بانک و کۆمپانیاکانی مەسرور بارزانی زۆرجار لە حکوومەتی هەرێم دەوڵەمەندترە

سۆران عومەر دەڵێت: ئەوانەی سکاڵایان لەسەرم تۆمار کردووە نیگەرانن لەوەی سەروەت و سامان و موڵکیان کە بە ناشەرعی پێکیان هێناوە ئاشکرا بێت.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: حەلیمە مەلایی: دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی، چەندین بەڵگەی لە سەر سەرۆکی حکوومەتی هەرێم ئاشکرا کرد، مەسروور بارزانی سکاڵای لەسەری تۆمار کرد و بە بڕیاری پارتی پارێزبەندی پەرلەمانتاریی لەسەر سۆران عومەر هەڵگیرا.

لەم دیمانەیەدا سۆران عومەر لە گەڵ هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵی مێهر، باسی لە هۆکارەکانی هەڵگرتنی پارێزبەندییەکەی و هەروەها دەرهاویشتەکانی ئەو بڕیارەی پارتی دەکات. دەقی دیمانەکەی ڕێک وەکوو خۆی بڵاو دەبێتەوە.

سەرەڕای مل نەدانی ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان، فراکسیۆنی پارتی پارێزبەندی لەسەرتان لابردووە , ڕای خۆتان لە سەر ئەو سناریۆیە چییە ؟

پارتی دیمۆکرات بە هاوکاری ئەوانەی کورسی کۆتان و پێکهاتەکانی تورکمان و مەسیحین ئەو کارەی کرد. بەداخە ئەو پێکهاتانە لە پەرلەماندا هیچ کات نەیانتوانی تەعبیرێکی دروست لە پێکهاتەی خۆیان بکەن. هەمیشە شوێن کەوتووی پارتی بوونە و لە ژێر دەستی پارتیدا کاریان کردووە.

بۆچی دژی ئێوە ئەم بڕیارە درا ؟

هەڵگرتنی پارێزبەندیەکە و ئەو سناریۆیەکی بۆ من داڕێژراوە لە سەر سکاڵایەکی سەرۆکی حکوومەتی نۆیەمی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانیە کە باسم لەوە کردووە کۆمپانیا و بانکی هەیە. دیارە ئەوان نیگەرانن لەوەی سەروەت و سامان و موڵکیان کە بە ناشەرعی پێکیان هێناوە ئاشکرا بێت. و بە ڕێکارێکی نایاسایی داوای هەڵگرتنی پارێزبەندییان کردووە لە کاتێکدا بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، هەڵگرتنی پارێزبەندی دەبێ بۆ تاوان بێت نەک بۆ ئەوەی کە ئەوان ئاماژەیان پێکردووە.

ئامانجیشیان تەنیا سەرکوت کردن و دەم داخستنی پەرلەمان بوو. لە بەر ئەوەی پارتی دیمۆکرات نایەوێت هیچ کەس هەبێ بەرانبەریان قسە بکات و ڕاستیەکان ئاشکرا بکات. دەیانەوێت بەمە وابکەن کە پەرلەمانتاران ئەرکی و ڕۆڵی خۆیان لە چاودێری کردنی حکوومەت و پرسینەوە لە گەندەڵیان جێبەجێ نەکەن و بترسن بەوەی کە دادگەیی دەکرێن و پارێزبەندییان نامێنیت.

ئامادەی بچیتە بەر دەم دادگە و بەڵگەی سەلمێندراویان بۆ بخەیتەڕوو ؟

بەڵێ . من بەڵگەم هەیە و بەڵگەکانیشم خستووەتە ڕوو کە کۆمپانیایەکیان هەیە و پیکهاتووە لە گرووپێک و 12 کۆمپانیایە و 10 کۆمپانیای هاوبەشیان هەیە و بانکیان هەیە و کارئاسانی بۆ ئەم کۆمپانیا و بانکانە دەکرێت و زۆر جار لە حکوومەت دەوڵەمەندترن لەبەر ئەوەی هەموو کارئاسانیەکیان بۆ دەکرێت بۆ کاری گەورە و بیزنێسی گەورە لە پەنای حکوومەتا.

