کۆمپانیاکانی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لە کاتی کۆرۆنا چۆن قازانجیان دەسکەوتووە

غالب محەمەد نوێنەری کورد لە پەرلەمانی عێراق پێیوایە کە هەرێمی کوردستان ناچارە بە زووترین کات لە گەڵ بەغدا ڕێککەوێت و هیچ ئاڵترناتیڤێکی نییە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: حەلیمە مەلایی: بە کەڵەکە بوونی کێشە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان و ڕێکنەکەوتنی لە گەڵ دەوڵەتی ناوەندی عێراق لە سەر پرسی ناردنی بودجە و مەلەفی نەوت و داهاتی دەروازە سنوورییەکان، هەندی لایەن باس لەوە دەکەن کە هەولێر نایەوێت لە گەڵ دەوڵەتی مستەفا کازمی ڕێککەوتن بکات  و کات دەکوژێت.

بۆ باس لە دۆخی هەرێمی کوردستان و بە تایبەت زەروورەتی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا و نەگەیشتنە ئەنجامی دانوستانەکانی نێوانیان تا ئێستا، هەواڵنێری مێهر لە گەڵ دوکتۆر غالب محەمەد ئەندامی فڕاکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دیمانەیەکی ساز کردووە کە لە خوارەوە دەقەکەی بڵاو دەبێتەوە.

هەندێ لە کەسایەتییە سیاسییەکان دەڵێن هەرێمی کوردستان چاوەڕێ هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکات و نایەوێ لە گەڵ دەوڵەتی مستەفا کازمی ڕێککەوێت، ڕای ئێوە لەمبارەوە چییە؟

هەرێمی کوردستان ناچارە و دەبێت بە زووترین کات ڕێککەوتن بکات. ئێستا بێت یان دوای هەڵبژاردنی پێشوەخت بێت، چونکوو ئەگەر هەڵبژاردنی پێش وەختیش بەڕێوەبچێت، لانی کەم شەش مانگ کاتی دەوێت تا حکوومەتی نوێ بێتە سەرکار، هەرێمی کوردستانیش ئەگەر لە گەڵ دەوڵەتی ناوەندی عێراق ڕێکنەکەوێت، مووچەی بۆ نادرێت و دۆخی ئابووری، مادی  و سیاسی هەرێم زۆر زۆر خراپە.

ئێستا ڕێککەوتن بکات زۆر باشترە لەوەی سبەینێ بیکات، چونکوو کەس نازانێ دۆخەکە بەرەوکوێ ئەروات. دیار نییە زەختێکی زۆرتر نەکەوێت لە سەر کازمی و ئەوکاتە نەتوانێ ڕێککەوتن لە گەڵ هەرێمی کوردستان بکات. بۆیە هەرێمی کوردستان زەروورترە بۆ ڕێککەوتن نەک عێراق. دەوڵەتی ناوەندی عێراق خۆی دۆخی شڕە و قەرز دەکات بۆیە تاکوو ئەرک لەسەری کەمتر بێت باشترە. هەرێمی کوردستان لە 2003ەوە تا ئێستا هیچ داهاتێکی رادەست نەکردووە و بۆیە عێراق نایەوێت ئەرک کەوێتە سەری و ناچار بێت پارە بنێرێت.هەر کەسێکیش دوای کازمی بێت، ڕێککەوتن و خواستەکان هەر هەمانەو و هەرێمی کوردستان هیچ حەلێکی نەماوە و ناچارە ڕێککەوێت.

پێتان وایە ڕێکنەکەوتنی هەولێر و بەغدا پەیوەندی بە ڕێککەوتنە 50 ساڵیەکەی هەولێر و ئەنقەرەوە هەیە ؟

ئەو ڕێککەوتنەی هەرێمی کوردستان و تورکیا کردوویانە نایاساییە و بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی بەرپرسن لێی. ئەو کارە بە تاڵان بردنی سەروەت و سامانی  میلەتێکە کە دراوە بە تورکیا و ئێستا خەڵک بێ مووچەیە و ڕێککەوتنیش نەکراوە و کێشەکان هەر گەورەتر دەبنەوە.

