بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، رۆیتێرز بە بڵاوکردنەوەی ئەو مانشیتە، نووسی: بۆ چەند مانگێک دەچێت کە ناوبژیگەران بە شێوەی نهێنی پەیامگەلێک لە نێوان واشنتۆن و تاران ئاڵوگۆڕ دەکەن بەو هیوایەی رێگەیەک بۆ سەقامگیریی ئەفغانستان دەستەبەر بکەن.
سەرچاوەیەک کە ناوی ئاشکرا نەبووە، بە ڕۆیتێرزی ڕاگەیاندووە: ئەفغانستان پرسێکی هاوبەشە بۆ هەر دوو وڵات و هەر دوو بەرژەوەندیی هاوبەشیان تێدا هەیە.
هەڵبەت رۆیتێرز لە درێژەدا باسی لەوەش کردووە کە کۆشکی سپی لە وەڵامدانەوە و ڕوون کردنەوە لەوبارەیە خۆی بواردووە و ئێرانیش بە فەرمی بوونی هەر جۆرە کۆریدۆرێکی نهێنی بۆ پەیوەندی لە گەڵ ئەمریکای ڕەت کردۆتەوە.
بە وتەی ئەو هەواڵدەرییە، ئەگەرچی جێی بڕوا نییە کە لە میانەی شەڕ و ناکۆکیی نێوان ئێران و ئەمریکا، دوو وڵات سەبارەت بە پرسی ئەفغانستان گفتوگۆ بکەن، بەڵام سەرچاوەیەکی هەواڵ کە پەیوەندی لە گەڵ بەرپرسانی ئێرانی و ئەمریکی هەیە، لەوبارەیەوە وتی: بەرپرسانی ئێرانی دەڵێن ئەگەر ئەمریکا ئاگاداری بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بێت و بیەوێ بە پێی ڕیزی بەرامبەر سەبارەت بەو بەرژەوەندیانە لە گەڵ ئێراندا گفتوگۆ بکات، تارانیش ئامادەی دانوستان دەبێت.
سەرچاوەیەکی دیکەش دەڵێت: دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا سەبارەت بە ئەفغانستان دەتوانێ دەسپێکێک بێت بۆ کەمکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران سەبارەت بە پلانی ناڤۆکی ئێران و ئەوە لە کاتێکدایە کە تاران پێشتر هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان و ڕەخسانی هەڵی هەناردەی نەوتی وەک پێشمەرجی دانوستانەکان ڕاگەیاندبوو.
بۆچوونی ئێوە