ئێران ناتوانێت یەک لایەنە پابەندی ڕێککەوتنی ناڤۆکی بێت

سەرۆک کۆمار وتی: ئێران ناتوانێ یەک لایەنە و تاقە لایەنی پابەند بە بەرجام بێت و وڵاتانی دیکەش پێویستە پشکی خۆیان بۆ پاراستنی ئەو ڕێککەوتنە گرینگە راپەڕێنن.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، حەسەن ڕۆحانی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ (شەممە) لە پێنجەمین لووتکەی سەرکردەکانی کۆنفڕانسی پەیوەندی و متمانەسازی لە ئاسیا (سیکا) کە لە دووشەممەوە لە بیشکەکی پێتەختی کازاخستان بەڕێوە دەچێ، وتی: ئێران هاوبەشی لە گەڵ وڵاتانی ناوچە و کەڵک وەرگرتن لە میکانیزمی گفتوگۆی چەند قۆڵیی لە قەوارەی کۆبوونەوەکانی سیکا بە سوود، پێویست و کارا دەزانێت و وەک سەرمایەیەک بۆ سازدانی جیهانێکی بەری لە هەڵاواردن، تیرۆریزم، پاوانخوازی، زەخت و نادادپەروەری لێی دەڕوانێ.

ڕۆحانی بە ڕاگەیاندنی ئامادەیی ئێران وەک ئەکتەرێکی کارای ناوچە بۆ تۆمار و پەسندکردنی هەوڵی چەند قۆڵی سیاسی و ئەمنی لە گەڵ ئەندامانی سیکا لە پێناو دەستەبەر کردنی ئاسایش و ئاشتی هەمووانی، جەختی کرد: دەستێوەردانی دەرەکی هەندێک لە دەسەڵاتەکان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی ناوچەی رۆژهەلاتی ناڤین، سیاسەتی شەڕئاژۆیانەی یەک لایەنە، تیرۆریزم و توندئاژۆیی، پەیمان شکێنی و یاسابەزاندنی ئاشکرایان لە پرسە هاوپەیوەندەکان بە ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی و لەوان ڕێککەوتنی گرینگی ناڤۆکی ناسراو بە بەرجام، ناوچەی ئێمەی کردۆتە یەکێک لە قەیراناوی‌ترین ناوچەکانی جیهان.

سەرۆک کۆماری ئێران لە درێژەدا بە ئاوردانەوە لە پرسی بەرجام و پشت‌ڕاست کرانەوەی بەردەوامی پابەندیی ئێران بە بەڵێنەکانی لە لایەن ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی سەرەڕای کشانەوەی ئەمریکا لەو ڕیککەوتنە و داسەپاندنەوەی یەک لایەنەی گەمارۆ نایاساییەکانی لە دژی ئێران، ڕایگەیاند: بەوەشەوە لامان وایە کە ڕاپەراندنی  بەڵینەکان لە لایەن هەموو لایەنەکانی بەرجامەوە ڕۆڵێکی گرینگی دەبێ لە پەرەسەندنی سەقامگیریی ناوچەیی و جیهانی. بێ گومان ئێران بە شێوەی یەک لایەنە ناتوانێ پابەندی بەرجام بێت و پێویستە وڵاتانی دیکەش پشکی خۆیان بۆ پاراستنی ئەو ڕیککەوتنە گرینگە ڕاپەڕینن.

وتیشی: ئیستا کە نیازپاکیی و تاقەتی ستراتژیکی ئێمە لە لایەک و یاسابەزاندن و نابەڵێنیی ئەمریکا لە لایەکی دیکەوە بۆ هەمووان سەلمێندراوە، کۆماری ئیسلامی ئێران وێرای ڕاگەیاندنی ئەمادەیی بۆ هەر جۆرە دانوستانێک، بڕیاری داوە کە بە پێی بڕگەکانی ٢٦ و ٣٧ی بەرجام پابەندییەکانی بۆ گەڕاندنەوەی هاوکێشە لەو ڕێککەوتنە کەم بکاتەوە و لە ئەگەری وەرنەگرتنی وەڵامی گونجاو بە ناچار هەنگاوی زیاتر لەوبارەیە هەڵدەگرین.

ناوبراو هەروەها بە ئاماژە بە ڕۆڵی تێکدەرانەی سیاسەتگەلی ئیستای ئە،ریکا لە ناوچە و دۆخی ئێستای فەلەستین، ڕاشیگەیاند: کەمتەرخەمیی کۆمەڵگەی جیهانی هەمبەر بە هەڵمەتە ناڕەواکانی ڕژیمی زایۆنی و هەنگاوی نایاسایانەی گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا بۆ قودسی پیرۆز و پاڵپشتیی لە پەیوەست کردنی بەرزاییەکانی گوڵان بە ڕژیمی زایۆنی و درێژەدان بە سیاسەتی داگیرکاریی بۆتە هۆی ئاڵۆزتر بوونی ڕەوتی گەیشتن بە وەڵامێکی کۆگر و دادپەروەرانە لە بەردەم قەیرانەکان و پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئاورێکی جیدی بداتەوە لە ئەرکەکانی سەرشانی.

ڕۆحانی وێڕای وەبیر هێنانەوەی خەباتی ئێران دژی تیرۆریستانی تەکفیری لە عێراق و سووریا، وتی: ئێران لە عێراق و سووریا بۆ ئاشتی و سەقامگیری تێکۆشا، لە ئەفغانستاندا لە دژی توندئاژۆیی ڕۆڵێکی کارای لە هاوکاری کردنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا گێڕا و ئێستاش لە یەمەندا بۆ چەسپاندنی ئاشتی و پلانی گفتوگۆی هەمەگری یەمەنی - یەمەنی هەموو هەوڵی خۆی خستۆتە گەڕ و خوازیاری وەستاندنی ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکانە.

سەرۆک کۆمار لە کۆتاییدا بە ئاماژە بە پێگەی تایبەتی جوگرافیی وڵات و بەهرەمەندبوون لە ژێرخانی بە هێزی پیشەسازی و تەکنۆلۆژیایی و هێزی مرۆیی لێهاتوو، جەختی لە ئامادەیی ئێران بۆ پێشوازی لە ئامادەبوون و چالاکیی بازرگانان و کۆمپانیاگەلی ئەندامی ئەو کۆنفڕانسە کرد و جەختی کرد:  لە هەلومەرجی ئێستای جیهان وڵاتێک بە تەنیایی توانای بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگ و ململانێکان و بەهرەمەند بوون لە دەفرایەتییەکانی نییە و بۆ مسۆگەر کردنی ئاستێکی گونجاو لە ئاشتی، سەقامگیری و گەشە، پەرەسەندنی هاوکاری و گفتوگۆی ناوچەیی بە ئامانجی لێکگەیشتنی زیاتر پێویستە.

News Code 26943

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 15 =