بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، حەسۆ ئیبراهیم، جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی شنگال، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (کەرکوک ناو)، وتی: "بەهیچ شێوەیەک و هیچ رێککەوتنێک قبووڵناکەین ئەگەر رای خەڵکی شنگال وەرنەگیرێت، ئەمەی کراوە بڕیارێکی سیاسییە و زۆربەی خەڵکی شنگال ئاگادارنین".
حەسۆ ئیبراهیم، جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی شنگال جەختی کردەوە "تا ئێستا شنگالمان بەبێ بوونی دام و دەزگای حکومی، ئیدارە کردووە و خۆمان بەڕێوەی دەبەین، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی شنگال کۆبونەوەمان کردووە و هەمووان دژی ئەو رێککەوتنەین... تا رای خەڵکی شنگال وەرنەگیرێت هیچ ئیدارەیەکی نوێ ناتوانێت دەستبەکاربێت".
هەینی 9ی تشرینی یەکەم، هەردوو حکومەتی عیراق و هەرێمی کوردستان رێککەوتن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال لەڕوی ئەمنی، ئیداریی و گەڕانەوەی ئاوارەکان.
بەپێی رێککەوتنەکە ئیدارەیەکی نوێ بۆ قەزاکە دادەنرێت، دۆسیەی ئەمنی ناو شار دەدرێتە دەست پۆلیسی ناوخۆیی و هێزە چەکدارەکانیش بەدوری 5کم لە دەرەوەی ناوەندی شنگال جێگیردەبن. هەروەها پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ قەزاکە دەگەڕێتەوە و کار بۆ گەڕانەوەی تەواوی ئاوارەکانیش دەکرێت.
بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە لە ناوەندی شنگال سبەی یەکشەممە 11ی تشرینی یەکەم خۆپیشاندان بەڕێوەبچێت لە دژی رێککەوتنی هەرێم و ناوەند.
بەپێی زانیارییەکانی (کەرکوک ناو)، بۆچونی یهکینهکانی بهرخودانی شنگال (یهبهشه)، ئەوەیە خۆیان لە خەڵکی قەزاکە جیاناکەنەوە و بڕیاری خەڵکی شنگال بڕیاری ئەوانیشە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە یەبەشە بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئەگەر خەڵکی شنگال لە دژی رێکەوتنەکە بێت، ئەوانیش رێکەوتنەکە قبوڵناکەن".
ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی شنگال – ئەنجومەنێکە بۆ ئیدارەدانی قەزای شنگال پێکهێنراوە و بیروبۆچونیان نزیکە لە پەکەکە-وە، هاوکات ژمارەیەک حزب و لایەنی سیاسی ئێزیدی و عەرەبی تیایدا بەشدارن و لە ئێستادا ئیدارەی قەزاکە دەدەن.
Your Comment