ئێران لە ڕیزی پێشەوەی شەڕ دژی ڕژیمی زایۆنی و داگیرکارییە

سەرۆک کۆمار بە ئاماژە بەوەی کە ڕژیمی نوێی ئەمریکا هەوڵی دا کە پرسی فەلەستین بە پارە مامەڵە بکات، جەختی کرد: ئێران هەر زووەوە بەو پیلانانەی دەزانی هەر بۆیە لە ڕیزی پێشەوەی شەڕ دژی ڕژیمی زایۆنی و داگیرکارییە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، حوجەتولئیسلام حەسەن ڕۆحانی ئەوڕۆ (پینج شەممە) لە کرانەوەی سی و سێهەمین کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی یەکگرتوویی ئیسلامی بە ئاماژە بە پرسی فەلەستین وەک رۆژەڤی سەرەکی ئەو کۆنفڕانسە، ڕایگەیاند: ئەگەرچی دوژمنانی ئێمە لە درێژەی ساڵانی ڕابردوو هەوڵیان داوە پرسی قودسی پیرۆز لە زەینی جیهانی ئیسلام بسڕنەوە، بەڵام رای گشتی ئیسلام و موسڵمانان و بلیمەتان رێگەی ئەو کارەیان پێ نادەن.

ڕۆحانی ڕاشیگەیاند: گرینگترین نەخشەیەک کە لە دەیەکانی ڕابردوو لە دژی ئێمە موسڵمانان داڕێژراوە، گومان هەمبەر بەو دەسەڵاتانەیە کە دوژمنیی دێرینەیان لە گەڵ جیهانی ئیسلام هەیە و هەموو هەوڵیان ئەوە بووە کە لە بیرمان بچێتەوە رۆژئاوا و لە سەرووی هەموویانەوە ئەمریکا چ جەنایەتگەلێکیان لە دژی جیهانی ئیسلام ئەنجام داوە.

سەرۆک کۆمار بە ئاماژە بە هەوڵی دۆژمنان بۆ ئاسایی و گشتی کردنی ڕژیمی زایۆنی لە ناوچە و بە تایبەت لای فەلەستینییەکان، بیری هێنایەوە: ڕژیمی نوێی ئەمریکا هەوڵ دەدا پرسی فەلەستین بە پارە مامەڵە بکات و ناوی ئەو کارەی ناوە "مامەڵەی سەدە" و هەوڵی دا قودسی پیرۆز بکاتە پایتەختی داگیرکەران، بەڵام لەو رێگەدا هیچ دەسکەوت و سەرکەوتنێکی بە دەست نەهێنا.

ناوبراو لە درێژەدا جەختی کرد: ئەم شکست و سەرنەکەوتنەی ئەمریکا و دەست و دایەرەکانی دەگەڕێتەوە بۆ ڕابوون و هوشیاریی جیهانی ئیسلام.

ڕۆحانی هەروەها بیری هێنایەوە: لانی کەم لە سێ دەیەی ڕابردوو هەر چی شەڕ و کۆمەڵکوژی و خوێن‌ڕێژییە سەرچاوەی لە ئەمریکا و ڕژیمی زایۆنی گرتووە و پرسی شەڕ و کۆکوژیی خەڵکی ئەفغانستان، یەمەن، عێراق و ... تێکرا دەروەستی بە دووەوە هەیە.

سەرۆک کۆمار بە ورووژاندنی ئەو پرسیارە کە ئایا ئەمریکا هیچکات خزمەتی بە وڵاتێک یان ناوچەیەک کردووە، جەختیشی کرد: یەکەمین پرسی گرینگی جیهانی ئیسلام ئەوەیە کە ئەو گومانە لە زەینی گەنجانماندا بسڕینەوە و تێیان بگەیێنین کە ئەمریکا دۆستی ناوچە و موسڵمانان نییە.

ناوبراو بە ئاماژە بە ڕاشکاویی ڕژیمی ئێستای واشنتۆن و کۆشکی سپی لە بابەتی دەربڕینی ئامانجی تاڵان‌کاریان لە ناوچەیەدا، وتی: ناوچەی ئێمە دەبێ لە لایەن خود وڵاتانی ناوچە ئیدارە بکرێت و ئەگەر بڕیارە فەلەستین ئازاد بکرێت، ئەوا دەبێ بە دەستی موسڵمانانی قارەمانی ناوچەکە و خەڵکی فەلەستین ئازاد بکرێت.

ڕۆحانی لە درێژەدا ڕووانییە ڕووداوەکانی ئێستای عێراق و لوبنان و وتیشی: گومانێکمان لە دۆز و داواکارییەکانی خەڵکی ئەو دوو وڵاتە بۆ ئاسایشی و چارەسەریی کێشەکانیان لە پێناو ئاوەدانی نییە. بەڵام هەن کەسانێک کە سواری ئەو شەپۆلە دەبن و ڕەوتی جەماوەری بەرەو شۆڕش و کوشتوبڕ دەبەن و ئەوە ئەمریکایە کە هەوڵ دەدات ئەو خۆپیشاندانانە بەرەو شەڕی ناوخۆیی ببات.

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەش دا: بە بێ ئەوەی گەلێک بە سەر گەلێکی دیکەدا بنرخێنین، ئەوە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە هەمیشە لە ڕیزی یەکەمی بەرەی شەڕ و بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری و ڕژیمی زایۆنی وەستاوە و لە ماوەی ٤١ ساڵی ڕابردوو بەهای ئەو خۆڕاگری و دوژمنایەتییەی لە گەڵ ئەمریکا و ڕژیمی زایۆنی داوە.

ناوبراو بیری هێنایەوە کە نەک ئیسرائیل و ئەمریکا، بەڵکوو ئەوە فەلەستین و لوبنان و عێراق و یەمەن و ئێرانە کە لە چاو ڕابردوو بە هێزتر بوونە و زیادی کرد: نابێ بێڵین ترسی ئەهریمەنیی دوژمنان دزە بکاتە دڵەکانمانەوە و رێگە بدەین لە دوژمنانەیەتیی ئەمریکا و ڕژیمی زایۆنیدا گومان بکەین.

ڕۆحانی بە ئاماژە بەوەی کە ئێمە لە ناوچەدا بە یەکگرتوویی، هاوڕیزی و برایەتی دەتوانین کێشەکانی خۆمان لە دەریای عەمان، خەلیج فارس، تەنگەلانی هورمۆز، فەلەستین و ... چارەسەر بکەین، ڕایگەیاند:لەو ڕووەوە کۆماری ئیسلامی ئێران پلانی "ئاشتیی هورمۆز"ی ئاراستەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و هەموو رێبەرانی جیهانمان بانگهێشت کرد بۆ کۆتایی هێنان بە دوژمنایەتی و ناکۆکی و دەست هەڵگرتن لە دۆستایەتی ئیسرائیل و ئەمریکا.

News Code 29348

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 1 =