە پێناوی خاکی خۆیە کە فەلەستین و قودسە لە پێناوی هاووڵاتیەکانی کە عەرەبەکان و دانیشتووانی فەڵەستین و غەزەیە .

حەماس نیشانی داوە ئامادەییە هەموو قوربانییەک بدات و سەربەخۆییش دیارە بەبێ قوربانیدان دەستەبەر نابێت بۆیە ئەوەی کە حەماس کردی جێگەی خۆشحاڵی هەموو موسڵمانێکە و کەسێک کە موسڵمان بێ پێی خۆشە و ئەوەی کە پێی ناخۆشە بێ گومان جوولەکەیە و ئەو کەسانەن کە دۆستانی جوولەکەن

بێدەنگی جیهان و ڕێکخراوەی بە ناو مافی مرۆڤ بەرانبەر بە دڕندەیی و وەحشیگەری جوولەکەی زایۆنیست و کوشتوبڕی ئەو هەموو منداڵ و ژن و پیر و پەککەوتە چۆن هەڵدەسەنگێنن ؟

دیارە ئەوەی کە پێی دەوترێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەمانە جگە لە ناوێکی بێ ناوەرۆک جگە لە باڵەخانەیەک بۆ پەردەپۆشکردنی تاوانی زلهێزەکان و بۆ پشتیوانکردنی ستەمی ستەمکاران هیچ شتێکی دیکە نییە.

هەرگیز کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕاستی نەکردووە لە ڕاگەیەندراوەکانی و ڕاستی نەکردووە لە ئەو بنەمایانەی کە پێی دەوترێت بنەما گشتیەکانی مافی مرۆڤ. بە داخەوە ئەوەی کە دەیبینین ئێستا کە لە غەزە ڕوو دەدات لەسەر دەستی جوولەکە زایۆنیزمییەکان هیچ عەقڵێک کە قەناعەتی بە مرۆڤبوون هەبێ تەحەمولی ناکات نەک پشتیوانی بکا!.

بە داخەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و زلهێزەکان نەک ڕەخنە لە دەوڵەتی زایۆنیزم ناگرن بگرە پشتیوانیشی لێ دەکەن بۆیە جارنامەی مافی مرۆڤ و پاراستنی مافی مرۆڤ و مافی منداڵ و ژن و پەککەوتە و پیر و ئەمانە لای ئەو دەوڵەتانە جگە لە درۆیەکی شاخدار هیچی دیکە نییە. جگە لە مەرەکەبی سەر کاغەز هیچی دیکە نییە. ئەوەی کە ئێستا لە غەزە ڕوو دەدات و ئەوان چاوی خۆیانیان لێ نوقاندووە و گوێی خۆیان لێ کەڕ کردووە بگرە پشتیوانی داگیرکەرانیش دەکەن بۆیە ئەوە بۆ تەواوی جیهان دەسەلمێنێت کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و جارنامەی مافی مرۆڤ و هەمووی ئەو یاسایانەی کە ساڵەهای ساڵە باسی مافی مرۆڤ و مافی منداڵ و پەککەوتە و ژیانی خەڵکی چەوساوە دەکات هیچ نییە جگە لە درۆیەک کە ئێستا بۆ خۆشیان باوەڕی پێ ناکەن.

بۆچی حزبە حاکمەکانی هەرێمی کوردستان وەکوو پێویست پشتگیری ستەملێکراوانی فەلەستین ناکەن ؟ لەحاڵێکدا سەردەمانێک کوردی عێراق خۆی تامی زوڵم و ستەم و ئاوارەیی و کۆمەڵکوژی چێشتووە ؟ ئایا ئەم بێ هەڵوێستیەیان نیشانەی پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا و لۆبی جوولەکە نییە ؟

بە داخەوە لە هەرێمی کوردستانیش وەک زۆربەی دەوڵەتانی عەرەبی کە حیزب و پارتە سیاسیەکانی دەسەڵات و ئەوانەی کە دەسەڵاتیان بە دەستە و ئەو خانەوادە و خێزان و عائیلانەی کەوا دەسەڵاتداران کەمترین هەڵوێستیان نەنواندووە لە بەرانبەری ئەو زوڵم و ستەمەی کە لە بەرانبەری موسڵمانانی غەزە ئەنجام دەدرێت.

دیارە ئەوەی کە لە کوردستان بە داخەوە ئەبینرێت لە پارتە سیاسییەکان ؛ هەڵوێستیان زۆر لاوازە بە داخەوە نەک پشتیوانی لێقەوماوانی غەزە ناکەن هەندێ جار واش دەبینرێت کە حەماس بە تاوانبار بزانن بۆ هاوسۆزی کردن لەگەڵ زایۆنیزم کە چما حەماس دەستیپێشخستووە کە ئاگایان لەوە نییە ساڵەهای ساڵە ئیسرائیل خەڵکی فەلەستین دەچەوسێنێتەوە.

وەکوو چۆن بۆ خۆیان شاهێدن لە کوردستان کاتی خۆی ڕژێمی بەعس خاکیانی داگیر کردووە کیمیایی بە سەریاندا ڕژاندووە ئەنفالی کردوون قەتڵو عامی کردوون کاتێک خەباتیان دەکرد بەرانبەری ڕژێمی بەعس بۆ ئەوەی مافی چارەنووسی خۆیان دەست بکەوێت سەدامیش بە ئایەتی قورئانی پیرۆز ڕووبەڕوویان دەبوویەوە خەڵک ئاگای نەبوو کە گەلی کورد چ ستەمێکیان لێکراوە بۆیە خەبات دەکەن ئێستاش لەبری ئەوەی کە پشتیوانی لە لێقۆماوەیانی غەززە بکەن کە ئەمانیش خۆیان سەردەمانێک بووە لێیان قەوماوە و زوڵم و ستەمیان لێکراوە و ئاوارە بوون بە داخەوە هەندێ لە پەیامەکانیان هەندێ لە بەرپرسان وای لێ دەخوێندرێتەوە وای دەردەبردن کە هاوسۆزی بۆ زایۆنیزم دەرببڕن. کە ئەمە هەڵوێستێکی هەڵەیە .

