تەبرێز پێتەختی مێژوویی و سیحراوی ئێران

لە ئەم ڕاپۆرتەدا مەبەستمانە شوێنە گەشتیارییەکانی شاری تەبرێزی ناوەندی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵاتی بناسێنین.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، تەبرێز پێتەختی مێژوویی و گەورەترین شاری باکووری ڕۆژاوای ئێران و ناوەندی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵاتە. شارێکی گەورە و سەرسەوزە و کەشوهەوایەکی کوێستانی هەیە. لە شاری تەبرێز شوێنی گەشتیاری زۆر دەبینرێت لە بینای مێژووییەوە بگرە تا سروشتی بێ وێنەی ناوچەکە.

بەناوبانگترین شوێنە گەشتیارییەکانی ساری تەبرێز لە خوارەوە دێن:

بازاڕی گەورە، شوێنێکی مێژوویی و بەناوبانگی شاری تەبرێز

یەکێک لە باشترین شوێنەکان بۆ کەسێک لە سەردانی شاری تەبرێزی کردووە، بازاڕی گەورەی ئەو شارەیە. بازاڕی تەبرێز یەک کیلۆمەتری چوارگۆش ڕووبەریەتی و گەورەترین بازاڕی سەرپۆشراوی جیهانە. ئەو میراتە مێژووییە لە یۆنێسکۆش تۆماری جیهانی کراوە. بازاڕەکە لە سەردەمی کۆندا بەبۆنەی جێگیر بوونی لە سەر رێگای ئاورێشم لە باری بازرگانییەوە گرینگایەتی زۆر هەبووە. لە ناو بازاڕەکەدا قوتابخانە، مزگەوت و کاروانسەرای مێژوویی زۆر هەیە کە بە خشتە و گومەز و تاقی جوان چێ کراون و جوانکاریان بۆ کراوە.

مزگەوتی کەبوود(شین)یان مزگەوتی جەهانشا

مزگەوتی کەبوود یان شین لە کاتی دەسەڵاتداری ئەبو مزەفەر جەهانشا قەراقویونلو بە فەرمانی کچەکەی ساڵحە خانم لە سەدەی نۆهەمی کۆچی چێ کراوە. ئەو مزگەوتە لە بوومەلەرزەی ساڵی 1193 ی کۆچی مانگی خەساری زۆری بەرکەوت و دواتر وردە وردە ئاوەدان کراوەتەوە بەڵام هەر جوانی و شکۆی خۆی هەیە. ئەو بینا بە شێوەی بینای ئازەری یان تورکی چێ کراوە و دوو گومەزی سەرەکی یان گەورە و بچووکی هەیە و جگە لە ئەوانەش حەوت گومەزی بچووکی دیکەشی هەیە. لە سەر کاشییەکانی هێوانەکەی گوڵ و ڕەنگی شینی سەیر و سەرسوڕهێنەر دەبینرێت هەر بەو هۆیەشە کە ناوی مزگەوتە کەبوود یان شین نراوە. لە ناو مزگەوتەکەش هەموو جۆرە نووسینی جوان و هونەرمەندانەش دەبینرێت. بووژانەوە و ئاوەدان کردنەوەی کاشیکاری ناو و دەرەوەی مزگەوتە ئێستاش هەر درێژەی هەیە.

مزگەوتی گەورەی تەبرێز

ئەو بازاڕە لە کاتی چی کرانیەوە لە سەردەمی سەلجۆقییەکان، مزگەوتی گەورەی شاری تەبرێز بووە و لە دەوریشیدا بازاڕی تەبرێز چێ کراوە. کۆنترین بەشی ئەو مزگەوتە شەبستان (حەوشەیەکی میچدار)ێکی بەربڵاوە و کە تاق و گومەزگەلێک لەسەر کۆڵەکەی هەشت گۆشی خشتی کە بە گەچبڕی و بە شێوەی هونەرمەندانە جوانکاری بۆ کراوە. مزگەوتەکە لە سەردەمی ئێڵخانانی مغۆلیش سەرەنجی زۆری پێدراوە.

مۆزەخانەی ئازەربایجان

ئەو مۆزەخانە لە نزیکی مزگەوتی کەبوود هەڵکەوتووە. لە ساڵی 1307 ی کۆچی پیشانگایەک لە پارەی ئاسنی تەبرێز لەوێ بەڕێوە چوو و دوای ئەوە  و لە ساڵی   1337ئەو شوێنە کرایە مۆزەخانەی ئزەربایجان و لە ساڵی 1341 بیناکە کرایەوە. لەو مۆزەخانە 1200 شتی ئانتیکە هەیە کە ژمارەیەکی کەمیان نمایش دەکرێن. کۆنترینیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئاسن. مۆزەخانەی ئازەربایجان دووهەمین مۆزەخانەی کۆنی ئێران دوای مۆزەخانەی نەتەوەیی تارانە.