هەندێ کەسایەتی سیاسی و ڕۆشنبیران و کۆمەڵگایش ئیدانەی ئەو هەوڵەی پارتی دەکەن و بە زیانی گەورە لە هەژمونی پەرلەمانی کوردستانی دەزانن, کە چیدی دەبێ پەرلەمان ببێتە فەرمانبەرداری حکوومەت و بێدەنگ بێت, هۆکاری چییە کە لە هەرێمی کوردستان هەندێ جار دەسەڵات حوکمی پەرلەمانیش بە دەستەوە دەگرێت کەچی لە  ئەساسدا نابێ وا بێت ؟

ئەمەی ئێستا ڕوودەدات کە پەرلەمان لە لایەن حکوومەتەوە لێپرسینەوەی لێبکرێت هاوشێوەی لە دونیادا نییە و کارێکی زۆر خراپە و دەیسەلمێنێت دیمۆکراسیەتی ژێر دەسەڵاتی پارتی بەو جۆرەیە کە دەنگی ئازاد و ڕای نوێنەرانی خەڵکی قبووڵ نییە و ئەمەش مەترسیە لە سەر ئازادی ڕادەربڕین و لەسەر مافی مرۆڤ. جا ئەگەر نوێنەرانی خەڵک نەتوانن ڕای خۆیان دەرببڕن لە کارەکەیاندا ئازاد بن و پارێزبەندیش هەر بۆ ئەوەیە نوێنەر ئازا و ئازاد بێت. ئەمە پاشەکشێیەکەی گەورە دەکاتە پەرلەمان و ئەمە بێدەنگ کردن و سەرکوتی ئازادییە.

ئەم بڕیارە و هەڵگرتنی پارێزبەندی و شکاندنی هەیبەتی پەرلەمانتار وەکوو چاودێری کارەکانی حکوومەت چ کاریگەرییەکی دەبێت لە سەر قڵیشاندنی یەکڕیزی نێوان پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان  و کاری پەرلەمانتار؟

ئەوەی پارتی دەیکات و بەلایەوە ئاساییە ، وا خەیاڵ دەکات کە دەتوانێ زۆر ئامانج بپێکێت لە سەرکوت و بێدەنگ کردن. بەڵام نەیزانی کاردانەوەکان زۆر لەوە گەورەترن کە ئەو چاوەڕوانی دەکرد. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە پارتی عەقڵی خۆی داوەتە دەست هەندێ خەڵک کە گرێ دەروونییان هەیە و شتی شەخسییان هەیە و ناتوانن لە ئاستی ئەو بەرپرسیارێتیەدا بیربکەنەوە . پارتی بەمە زیانی بە خۆی  و بە ئەزموونی هەرێمی کوردستان گەیاند و درزی گەورەی خستە نێوان ڕەوت و لایەنەکان  و بەتایبەتی ڕێزی لە ڕێککەوتنی خۆی و یەکێتی نیشتیمانی و گۆڕانیش نەگرت.

سێ کەسی دیکەش ناویان خرایە دەنگدان بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی بەڵام هەر ئێوە دەنگتان هێنا و بڕیارتان لەسەر درا، هۆکارەکەی چی بوو؟

ئەو سیناریۆیەکی ناشرین بوو و ناوی سێ پەرلەمانتاری دیکەی خستە ناو لیستەکە و ئەوان دەنگیان نەهێنا و ئامانجەکەش هەر من بووم. ئەمە بۆ هەرێمی کوردستان لەم دۆخەدا کە خەڵک دوای دوو مانگ لە کەرەنتین و کۆرۆنا چاوەڕێ بوو پەرلەمان بۆ دەستەبەرکردنی ژیانی ئاسایی و مووچە و مافە ڕەواکانی خەڵک بێتەوە و نە ئەو گاڵتەجاڕییەی کردیان.

News Code 32418

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 0 =