یەکگرتوویی گەلانی ئێران گرینگترین هۆکاری سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامییە

پێش نوێژ و مامۆستایانی ئایینی سوننەی کوردستان پێیان وایە یەکگرتوویی گەلانی ئێران گرینگترین هۆکاری سەرکەوتن و پێشکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی بووە و دەبێ بیپاریزین.

شەڕی خەڵکی ئێران لە بەرانبەر ملهۆڕان و زۆربێژانی پشتیوانی ڕژیمی پەهلەوی شەش دەیە لەمەوپێش دەستی پێ کرد و لە ڕۆژاوا تا ڕۆژهەڵاتی ئێران بینەری ڕۆڵگێڕی خەڵک لەم گۆڕەپانە و بەرەنگار بوونەوە لە گەڵ دوژمنان بووین.

کوردانیش وەکوو دیکەی گەلانی ئێران بانگهێشتی ئیمام خومەینییان قەبووڵ کرد و بەشێکی گرینگ لە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ڕۆژاوای وڵات لە ئەستۆی ئەوان بووە. هەر بەم بۆنەوە لە گەڵ ئیمامانی هەینی کوردستان وتووێژێکمان ساز کردووە کە لە درێژەدا دەیخویننەوە.

بزووتنەوەی ئیمام خومەینی بۆ زیندوو کردنەوەی ئایینی محەمەدی پێغەمبەر بوو

ماموستا ئەمین ڕاستی وێڕای پیرۆزبایی دەیەی فەجر، وتی: شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە داکۆکی لە سەر سێ هێمانەی ئیمان، یەکگرتوویی و ئیمامەت سەرکەوت. گەر ئەم سێ هێمانە بپاریزین هەر دەم بەرەو سەربەرزی و پێشکەوتن هەنگاو دەنین.

ماموستا ڕاستی ڕاشیگەیاند: مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەلایەتییە و پێویستی بە پێک هێنانی کۆمەڵ هەیە و گەر لە پەنای ئەوەدا حکومەت و یاسا نەبێت، ناتوانێ سەرکەوێت. ئیسلام ئایینێکی تەواوە و وڵامدەری هەموو پێداویستییەکانی مرۆڤە و شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیش بە ڕێبەرایەتی ئیمام خومەینی و بە پێڕەوی کردن لە مەکتەبی ڕەسوولی خودا پێک هات بۆیە ئەوەندە بەشکۆ و پێشکەوتووە.

ناوبراو وتیشی: بزووتنەوەی ئیمام خومەینی بۆ زیندوو کردنەوەی ئایینی محەمەدی پێغەمبەر بووە و هەر ئەوەش بۆتە هۆی پێشکەوتن و سەربەرزی ئەو حکوومەتەی ئەو بنیاتی نا.

ئیمام جومعەی کاتیی سنە ڕوونی کردەوە: پیلانە سیاسی و سەربازییەکانی دوژمنان دژی ئێران تا ئێستا سەرنەکەوتووە و ئەمەش لە ژێر سێبەری زانایی و وشیاری میلەتی ئێران و ڕێبەرایەتی عالیمانە بووە.

ئەو داکۆکی کرد: دەبێ هەمومان پارێزەری ئامانج و بایەخەکانی شۆڕشی ئیسلامی بین و دەستکەوتەکانی بۆ بەرەی داهاتوو بگوازینەوە.

شۆڕشی ئیسلامی هۆمێدی لە دڵی خەڵکدا زیندوو کردەوە

ماموستا مستەفا شیرزادی ئیمامی هەینی مەریوانیش لەم بارەوە وتی: لە کاتێکدا کە موسوڵمانانی ناوچە گیرۆدەی پیلانەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا بوون و سەرچاوەکانی ئەوانیان تاڵان دەکرد، ئێمە بینەری ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران دژی ئەم زوڵم و زۆرانە بووین.

ئەو وتیشی: خەڵکی ئێران لە هەموو هۆز و ئایینەکان لە پەنای یەکدا تێکۆشان و لە ئاکامدا بوونە هۆی سەرکەوتنی شۆڕشێک کە هەموو جیهانی گۆڕی. بە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئیران ئۆمێد لە دڵی موسوڵمانانی ناوچەکە زیندوو بوەوە و بزاڤی ئازادی خوازانە لە ناوچەکە پێک هات کە ئەمڕۆ ئاکامەکانی دەبینین.

ماموستا شیرزادی ڕایگەیاند: ئامانجەکانی شۆڕشی ئیسلامی تەنیا لە سنوورەکانی ئێراندا سنووردار نەبووەوە و ئەمڕۆ کاریگەری ئەو شۆڕشە لە سەر وڵاتانیتر لە یەمەن تا فەلەستین و لە پاکستان تا ئەمریکای باشوور دەبینرێت.

ناوبراو لە کۆتاییشدا داکۆکی کرد کە دەبێ لە فەرمان و وتەکانی ڕێبەری مەزن وەکوو ڕووناکی ڕێگا کەڵک وەربگرین و دەستکەوتەکانی بپارێزین.

خزمەتەکانی کۆماری ئیسلامی بە کوردستانییەکان لە گەڵ پێش شۆڕش پێکەوە بەراورد ناکرێت

ماموستا مەعروف خالدی ئەندامی شۆرای فتوادانی سوننەی کوردستانیش وتی: دوژمنانی ئیسلام لە سەدەکانی پێشووەوە لە دەسەڵات و یەکگرتوویی موسوڵمانان دەترسان و هەموو کات هەوڵیان داوە بە ساز کردنی دووبەرەکی لە نێوانیاندا ئیزنی پێک هاتنی نەتەوەی یەکگرتووی ئیسلامی نەدەن.

ئەو وتیشی: چوار دەیە لەمەوپێش شۆڕشێک لە ناوچەکە ڕووی دا کە ڕێبەرایەتییەکەی لەئەستۆی موسوڵمانێک بوو و بایەخ و ئامانجەکانی شۆڕشی ئیسلامیش بە پێی ئەو فێرکاریە ئیسلامییانە دیاری کران.

ماموستا خالدی پێی وایە  بە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ملهۆڕان دەترسان بۆیە هەر لە سەرەتاوە دەستیان بە پیلانگیڕی دژی ئێران و ئێرانییەکان کرد.

ناوبراو ڕوونی کردەوە: خزمەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کوردستان لە گەڵ پێش شۆڕش بەراورد ناکرێت و ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە کە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەر یەکگرتوویی نەتەوایەتییە نەک ئایین و مەزهەب.

ئەو لە کۆتاییشدا داکۆکی کرد: بەهەمووی ئەمانەشەوە چاوەڕوان دەکرێ بەرپرسان گرینگی زۆرتر بە کوردستان بدەن چونکوو دەفرایەتی زۆری هەیە کە دەتوانێ ببێتە هۆی خێر و بەرەکەت بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران.

News Code 35892

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 4 + 10 =