بۆچوونی ئێوە لە سەر پڕۆژەی چاکسازی و هەروەها نەهێشتنی گەندەڵی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بانگەشەی دەکات، چییە؟ ئەو چاکسازییە دەبێ لە کوێیەوە دەستپێبکات و یەکمایەتییەکانی چی بێت؟

چاکسازی لە دوو شتدا دەکرێت. یەکەم دەبێ داهات زیاد بکرێت و مەسرووفات کەم بکرێتەوە. مەسرووفاتیش بەوە کەم دەکرێتەوە کە ئەو 700 هەزار بندیوارە لاببرێت. تا لا نەبرێت پێی ناوترێت چاکسازی. چاکسازی لە داهاتیش خۆی لە دوو شتدا دەبینێتەوە، یەکەم نەوت و دووەم سنوورەکان. ئەوەش ناکرێت چونکوو یەکێتی و پارتی ڕێگەنادەن. هەر بۆیە ئەوەی پێی دەوترێت چاکسازی هەموو کارێکی ڕواڵەتییە و قازانجی بۆ کەس نییە و کەسیش ناتوانێ بەم شێوە مووچە و بژێوی ژیانی خەڵکی وا دابین بکات. بەڵام بەو شێوەیە کە ئێمە وتمان هەم چاکسازی دەکرێت و هەم داهاتی زیاتریش کۆدەبێتەوە و پاشەکەوت دەکرێت.

پرسیارێکتان لە سەر بڕین و کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران لێدەکەم. بە ڕای ئێوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆچی بەم شێوە قەرزدار بووە کە ناتوانێ مووچە بدات لە حاڵێکدا کە داهاتەکانی لەوانە داهاتی سنوور و گومڕۆک و هەروەها فرۆشتنی نەوتی هەرێم زۆر زیاترە لە خەرجەکان و مووچەش؟ چ حکوومەتێکە کە داوای سەربەخۆیی دەکات و ئێستا مووچەی بۆنادرێت؟

حکوومەتی هەرێمی کوردستان حکوومەتێکی قەرزدارە، بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و کۆمپانیاکانیان دە قات و سەد قاتی حکوومەتی هەرێم پارەیان هەیە و ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە ئەم دوو بنەماڵە لە کاتی حوکمڕانیاندا خۆیان بە خاوەنی هەرێم نەزانیوە ئەوەندەی خۆیان بە خاوەنی کۆمپانیاکان و بانکەکان و ڕەقەم حیسابەکانیان زانیوە. هەرچی پارە و سامانی ئەم میللەتە هەیە ئەوان بردوویانە. ڕۆژێ ملیارێک لە شوێنێک ئەدۆزرێتەوە، سبەینێ لە شوێنێکی تر پارە ئەدۆزرێتەوە، دووسبەی سکاڵا دژی بریتانیا بەرز دەکەنەوە لە سەر داهاتی نەوت! ئەمانە حکوومەتێکی فاشل و بێ پارەیان بۆ خەڵک دروست کرد و خۆیان و کۆمپانیاکانیان دەوڵەمەند کردەوە.

تا کاتێکیش پارەکان نەگەڕێتەوە بۆ حکوومەت ، هەرێمی کوردستان بەهێز نابێت، ئەمانە هەمیشە لە سەر شتی فاشل و بە بێ پلان ئیشیان کردووە. بەرچاوترینیشیان پرۆژەی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان بوو کە بە هەموویانەوە رایان دەکرد کە چۆن دەنگی بدەنێ، 24 کاتژمێر دوای ئەوە بە هەموویانەوە ڕایان دەکرد چۆن عێراق ڕازی بکەن پارەیان بۆ بنێرێت.

