ئاژاوەگێڕییەکانی ئەمریکا درێژەی بێت، گورزی کوشندە دەوەشێنین

سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزی چەکداری وتی: ئێران بە ئۆپەراسیۆنی بەرامبەر دژی ئەمریکا، ئیرادەی یەکلاکەرەوەی بۆ پاراستنی مافی خۆی نیشان دا.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەرلەشکەر محەمەد باقری سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزی چەکداری لە وەڵامی پەیوەندی تەلەفونی هۆلوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا بۆ ڕاگەیاندنی پرسە و سەرەخۆشیی وڵاتەکەی لە بابەتی شەهید کرانی سەردار سپەهبۆد سولەیمانی بە دەوڵەت و گەل و هێزە چەکداری کۆماری ئیسلامی، وتی: تیرۆری سەردار سولەیمانی لە لایەن ئەمریکا، هەڵمەتێکی ناجوامێرانە، نامرۆڤانە، نائەخلاقی و بە پێچەوانەی هەموو یاساگەلی نێودەوڵەتی بوو و هەڵمەتەکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر بنکەکانی حەشدی شەعبی عێراو یان هەندێک لە بنکەکانی سووریا دەسپێکی ڕەوتێکی نوێ لە ناکۆکییەکانی ناوچەیە.

سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزی چەکداری کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە پەیامەکانی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان لە دوای تیرۆری شەهید سولەیمانی و هاوڕێیانی، وتیشی: ئەوان خۆیان ناوچەیان لە پێکدادانێکی بەربڵاودا گلاندبوو، ، هەر بۆیە کۆماری ئێران بە ئۆپەراسیۆنی بەرامبەر لە دژی بنکەی سەربازیی ئەمریکی "عەین ئەسەد"، ئیرادەی یەکلاکەرەوەی بۆ پاراستنی مافی خۆی نیشان دا و سەلماندی ئەگەر ئاژاوەگێڕییەکانی ئەمریکا درێژەی بێت، وەڵامێکی قورس‌تری دەدرێتەوە.

سەرلەشکەر باقری جەختیشی کرد: کۆماری ئیسلامی ئێران حەز بە پەرەدان بە ناکۆکییەکان ناکات، بەڵام هەر جۆرە هەڵمەتێکی ناعەقڵانی و دەستدرێژکارانە بە توندی وەڵام دەداتەوە و هیوادارین بە کشانەوەی ئەمریکا لە ناوچە بنچینە هەموو بشێوی و ئاژاوەکان وشک بکرێت.

شایانی باسە هۆلوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا لەو پەیوەندییە تەلەفونییە وێرای ئاماژە بە پەیوەندیی دۆستانە و برایانەی نێوان ئێران و تورکیا، نیگەرانیی خۆی بۆ گۆڕانکاری و ڕووداوە پەیتا پەیتا و هەستیارەکان لە ناوچە لە پاش تیرۆر و شەهید کرانی سەردار سولەیمانی دەربڕی و وتی: بە باوەڕی ئێمە سەقامگیری و ئاسایش بە قازانجی هەموو وڵاتانی ناوچەیە و ئێمە دەبێ بە پاراستنی سەقامگیری، هاوکاری و هەوڵی هاوبەش رێگە نەدەین تیرۆریستان لە دەرفەتی بەرز بوونەوەی ناکۆکییەکان کەڵک ئاوەژۆیی بکەن.

News Code 30554

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 1 =