هەڵوێستی کورد لەسەر عەدنان زەرفی/ چارەسەریی کێشەکان لە گەڵ بەغدا ئاڵۆزە

پەرلەمانتاری یەکگرتوو دەڵێت: بڕیارە لەم ڕۆژانەدا کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ سەرۆکایەتی حکوومەتی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.

 ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی- حەلیمە موڵایی:  سەرۆک کۆماری عێراق، کاندیدێکی ڕاسپاردووە کە دەست بکات بە پێکهێنانی کابینەی نوێ ئەم وڵاتە، بەڵام وادیارە لە ناو ڕەوت و لایەنە سیاسییەکانی عێراقدا چەندین گرووپی نەیار و هەم لایەنگر و پشتگری هەیە و ئاشکرا نییە چارەنووسی چی دەبێت.

بە دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان لە چەند مانگ لەمەوپێشەوە تا ئێستا عێراق دوبارە شڵەژاوەتەوە و بە دەست لە کار کێشانەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانیی پێشووی عێراق، دۆخی ئەو وڵاتە ئاڵۆزتر بوو. پاش ماوەیەک تۆفێق عەلاوی ڕاسپێردرا کە کورد و سوننە و چەند ڕەوتی شیعە ڕەتیان کردەوە و گوێیان پێنەدا. ئێستاش عەدنان زەرفی هاتووە و دەیەوێت حوکمی عێراقی هەمیشە ئاڵۆز بە دەستەوە بگرێت. گەلۆ سەر دەکەوێت یان نا ؟ لە ساڵی تازەدا دەردەکەوێت.

بۆ باس کردن لە سەر دۆخی عێراق و وەدەستهێنانی زانیاری لە سەر ئەم وڵاتە و تێگەیشتن لە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لە سەر پرسە سەرەکییەکانی عێراق،  هەواڵنێری ئاژانسی مێهر، پەیوەندی بە شێرکۆ جەودەت ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستانەوە کردو دیمانەیەکی کورتی لە گەڵ کرد.

پەرلەمانتار، شێرکۆ جەودەت لەم گفتوگۆیەدا بە کورتی وڵامی پرسیارەکانی هەواڵنێری مێهری داوەتەوە کە دەقی وتەکانی لە خوارەوە بڵاو بووەتەوە.

بۆچوونی کورد لە سەر عەدنان زەرفی ، سەرۆک وەزیری ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی  حکوومەت چییە؟ کورد پێی ڕازی دەبێت یان نا؟

دیارە جارێ ڕای کورد لە تاوتوێ کردنی بابەتەکەدایە. هێشتا سەرۆک وەزیرانی تازە شێوازی کار و بەرنامەی ڕوون نییە. بڕیارە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لە گەڵ سەرکردەکانی کورد لە عێراق دیدار و گفتوگۆی هەبێت و تا ئێستا مەوقفی کورد لە تاوتوێدایە و بە فەرمی کورد هیچ هەڵوێستێکی رانەگەیاندووە.

داهاتووی چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ناوەندی عێراق کە خەڵکی کوردی عێراقی تەواو وەڕەز کردووە ، چۆن دەبینن؟ کەی بڕیارە ئەم کێشانە تەواو ببن کە سەرکردایەتی کورد هەموو  کارێکی پێوە گرێ داوە؟

بە ڕاستی ئاڵۆزە، لە بەر ئەوەی کە لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش ئەوەندەی دەستێوەردانی دەرەکی هەیە ئەوەندە ئیرادەی زاتی و ناوخۆیی و میللی حوکمڕان نییە و دەرئەنجام ڕێککەوتن و پێکهاتن زۆر زۆر ئاڵۆزە و زۆر قورس بووە. بەرژەوەندییەکان جیاوازن بەداخەوە. بەڵام مومکینە و ئەکرێت چارەسەر بکرێن و کێشەکان کۆتاییان پێبێت بەڵام لەبەر  دەستێوەردان و بەرژەوەندی تەسک گرفت و لەمپەڕی گەورە دروست دەبێت کە بە پێچەوانەی خواست و ئیرادەی میللەتە.

بە ڕای ئێوە گرینگرترین ڕووداوی ساڵی رابردووی کۆچی هەتاوی کە ئەمرۆ پێنج شەمە تەواو دەبێت، چی بوو کە کاریگەریی ئەوتۆی لە سەر وڵاتانی ناوچەکە و جیهان دانا؟

 بەداخەوە بەڵای کۆرۆنا ناخۆش ترین و کاریگەرترین ڕووداو بوو کە لە ڕەهەندی مرۆڤی، ئابووری و سیاسی و حومکرانی کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەبوو. کە دیوێکی  پەند و عەبرەت بوو لە هەڵەکانی مرۆڤ بۆ گەندەڵی، پیس کردنی ژینگە و تێکدانی ژینگە. باجەکەشی ئەوە بوو کە ڤایرۆسێکی ئاوا ئەو کارەساتەی دروست کرد. بە بڕوای من کۆرۆنا گرینگترین ڕووداو بوو.

وتتان کە گرینگترین رووداو کۆرۆنایە، بۆ بەرەنگاریی کۆرۆنا وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان چ کێشەیەکی لەبەردەمە؟ کەموکۆڕیەکان چین؟ خەڵک گوێ لە ڕێنماییەکان دەگرێت؟

تا ئێستا هەماهەنگی باش هەیە لە نێوان خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڵام وەک هێشتا وەک پێویست نییە. چونکوو هەتا خەڵک باشتر ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێنماییەکانی کەرەنتینە و خۆپارێزی لەبەرچاو بگرن، وەزارەتی تەندروستی باشتر دەتوانێ بە بێ دروست بوونی کێشەی گەورە ئەو ڤایرۆسە کۆنتڕۆڵ بکات.

News Code 31607

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 9 =