لە کاتی کۆرۆنادا دەرکەوت کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلانی ڕۆژی قەیرانی نییە. نە نەخۆشخانەیەکی تەیار و پێشکەوتوو و نە پارەیەک کە خەڵکی پێ بژینرێت! بە بۆچوونی ئێوە وەکوو نوێنەری کورد لە بەغدا، دوای 29 ساڵ  دەبوو  هەرێمی کوردستان لە چ ئاستێکدا ژیانی بۆ خەڵک دابین بکردایە؟ بە لە بەرچاو گرتنی ئەو سەروەت و سامان و داهاتەی لە هەرێم هەیە.

نەک لە پرسی کۆرۆنا لە هەموو بابەتێکی قەیرانیدا هەر  توانایی و پلانی نییە، چونکوو حکوومەتێکی فاشلە کە پارە لە بانکەکانیدا نییە بەڵام لە کۆمپانیاکانی خۆیاندا بەرپرسان دەوڵەمەندن، هەر بۆ زانیاریتان دەڵێم، لە پرسی کۆرۆنا دەستیان بۆ کۆمپانیاکانی خۆیان برد وتیان پارەمان پێی بدەن بەڵام لەبری ئەوە دەیان قات قازانجیان برد. دەیان باجیان لە سەر هەڵگیرا، دەیان عەرزیان بە نایاسایی لەو کاتەدا هەڵگرت و ئەمەش دەریدەخات ئەم حکوومەتە ناتوانێ ئیدارەی خەڵک بکات و کۆمەڵێک مافیا بەڕێوەی دەبەن کە سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە و ئەم میللەتە هەڵدەلووشن.

هەندێ چاودێری سیاسی دەڵێن هەرێمی کوردستان و لەوانەش بنەماڵە حاکمەکان پشتیان بە ئەمریکاییەکان بەستووە چ لەباری سەربازی و یارمەتیدانی پێشمەرگەوە و چ لەباری گوشاری سیاسی بۆ سەر دەوڵەتی ناوەندی عێراق لە کاتی پێویستدا، بۆیەش بەردەوام جەخت لە زەروورەتی مانەوەیان لە عێراق و باکووری وڵات دەکەن! ئێوە ڕاتان لەمبارەوە چییە؟ ئایا پشت بەستن بە وڵاتێکی بێ بەڵێن وەکوو ئەمریکا دەتوانێ لە هاوکێشە سیاسییەکاندا لە بەرانبەر دەوڵەتی بەغدا و وڵاتانی ناوچەکەش، هەرێمی کوردستان بەهێز بکات یان نا؟

ئەمانە هەموو جارێک پشتیان بە دەرەکی بەستووە و هیچ قازانجێکیش نابەن. ئەمریکا کاتێک پشتگیری لە کورد دەکات کە ئیشی پێیەتی دوای ئەوەی ئیشەکەی تەواو بوو هیچ دیفاعێکیان لێ ناکات. بۆ تورکیاش هەر وایە بڕوانە ئەو کاتە لە سەردەمی شەڕی داعشدا بینیمان تورکیا هەموو سەروەت و سامانی ئەم میللەتەی دزیبوو بەڵام لە کاتی تەنگانەدا نەهاتە پیریانەوە. لە بنەماڵەی بارزانی دەیان کەس پەیوەندی بە تورکیاوە گرت کەس وڵامیانی نەدایەوە.

ئەمریکاش هەر وایە کە ئیشی بەمانە تەواو بوو پشتیان لێ دەکات. بە داخەوە ئەمریکا زۆر جار دیفاع لە بنەماڵەکان دەکات و بنەماڵە بۆی گرینگە تا حکوومەت، چونکوو ئەوان دەیانەوێت شەرقولئەوسەت لە سەر حکومی گەندەڵی بنەماڵە بێت نەک لە سەر دیمۆکراسیەت، بۆ نموونە بەرپرسانی ئەمریکی دێن لە گەڵ مەسعود بارزانی کۆدەبنەوە کە هیچ دەسەڵاتێکی یاسایی نییە ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا و بارەگایەکی هەیە ومەسرووفاتێکی یەکجار زۆریش سەرەف دەکات و بێ ئەوەی توانایی یاسایی هەبێت.

News Code 33509

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 5 =