هیوادارم بەو ئەنازەیەی کە لە ڕابردوو حزبەکانی هەرێمی کوردستان شەرعیەتیان بە خەباتی ڕزگاری خوازیی خۆیان داوە لە بەرانبەری ڕژێمی داگیرکاری بەعس هەمان شەرعیەت بدەنە فەڵەستینییەکان و بیدەنە حەماس کە بە هەمان مەبەست دەیەوێت ئەرز و خاکی خۆی لە ژێر چەپۆکی داگیرکاری دەوڵەتی زایۆنیزم ڕزگار بکات.

ئەگەر بۆ خۆیان مەشروع بووبێت کە مەشرووع بووە خەباتی ڕزگاری خوازی گەلی کورد لە عێراق و دژی سەددام و بەعس، دەبێ ئەو خەباتەش کەوا فەلەستینییەکان لە غەززە یان لە هەر بستە خاکێکی خۆیان ئەنجامی دەدەن دەبێ ئێمە هاوسۆز بین لەگەڵیان وە شەرعیەتی پێ بدەین وە پشتیوانییان بکەین.

ئێران پرسی فەلەستین بە پرسی ئوممەتی ئیسلام دەزانێ، سەبارەت بە پشتیوانی ئێران لە بەرخۆدانی فەلەستین ڕاتان چییە؟ ئێران پێشتر زۆر یارمەتی کوردی عێراقی داوە،بە مەزڵۆمیانی زانیوە و دەرگای یارمەتی بۆیان کردۆتەوە، ئێستا بۆ فەلەستین بۆچی دەخرێتە ژێر پرسیار؟

دیارە کێشەی فەڵەستین کە کێشەی گەورەی جیهانی ئیسلامە و تەنها فەلەستینییەکان وە عەرەب لێی بەر پرسیار نین.

ئەوە گوتاری هەموو موسڵمانێکە نەک تەنها دەوڵەتی ئێران و ئێرانییەکان. ئەوە پێویستە بەشێک بێ لە عەقیدەو بیر و باوەڕی هەموو موسڵمانێک کە کێشەی فەلەستین و قودس کێشەی گەورەی جیهانی ئیسلامە و پەیوەست نییە تەنها بە عەرەبەوە و پەیوەست نییە تەنها بە فەلەستینەوە و پەیوەست نییە تەنها بە حەماس و جیهاد و فەتح و ئەوانی ترەوە بەڵکوو کێشەی گەورەی جیهانی ئیسلامە و پێویستە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە گەورەیە تەواوی جیهانی ئیسلام ئەوەی خۆی بە موسڵمان دەزانێ هەڵوێست و مەوقفی هەبێت.

دیارە وەک لە پرسیارەکەی ئێوەدا هاتووە کۆماری ئیسلامی ئێران دروشمێکی هەبووە کە پشتیوانی لە هەموو موستەزعەف و چەوساوەیەکی جیهان بکات.لە ڕابردووە گومانی تێدا نییە کە پشتیوانی خەباتی چەکداری و شۆڕشی چەکداری کوردەکانی کردووە لە هەرێمی کوردستان و ئەمە کوردەکان پێی دەزانن و جێگەی سوپاسە. ئێستا کە هاوکاری و پشتیوانی گەلی فەڵەستین دەکا وەکوو چۆن بەرپرسانی فەلەستین بە حەماس و بە بزووتنەوەی جیهادیشەوە ئەمەیان ڕاگەیاندووە دیارە لە بەرانبەری ئەوەی کە جیهانی عەرەب وە دەوڵەتانی عەرەب دەرگایان داخستووە لەسەر حەماس و بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی لە فەلەستین؛ هەوڵەکانی ئێران جێگەی پێزانینی فەلەستینیەکانە و سوپاسیان کردووە ئەمەش بۆ خۆی ڕاستگۆییە لەو دروشمەی کە کاتی خۆی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرزی کردووەتەوە کە پشتیوانی موستەزعەفین و چەوساوەیانی جیهان بێ دەی گەلی فەلەستینیش یەکێکە لەو گەلانەی کەوا دەچەوسێنرێنەوە ئەرزوخاکیان داگیر کراوە قەتڵو عام دەکرێن بۆیە پشتیوانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە خەباتی ڕزگاری خوازی گەلی فەڵەستین جێگەی سوپاس و پێزانینە وەکو چۆن ئێمە لە ڕابردووە سوپاسو پێزانینمان کردووە کاتێک کە پشتیوانی لە خەباتی ڕزگاری خوازی گەلی کورد کردووە لە کاتی لێقەوماوان و لێقەومان و ئاوارەییان جێگەی کردوونەتەوە هاوکاری کردوون بە ئێستاشەوەتا ئەندازیەکی زۆر مەرزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کراوەتەوە بۆ کوردستان ئەگەر کرانەوەی مەرزەکان نەبووایە لەوانەیە لە بارودۆخێکی ناهەموارە کە ئێستا هەرێمی کوردستانی تیایە سەختتر و دژوارتر دەبوو.

News ID 47808

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha