AP ١٤٠١ گوڵان ٨ ٢١:١٤

کارناسێکی سیاسی کورد بۆ مێهر؛

لاوازی سیاسەت و ئیرادەی هەندێك وڵاتی عەرەبی وایكردووە ئیسرائیل زیاتر سوور بێ لەسەر ستەمەکەی

لاوازی سیاسەت و ئیرادەی هەندێك وڵاتی عەرەبی وایكردووە ئیسرائیل زیاتر سوور بێ لەسەر ستەمەکەی

کارناسێکی پرسە سیاسیەکانی ناوچەکە دەڵێت: لە ڕاستیدا قەزیەی فەلەستین و قودس تەنها قەزیەی ئایینی نیە و قەزیەکی مرۆڤیە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی- عوسمان گوڵپی: لە ڕاستیدا قەزیەی فەلەستین و قودس تەنها قەزیەی ئاینی نیە، وێڕای ئەوەی كە ڕووگەی یەكەمی موسڵمانانە و پێگەیەكی گەورەی بۆ ئوممەتی ئیسلامی هەیە، لە ڕووی ئینسانیشەوە قەزیەیەكی مرۆیی گەورەیە، چونكە لە هەر ڕوویەكەوە تەماشا بكرێت هەر دەبێت خەڵك لەگەڵ خەڵكی ستەم لێكراوی فەلەستین بێت، چ ئەوانەی موسڵمانن و وەك واجبێكی دینی دەبێت هاوخەم و هاوهەڵوێستی ئەهلی قودس بن، چ ئەوانەی مرۆڤانە بیردەكەنەوە و قەزیەی مرۆییان پێ گرنگە، ئەوانیش دەبێت هاوسۆزی قودس و فەلەستینیەكانبن چونكە ستەم لە خەڵكێك دەكرێت كەلەسەر خاك و ماڵی خۆیانن.

عوسمان گوڵپی وتیشی: بۆیە ئەوەی ئێستا و ڕابردووش رژێمی زایۆنی دەیكات كارێكە نە لە ئاینە ئاسمانیەكاندا جێی دەبێتەوە و نەلە یاسا مرۆییەكاندا، بەڵكو تەنها یەك پێناسە هەڵدەگرێت ئەویش درێژەدانە بە ستەمكاری و كوشتنی مرۆڤ و دەستدرێژیكردنە سەر ماڵ و موڵكەكەی.

لە ڕاستیدا پەیوەندی سیاسی وڵاتان لە نێوان خۆیاندا ئاساییە، بەڵام بۆ وڵاتانی عەرەبی بەبێ چارەسەركردنی پرسی فەلەستین و وەستاندنی هێرشەكان بۆسەری لەلایەن هەندێك وڵاتی عەرەبیەوە دەبێتە عەیبەیەكی مێژوویی بۆیان، چونكە وڵاتە عەرەبیەكان جگە لە ڕووە دینیەكە و مرۆییەكە فەلەستینیەكان هاوزمانیانن، دەبێت ڕازی نەبن بەبەرچاویانەوە ئاوا بكرێت لە فەلەستین، لا نیكەم مەرجی چارەسەركردنی پرسی قودس و فەلەستین بە قازانجی خەڵكەكەی بكەنە مەرجی ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانی خۆیان.

بۆیە بەڕای من لاوازی سیاسەت و ئیرادەی هەندێك وڵاتی عەرەبیە وایكردوە كە ئیسرائیل زیاتر سوربێ لەسەر كارە نا دروستەكانی، چونكە ئەوان نەك پشتیوانی فەلەستین نین بەڵكو بوونەتە بارگرانی بەسەر پرسی فەلەستین و خەڵكەكەیەوە

News ID 41739

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha