کوردەکانی سووریا لە گەڵ دەوڵەتی دیمەشق دانوستان دەکەن

"دەوڵەتی دیمەشق هەوڵی داوە کە دۆخی کوردەکانی سووریا نەبێتە بەرەوڕوو بوونەوەی توند چونکوو ئەوان بە پێکهاتەیەکی سەرەکی لەو وڵاتە دەزانێت."

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی- حەلیمە موڵایی: پاش تێکشکانی هەیمەنەی درۆینی داعش لە سووریا، کوردەکانی ئەم وڵاتە کە لە بەرەی شەڕ دژی تیرۆریستانی تەکفیری  لە سووریا، هاوشان و هاوڕێباز لە گەڵ دەوڵەتی دیمەشق خەباتیان کرد. ئێستا داوای هەندێ هەڤیازی لە دەوڵەتی ناوەندی سووریا دەکەن.

 کوردەکانی سووریا جگە لە داخوازیی بۆ وەرگرتنی مافی شارۆمەندی و مافە کۆمەڵایەتییەکانیان کە دەوڵەتی ئەسەدیش قبووڵی کردووە، داوای مافی خۆبەڕێوەبەریی لە سەر ناوچەکانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەن، داخوازییەک کە بە توندی لە لایەن دەوڵەتی دیمەشق و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی سووریاوە ڕەتکراوەتەوە.

 لە سەروبەندی پێنجەمین ساڵوەگەڕی شکست دانی داعش لە کوبانی لە لایەن کوردەکانی سووریاوە، سەبارەت بە دۆخی ناوچە کوردنشینەکانی ئەم وڵاتە و پەیوەندییان لە گەڵ دەوڵەتی ناوەندی سووریا و دوایین گۆڕانکارییەکانی ئیدلەب لە گەڵ دوکتۆر ڕەزا سەوڵەت، کارناسی پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و کارناسی باڵای پرسەکانی تورکیا دیمانەیەکمان ئەنجام داوە کە دەقەکەی بڵاو دەبێتەوە:

دانوستانی نێوان کوردەکان و دەوڵەتی سووریا بۆچی تا ئێستا نەگەیشتووەتە هیچ ئەنجامێک ؟

لە سەرەتای دەستپێکردنی قەیرانی سووریاوە لە ساڵی ۲۰۱۱ تا ئێستا دەوڵەتی دیمەشق هەوڵی داوە دۆخی کوردەکانی سووریا نەبێتە بەرەوڕوو بوونەوەیەکی زۆر قورس. چونکوو ئەوان بە پێکهاتەیەکی سیاسی سەرەکی لە ناو پێکهاتە جەماوەرییەکانی ئەو وڵاتە دەزانێت کە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانیش زۆر کارامە بوونە. بەڵام پاش چەندین ساڵ و نەمانی هەڕەشەی داعش و تەکفیرییەکان، لە دۆخێکدا کە ئێستا دەوڵەتی ئەسەد دەستی باڵای هەیە؛ ئاوڕدانەوە لە کوردەکان و دیاری کردنی چارەنووسیان لە قەبارەی یەکپارچەیی سووریا گرینگی زۆری هەیە. بەشار ئەسەد پێیوایە : "دوو ڕێگایان لە بەردەمە، یەکێک دەستپێکردنی گفتوگۆ لە گەڵ کوردەکان و ئەگەر ئەوان پێشوازییان لەم رێگەچارە نەکرد، ناچار دەبن بۆ ئازادی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵیان هەنگاو هەڵگرن."

بە ڕای ئێوە کوردەکان کام ڕێگا هەڵدەبژێرن؟

 وادیارە کوردەکان لە ئاکامدا بژاردەی یەکەم هەڵدەبژێرن. بەڵام پێویستە ئەوەش بڵێین کە کوردەکان ئێستا هاوپەیمانی ئەمریکان لە قەیرانی سووریا و بە گوێرەی فەرمانە ئەمنییەکانی واشنتۆن کار دەکەن، بەڵام دۆخی ئێستا ئەوانی خستووەتە سەر دوو ڕێیانێک کە دەبێ بڕیار بدەن و ڕێگایەک هەڵبژێرن؛ چونکوو کوردەکان دەزانن دەوڵەتی سووریا  دژی سیاسەت و پلانەکانی ئەمریکایە و ئەو کارانە بە دەستێوەردانی ئاشکرا لە یەکپارچەیی ئەم وڵاتە دەزانێت؛ لە لایەکی ترەوە کوردەکان لەوە دەترسن بە دووری گرتن لە ئەمریکا، لە بەرانبەر دەوڵەتی ناوەندی سووریا و تورکیاش هەست بە لاوازی بکەن و لە ئەگەری پێکهەڵپرژان لە گەڵ هەر کامیان، تێکشکان ئەنجامی کۆتاییان بێت.

لەم نێوانەدا کوردەکانی سووریا هەڤگرییان بە خاکی سووریا و دەوڵەتی ئەم وڵاتە زیاترە و دەیانەوێت لە گەڵ دەوڵەتی دیمەشق ڕێککەون. سیپان حەمۆ، فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دەڵێت: هەوڵی زۆر بۆ بەڕێوەچوونی دانوستان ئەنجام دراوە و هەڵوێستی دەوڵەتی بەشار ئەسە ئەرێنی بووە.

هەروەها شاندێک لە ئەنجومەنی سووریا دیمۆکراتیک بە سەرۆکایەتی ئیلهام ئەحمەد ، سەرۆکی جێبەجێ کاری ئەم ئەنجومەنە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لە گەڵ دەوڵەتی سووریا چووەتە دیمەشق.

بە گشتی گفتوگۆ بژاردەی سەرەکی دوو لایەنە بەڵام کەسانێکیش هەن کە جەختیان لە سەر بژاردەی شەڕە. بۆ وێنە،عایشە حەسۆ، سەرۆکی هاوبەشی "پارتی یەکێتی دیمۆکراتیکی کوردی سووریا" کە یەکێکە لە سەرەکی ترین پارتەکانی بەشدار لە ئەنجومەنی دیمۆکراتیکی سووریا، چەندین جار جەختی کردووەتە سەر بژاردەی شەڕ لە گەڵ دەوڵەتی سووریا.

داهاتووی ئەم دانوستانانە چۆن لێکدەدەنەوە؟

ڕاستی ئەوەیە کوردەکانی سووریا لە یاریەکی دژوار تێوەگلاون کە سەریان لێشێواوە چۆن بێنەدەرەوە؛ هاوکێشەی ئەم یاریە بەم جۆرەیە کە هەر کات هەڵوێستەکانی ئەمریکا و تورکیا سەبارەت بە پرسی سووریا لێکتر نزیک دەبێتەوە، کوردەکان بەرەو لای دەوڵەتی ئەسەد وەردەسووڕن؛ و کاتێک ناکۆکی نێوان ئەمریکا و تورکیا زیاتر دەبێتەوە، کوردەکان دۆخی خۆیان باشتر دەبینن و دەیانەوێت دژایەتی دەوڵەتی فەرمی سووریا بکەن.

بەمەشەوە کوردەکان باش دەزانن ئەمریکا دەست لە هاوپەیمانی ستراتێژیکی خۆی لە ناتۆ، واتا تورکیا، بۆ کوردی سووریا هەڵناگرێت، کەوایە باشترە بژاردەی دانوستان لە گەڵ دەوڵەتی سووریا بە جدی پێوشوێن بگرن.

 کوردەکانی سووریا زۆر جار ڕایانگەیاندووە کە لە سەردەمی دوای داعش، هەرگیز ناگەڕێنەوە بۆ دۆخی ڕابردوویان، لە باری مافەوانی، ئیداری و شارۆمەندیەوە، ئەوان سوورن لە سەر وەدەست هێنانی خۆبەڕێوەبەری لە ناوچە کوردنشینەکان، ئەمە لە حاڵێکدایە کە دەوڵەتی سووریا ئە داخوازیە بە توندی ڕەت دەکاتەوە. چ ڕێکارێک هەیە  کە تا ڕادەیەک گرێ کوێرەی ئەم کێشە بکاتەوە؟

 ئەنجومەنی دیمۆکراتیکی سووریا کە بە باڵی سیاسی هێزی دیمۆکراتیکی سووریا ناسراوە و ئەمریکاش پشتگیری دەکات، نزیک بە ۲۷ لەسەد لە باکووری سووریای بە دەستەوەیە. جگە لە ناوچە کوردنشینەکان هەندێ ناوچەی عەرەب نشینی وەک رەقەی بە دەستەوەیە کە بە جۆرێک دەستی باڵای بۆ ئەوان دروست کردووە. هەروەها کە وتمان، کوردەکان لە بەر هۆکاری جیاواز دانوستانیان پێی باشترە  بەڵام بە هۆی بەرەنگاریی لە گەڵ داعش هەر وەک دەوڵەتی سووریا خۆیان بە خاوەن ماف دەزانن و  بە دوای وەرگرتنی هەڤیازی لەوانە بە فەرمی ناسینی مافەکانی کەمینەی کورد، فێرکاری زمانی کوردی و خۆبەڕێوەبەرین. ئەم خاڵە بە جۆرێک بووەتە جێگای مشتومڕ لە دانوستانەکانی کوردەکان و دەوڵەتی سووریا.

لە سەر دوو خاڵی یەکەم واتا مافەکانی کەمینەی کورد و زمانی کوردی کێشە نییە و دەوڵەتی سووریا  لە سەرەتای شەڕی داعش، بۆ ئەوەی گوشار بخاتە سەر تورکیا و دڵی کوردەکانی ڕاگرێت، هەموو ئەمانەی بە فەرمی ناسی، بەڵام خاڵی سێهەم واتا خۆبەڕێوەبەریی تا ڕادەیەکی زۆر دژایەتی دەوڵەتی سووریا و هەروەها تورکیا بە دواوەیە کە لەم دۆخە شڵەژاوەدا دەوڵەتی سووریا نایەوێت تەنگژەیەکی نوێ بەردەمی بگرێت. هەر بۆیە تا ئیستا ئەو دانوستانانە ئەنجامی نەبووە.

سەرەکیترین پێشنیارەکان بۆ ڕاکێشانی ڕای هەر دوولایەن "دروست کردنی ناوچەی ئەمن" لە سنووری تورکیایە کە دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاندووە. ئامانج لەم پێشنیارە، ڕێگرییە لە پەلاماری سەربازی تورکیا دژی کوردەکانی سووریا. واشنتۆن گوشاری خستووەتە سەر هاوپەیمانە کوردەکانی خۆی کە نەرمی نیشان بدەن بەرانبەر دروست کردنی ناوچەی ئەمن. بەڵام راستی ئەوەیە کە ئەم پێشنیارە کاتیە و پرسی کوردەکان دەبێ لە ئاستی ناوچەدا چارەسەر بێت.

لە دۆخی ئێستادا ڕێگای دیمۆکراسی ئەنجومەنی دەتوانێ گرێ کێشەکە بکاتەوە.دیمۆکراسی ئەنجومەنی بە جەخت لە سەر ۴ پێوەری هاوبەشی نێونەرانی هەموو گرووپە سەرەکییە ئیتنیکیەکان لە بڕیاردانی سیاسی ، خۆبەڕێوەبەریی ئەم گرووپانە لە ئیدارەی کاروباری ناوخۆیی خۆیان، مافی وێتۆ بۆ کەمینەکان دەتوانێ شێوازی گەیشتن بە  دیمۆکراسیەکی گونجاو لە کۆمەڵگایەکی فرە نەتەوەی وەک سووریا بە بەشداریی کوردەکان و عەرەبەکان بڕەخسێنێت.

دەوڵەتی سووریا بۆ کۆنتڕۆڵ کردنەوەی ئیدلەب ؛ ئامادە و چاوەڕوانی کاتژمێری سیفرە، گۆڕانکارییەکانی ئەم پارێزگا چۆن دەبینن؟ کۆبوونەوەی سێ لایەنەی ئەنقەرە چ کاریگەرییەکی لە سەر دۆخی ئیدلەب دەبێت؟

سوپای سورریا بە دوای کۆنتڕۆڵ کردنەوەی دووبارەی ئیدلەبەوەیە و ئەوەش بە مافی سەروەریی خۆی دەزانێت، هاوکات دەوڵەتی تورکیا هەوڵ دەدات لە ڕێگای دان و ستاندنەوە لە گەڵ ڕووسیا تا ئەو جێگایەی دەتوانێت ئەم ناوچەیە هەر وەک عەفرین و ناوچەی ناسراو بە قەڵغانی فورات لە باکووری سووریا  لە کۆنتڕۆڵی خۆیدا بهێڵێت. گفتوگۆی سێ قۆڵی کاتێک دەگاتە ئەنجام کە سووریا دۆخەکەی پاوەجێ بێت؛ چونکوو ئەگەر وا نەبێت، بە بەهێز بوونەوەی زیاتری سوپای سووریا و ئەرخەیان بوونیان لە تەواو بووونی شەڕی داعش، ئیدی دەست هەڵگری هیچ خاڵیک لەو وڵاتە نابێت و دانوستان لە سەر هیچ ناکات.

دەوترێت دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەوەی کە ئیدلەب ئازاد نەبێت و کوردەکان دەستیان بە عەفرین نەگات، (تا گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی جێگای پەسەندی ئەنقەرە) زیاتر لە ڕابردوو یارمەتی گرووپە چەکدارەکان دەکەن، رای ئێوە چییە؟

 ئەردۆغان لە ڕێوڕەسمی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە زانکۆکانی تورکیا، جەختی کرد: تورکیا تەنانەت لە ئەگەری ناگاتە ئەنجام بۆ دانانی ناوچەیەکی ئەمن لە ڕۆژهەلاتی فورات، لە ماوەی دوو حەوتەی داهاتوودا ئەم ئۆپراسیۆنە جێبەجێ دەکات.

ئەم دۆخەی ئێستا لەو ناوچەیە هاتووەتە ئاراوە، پەیوەندی ڕاستەوخۆی لە گەڵ ئاسایشی تورکیا هەیە و بۆیە ئەم وڵاتە لە بەرانبەر ڕووداوەکانی دژ بە ئاسایشی خۆی کڕنۆش ناکات و بە دوای وەرگرتنی هەڤیازی و دڵنیا بوون لەکۆنتڕۆڵی هەڕەشەی کوردەکانە.

ڕاستی ئەوەیە کە کوردەکان بە پێچەوانەی ڕابردوو، باسیان لە حەز بە دانوستان لە گەڵ تورکیا  کردووە. ئەم خواستە دەتوانێ بە نێوبژیوانی ئەمریکا بێتە دی. وا دیارە دانوستانی کوردەکان لە گەڵ دەوڵەتی تورکیا دەتوانێت مەترسی بێت لە سەر دەوڵەتی سووریا.

بەڵام ئەوەی کە ڕوون و ئاشکرایە، ئەمەیە کە دوو لایەن بە دوای بەرژەوەندی و ئاسایشی خۆیانەوەن و بۆ وەدەست هێنانی ئەو ئاسایشەش هەموو ئامێرێک بەکار دێنن. تورکیا بۆ ئەم کارە کەڵك لە گرووپە چەکدارەکان دەبات.  

ئەگەرچی بە گوێرەی ڕێککەوتنی سوچی ڕێکخراوە هەواڵگری و سەربازییەکانی تورکیا دەبێ هەوڵ بدەن بۆ ئەوەی گرووپی تەحریرولشام  چەک دابنێت یان تەڤلی "بەرەی ئازادیی نەتەوەیی" لە ئیدلەب (پێکهاتوو لە ۱۱ گرووپی ژێر دەسەڵاتی سوپای ئازادی سووریا)ببێت. بەڵام سیاسەتەکانی وڵاتانی دیکە دەبێتە هۆی گۆڕانی سیاسەتەکانی تورکیاش.  نابێت لە بیری بکەین کە تورکیا کوردە سەربەخۆکان بە هەڕەشە دژی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت و هەرگیز کوردی خۆبەڕێوەبەر قبووڵ ناکات.

پلانەکانی A و B و C کە تورکیا بۆ باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا باسی دەکات، دژبەر و پاڵپشتی لە ناوچەکە زۆرە ، بەڵام وا دیارە کە پلانی C کە هەمان جێگیر کردنی سوپای سووریا و دەوڵەتی ناوەندی لە باکووری ئەم وڵاتە لە شوێنی هێزە کوردەکانە ( بۆ نەهێشتنی مەترسی کوردەکانی نزیک لە پەکەکە) زۆربەی لایەنەکان پێی ڕازین . هیوای ڕێککەوتنی تورکیا و سووریا لە داهاتوویەکی نزیک ،هەیە؟

جیهانی سیاسەتی نێودەوڵەتی و پەیوەندی نێوان یەکە سیاسیەکان لە سەر بنەمای پێداویستییەکانی ڕۆژ روو دەدات. یەکە سیاسیەکان کە عەقڵیەت و پێوشوێنگیری بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانیان کردووەتە مانشێتی سیاسەتی دەرەوەیی خۆیان بە باشی دەزانن کە پێداگری لە سەر سیاسەتی پێشوو، دەبێتە هۆی شکست و لە کیس چوونی بەرژەوەندییەکان.

تورکیا وەک یەکەیەکی سیاسی وردبین، ئەمڕۆ بۆ دابین کردنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی خۆی ، سیاسەتەکانی سەبارەت بە سووریا و ناوچەکە  هاوڕێژ لە گەڵ گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانی سووریا دەگۆرێت و ڕەنگە لە گەڵ دەوڵەتی بەشار ئەسەدیش ڕێکبکەوێت. بەڵام لەبارەی داهاتووی ئەم پەیوەندییانەوە چەند خاڵ جێگای گرینگی پێدانە:

شوناسی سەربەخۆی کوردی لە سووریا بۆ تورکیا مایەی قبووڵ کردن نییە و بەردەوام وەک ئاگری ژێر خەڵۆز بووە.     

 سیاسەتەکانی دەوڵەتی سووریا و گۆڕانکارییەکانی پەیوەندی تورکیا و سووریا لە کاتی دروست بوونی قەیرانەوە لەم وڵاتە.

بوون و هەیمەنەی دیکەی هێزەکان لە سووریا لەوانە ڕووسیا و ئێران.

 ئەگەری بە دەسەڵات گەیشتنی گرووپە توندڕەو و تەکفیرییەکان کە دژی سیاسەتە گشتیەکانی ئەنقەرەیە.

 کەواتە داهاتووی پەیوەندییەکان و جێبەجێ کردنی پلانە باس کراوەکان تا ڕادەیەکی زۆر بەستراوە بە ڕێژەی پاوەجێی ناوخۆیی سووریاوە.

لە سووریای شڵەژاو و نا ئەمن جێبەجێ کردنی پلانەکانی تورکیا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ و لە ڕێگای پشتیوانی لە گرووپە تایبەتەکانەوە دەلوێت. بەڵام لە سووریای پاوەجێدا پلانەکانی نزیک لە دەوڵەتی ئەسەد ئیمکانی هەیە. کەواتە جێبەجێ کردنی پلانەکان تا رادەیەک پەیوەستە بە چارەسەریی هاوکێشەکانەوە.

لە پێنجەمین ساڵوەگەڕی ئابلۆقەی کۆبانی داین، زۆر شار بە دەستی داعش ڕووخان و دووبارە ئازاد کرانەوە، هیچ کام وەک کۆبانی نەبوونە نمانەی بەرخۆدانی خەڵکی سووریا و نەبوونە رەمزی (دەستپیکی کۆتایی هاتنی داعش)، بۆچی؟

ئابلۆقەی شاری کوردنشینی کۆبانی (عین العرب) لە باکووری سووریا لە ڕۆژی ۱۳ تا ۱۶ سپتامبێری ۲۰۱۴ . بەرخۆدانی ئەم شارە لە بەرانبەر داعش کە لە سەردەمی  بەهێزیی داعش بوو و بەرخۆدانی خەڵکی کۆبانی بووە هۆی تێکشکانی هەیمەنەی ئەم گرووپە.

تەڤل بوونی ژنان و پیاوانی پیر و تەنانەت گەنجان بە یەپەگە و یەپەژە و شەڕ لەگەڵ داعش بۆ نزیک بە شەش مانگی بەردەوام (تا ۱۵ ی  مارس ساڵی ۲۰۱۵) شکاندنی ئابلۆقەی سەر کۆبانی و ئازاد بوونی ئەو شارەی لێکەوتەوە.

ئەوەی کە ناوی کۆبانی وەک سەمبۆلی بەرخۆدانی خەڵکی سووریا مایەوە بەو هۆیە بوو کە تا چەندین مانگ هیچ پشتیوانیەک لەم شارە نەکرا و ئەم بەرخۆدانە حەماسیە کاریگەریی  زۆری لە سەر سیاسەت و هەڵوێست گرتنەکانی لایەنەکان دانا تا کوو کۆبانی بووە ڕەمزی " دەستپێکی کۆتایی هاتنی داعش".

سەرەڕای بڕیاری ئەمریکا بۆ کشانەوە لە باکووری سووریا، دەبینین هەموو ڕۆژێ هێزی زیاتر دەنرێتە ئەم ناوچەیە، هۆکارەکانی ناردنی هێزی ئەمریکی بۆ سووریا چییە؟ گەلۆ بۆ بەرگری لە پەرەسەندنی هەژموونی ئێران و ڕووسیایە؟

 ئەمریکا پلانی بۆ ناردنی هێزی زیاتر بۆ سووریا نییە و ئەمانەش کە  ئێستا دەینێرێت ئەو ۸۰۰ تا ۱۵۰۰ هێزەیە کە هاوپەیمانە ئەوروپاییەکانی ئەمریکا بەڵێنیان داوە بۆ چاودێری لە ناوچەی ئەمنی سووریا بیاننێرن.

ڕاستی ئەوەیە کە بەو ژمارە هێزە کەمەی ئەمریکا لە سووریا هەیەتی پرسی کۆنتڕۆڵی هەژموونی ئێران و ڕووسیا تا رادەیەک کەمڕەنگ دەبێت و ئەمریکا هەوڵ دەدات بۆ ئەم ئامانجەی ، ئامێری دیکە بەکاربێنیت.

ئەمریکا چی لە باکووری سووریا و کوردەکانی ئەم وڵاتە دەوێت؟

 ئەمریکا بە پەرەسەندنی قەیرانی سووریا لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتە لە هەوڵی ئەوەدایە هەژمونی و قووڵایی ستراتێژیک بۆ خۆی وەدەستبێنێت. بەم بۆنەوە لە کوردەکانی ئەم ناوچەیە نزیک بووەوە و پرچەکی کردن.

گەڵاڵەی ڕۆژهەڵاتی ناڤینی گەورە کە وڵاتان بە گوێرەی نەتەوەی هاوبەش لە سنوورێکدا کۆدەکاتەوە هەمیشە سیاسەتی ئەمریکا بووە و دەتوانێ لەبەر هۆکاری هەڤیازی گرتن لە تورکیاش بێت.

News Code 28446

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 1 =