ترامپ: بەغدادی وەک سەگ تۆپی

سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە وتاردانی لەبارەی پرسی کوژرانی سەرکردەی تیرۆریستانی داعش وتی: ئەبووبەکر بەغدادی لە تونێلێکدا لە کاتی پێوشوێن گیرانی هێلەک و پشتوێنەی تەقینەوەییەکەی خۆی تەقاند و وەک سەگ تۆپی.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، دۆناڵد ترامپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە وتاردانی ئەوڕۆ (یەکشەممە) بە بۆنەی کوژرانی ئەبووبەکر بەغدادی سەرکردەی گرووپی تەکفیری – تیرۆریستی داعش، بە بێ ئاماژە بە ڕۆڵی واشنتۆن لە سەرهەڵدانی گرووپگەلی تیرۆریستی لە رۆژهەڵاتی ناڤین، وتی: ئەبووبەکر بەغدادی لە تونێلێکدا لە کاتی پێوشوێن گیرانی هێلەک و پشتوێنەی تەقینەوەییەکەی خۆی تەقاند. تاقیکاریی DNA شوناسی ئەوی سەلماندووە. بەغدادی خوێڕیانە کوژرا و ئەوڕۆ رۆژێکی مەزنە بۆ جیهان.

ترامپ هاوکاتی بەهرەمەندی لەو پرسە بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی، وتیشی: بەغدادی رێبەری تۆقێنەری داعش کوژرا و ئەوڕۆ جیهان بە کوژرانی ئەو بۆتە شوێنێکی هێمن‌تر. بەغدادی خوێڕیانە مرد؛ وەک سەگێک لە کاتی ڕاکردندا تۆپی. دەیزانی تۆنێلی بەڕوودا داخراوە و سەدانسەد دەکوژرێت. لە چەند حەوتەی ڕابردووەوە لە ژێر چاوەدێریماندا بوو. سەربازانی ئێمە بە ٨ کۆپتەر لەوێدا نیشتنەوە و بە هۆی بۆمب‌ڕێژکرانی بەر دەکەی بینای نیشتەجێتیی بەغدادی، دیواری بینایەکیان کون کرد.

زیادیشی کرد: من و ژینڕاڵ میلەر پێکەوە ئەو ئۆپەراسیۆنەمان پێوشوێن دەگرت و ڕووسیا باش لە گەڵماندا جووڵایەوە و رێگەی گەشتی ئاسمانیی بۆ هەموار کردین. عێراقیش هاوکاری کردین؛ هەڵبەت ئەوان نەیاندەزانی ئێمە خەریکی چ کارێکین. کات بە کات ڕاپۆرتی ئۆپەراسیۆنەکەم پێ دەدرا. کوردەکان زانیاریی زۆر باشیان لەوبارەیە پێ داین. ئێمە بە سەر هەندێک ناوچەی ژێر کۆنتڕۆڵی تورکیادا گەشتمان دەکرد و ئەوانیش بە باشی هاوکاریان کردین. هەڵبەت ئەگەر تەقەیان لێ کردبیان، وەڵاممان دەدانەوە.

۴۵مین سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە درێژەدا ئاماژەی بە گرینگیی کێڵگە نەوتییەکانی سووریا بۆ واشنتۆن کرد و ڕایگەیاند: پرسی نەوتی بەلای ئێمەوە گرینگە و کێڵگە نەوتییەکانی دەتوانێ یارمەتیی کوردەکان بدات. ئێمەش دەبێ بتوانین بە ڕێژەی پێویست لەو نەوتە بەهرەمەند بین. زۆربەی دامودەزگاکانی دەرهێنان و بەرهەم هێنانی نەوتی لەو شوێنانە لە ناو چوونە و هەر بۆیە من دەمەوێ ئاسایشی نەوتی دەستبەر بکەم.

ڕاشیگەیاند: لەو ئۆپەراسیۆنە هیچ سەربازێکی ئێمە نەکوژرا؛ تاقە سەگێک بریندار بوو و ئەویش لە تونێلەکە هێنرایە دەرێ. ١١ منداڵ لەو بینایە هێنرایە دەرێ کە نازانین منداڵی بەغدادین یان نا. هەڵبەت چەند منداڵێکیش لە تونێلەکە کوژراون. دەسپێکی ئۆپەراسیۆنە نزیکەی کاتژمێری ٥ی ئێوارەی رۆژی ڕابردوو بووە. دوو ژنیش لەوێ بوون کە هەر دووکیان ژنی بەغدادی بوون و هێلەکی تەقینەوەییان لە بەردا بوو. ئێمە دەزانین جێگرەوەکانی بەغدادی کێن و لە ژێر چاوەدێریمانن.

ترامپ بە ئاماژە بەوەی کە بەغدادی زۆر لە بێن لادێن پڕمەترسی‌تر بووە، وتی:  شوێنی خۆهەشاردانی بەغدادی کۆمەڵەیەکی بەربڵاو  و خاوەن چەندین تۆنێل بوو. ئێمە بۆ نهێنی مانەوەی کارەکە ڕووسیامان لە ناوەڕۆکی ئۆپەراسیۆنەکە ئاگادار نەکردەوە و تەنانەت لەوبارەیەوە هیچمان به نانسی پلۆسی (سەرۆکی دیموکراتی کۆنگریسی ئەمریکا)ـش نەوت. تەنیا مارک ئەسپەر، ڕابێرت ئۆبرایان، مایک پێنس و مایک پەمپێئۆ ئاگاداری ئۆپەراسیۆنەکە بوون. ڕامگەیاند تا کاتی هاتنەوەی هێزەکانمان لەو ئۆپەراسیۆنە هیچ زانیارییەک بڵاو نەبێتەوە، نەبا هێزەکانمان بکەونە بەر هێرش و دەسترێژی.

ناوبراو جەختی لەوەش کرد کە پاشەکشێی هێزەکانی ئەمریکی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەرەوەستی بەو ئۆپەراسیۆنەوە نەبووە.

News Code 29059

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 14 =