گۆڕستانی شاعیران(گۆڕستانی سووراو)

ناوی ئەو گۆڕستانە لە ئاسەواری نووسراوی پێش سەدەی هەشتەمی کۆچی دەبینرێت و لە گەڕەکێک بە ناوی سووراو چێ کراوە. بەهۆی کاول بوونەوەی گۆڕستانی شاعیران دوای بوومەلەرزەکانی ساڵی 1193 و 1194 ی کۆچی مانگی و بەهۆی نێژرانی ژمارەیەکی زۆر لە شاعیرانی گەورە لە ئەو گۆڕستانە، لە خەرمانانی ساڵی 1350 کێبڕکێیەک بۆ گەڵاڵەی بیانی بیرئانینەوەی گۆڕستانی شاعیران بەڕێوە چوو و دوای ماوەیەک پێشنیاری " غوڵامڕەزا فەرزان مهر" هەڵبژێردرا و کاری چێ کرانی ئەو بینا دەستی پێکرد. لە ئەو گۆڕستانە شاعیر و عارفی زۆر نێژراون کە بەناوبانگترینیان حەکیم ئەسەدی تووشی و سەید محەمەد حسێن شەهریار شاعێری ناسراوی تورکی ئێرانە.

پارکی ئیل گولی(شا گولی)

شا گولی بە واتای مەلەوانگەی شا وەرگێڕدراوەتەوە. گول لە زمانی تورکی بە واتای مەلەوانگەیە. قووڵایی مەلەوانگەی ئەو پارکە 12 مەترە و ئەمڕۆکە بەلەمەوانیشی تێدا دەکرێت.

هەروەها تەپۆڵکەیەکی بەرز لە لای باشووری دەریاچەی ئیل گولی هەیە کە کراوەتە دارستانێک و تاڤگەی دەستکردی زۆریشی لەسەر چێ کراوە کە لە ئەو تەپۆڵکەوە دەڕژێنە ناو دەریاچەکە. عیمارەتی کڵاو فەرەنگی هەشت گۆشەی ناوەندی دەریاچەی شاگولی کە بە کاخائیل گولی بەناوبانگە، ئەمڕۆکە وەکوو تەلارێک بۆ میوانداری کەڵکی لێوەردەگیردرێت. ئەو بیانیە پێشتر بینایەکی یەک نهۆمی خشتی و کاول بوو بەڵام شارەوانی تەبرێز لە ساڵی 1346 ی هەتاوی بینا پێشووەکەی ڕووخاند و عیمارەتێکی دوو نهۆمی نوێی چێ کرد. لەلای باشووری دەریاچەکەوە بۆ ناوەندەکەی و شوێنی کۆشکی ئیل گولی، شەقامێک کێشراوە کە عیمارەتی کڵاوو فەرەنگیی کردووەتە نیمچە دوورگەیەک. ئەو دەریاچە لە زستانیشدا بە شێوەیەکی زۆر جوان لە سەهۆڵ و ئاو خۆی دەنوێنێت.

گوندی کەندوان

ناوبانگی سەرەکی گوندەکە بە بۆنەی خانووگەلێکە کە وەکوو هێلانەی هەنگ لە ناو دڵی کێوە گڕکانییەکانی سەهەند چێ کراوە. گوندەکە تەنیا 48 کیلۆمەتر بە ناوەندی شاری تەبرێزەوە دوورە و زیاتر لە 7000 ساڵ مێنووی هەیە و بە بۆنەی شێوەی نەژیارڤانییە تایبەتەکەیەوە لە لیستی ئاسەواری نەتەوەیی ئێران تۆمار کراوە. زۆر کەس ئەو گوندە لەگەڵ کاپادوکیەی تورکیا بەراورد دەکەن بەڵام جیاوازی سەرەکی ئەو دوو گوندە ئەوەیە کە کاپادوکیه هیچ کەسی تێدا ژیان ناکات بەڵام کەندوان نزیک بە 117 بنەماڵەی لە خۆدا جێ کردووەتەوە.

کڵێسەی ستێفانوسی پیرۆز

ئەو کڵێسەیە 17 کیلۆمەتر لە شاری جڵفا لە تەبرێزەوە دوورە و لە پاڵ ڕووباری ئەرەس جێی گرتووە. ئەو کێسەیە دوای قەرە کڵێسە دووهەم کڵێسەی گرینگی ئەرمەنییەکان لە ئێرانە. تەواوی حەوشەی کڵێسەکە لە ناو دڵی کێوەکان و لە نێو سروشتی سەرسەوزی ناوچەی سنووری جڵفا و کۆماری ئازەربایجان جێێ گرتووە.

ئەو کڵێسە لەلایەن سەجەم مەسێحییەکانەوە ڕێزی لێ دەگیردرێت بەڵام لە ڕاستیدا کڵێسەی حەواری ئەرمەنییە. ناوی کڵێسەکە لە ناوی ستێفانوس واتا یەکەم شەهیدی ڕێگای مەسێحیەت گیراوە کە لە 26 ی دیسەمبەری ساڵی 36 ی زایینی  لە ئورشەلیم لەلایەن جووەکانەوە بەردباران کرا. لە ئەو کڵێسە هەموو ساڵێک و لە ڕۆژێکی تایبەتدا ڕێوڕەسمێکی تایبەت بەڕێوە دەچێت.

News Code 36935

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 11 =