دەستپێکەری شەڕ دژی ئێران، کۆتایی هێنەری نابێت/ ئەرووپا بەرجام جێبەجێ بکات

وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: ئێمە دەستپێکەری هیچ شەڕێک نەبووین و ناشبین بەڵام ئەو کەسەی شەڕ دەستپێبکات بێ گومان کۆتایی هێنەری نابێت.

 بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، محەمەد جەواد زەریف نیوەڕۆی ئەوڕۆ (دووشەممە) لە پرێس کۆنفڕانسی هاوبەش لە گەڵ "هایکۆ ماس" وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند: گفتوگۆی زۆر جیدی، ڕاشکاوانە و دوورودرێژمان سەبارەت بە ئامانجە هاوبەشەکان بوو و لەمناوە پاراستنی بەرجام و پێشگری لە ناکۆکی و پێکدادان لە ناوچە و هەروەها بەهرەمەند بوونی خەڵکی ئێران لە بەرژەوەندییەکانی بەرجام پرسە سەرەکییە هاوبەشەکانی نێوان ئێران، ئەڵمانیا و یەکێتی ئەورووپایە.

ناوبراو بە ئاماژە بە هەنگاوە دژە ئێرانییەکانی ئەمریکا، وتیشی: ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە لە دژی ئێران شەڕی ئابووری گرتۆتە بەر، ئەو شەڕە بۆ ناوچە، جیهان و ڕیسای نێودەوڵەتی زۆر مەترسی سازە. هەنگاوەکانی ئەمریکا لە پاش کشانەوەی لە بەرجام بە بڕوای ئێمە کردنە ئامانجی ئێرانە کە بڕیار بوو زۆرترین بەرژەوەندیی لە بەرجام پێ بگات.

زەریف جەختی کرد: بەوەشەوە کۆماری ئیسلامی ئێران سەلماندوویەتی کە پابەندی بەڵینە نێودەوڵەتییەکانی خۆیەتی و ڕاپۆرتەگەلی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت. هاوکات کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێ مافی خەڵکی خۆی دەستەبەر بکات و ئەو مافە لە مادەی ٣٦ی بەرجام بە فەرمی ناسراوە.

وەزیری دەرەوە لە درێژەدا ڕایگەیاند: کێشەی رۆژهەڵاتی ناڤین کێشەی سیاسەتگەلی دەستدرێژکارانەی ڕژیمی زایۆنی و پاڵپشتیی لە ڕادە بەدەر لەو جەنایەتانەیە. کێشە ئەوەیە کە بە پێچەوانەی یاسا و ڕیساگەلی نێودەوڵەتی، داگیرکاریی ڕژیمی زایۆنی بە فەرمی ناسراوە و هەڵمەتی دژە مافی مرۆیی ڕژیمی زایۆنی لە بیر کراوە.

ڕاشیگەیاند: کێشەی ناوچە ئەوەیە کە ئەمریکا هەوڵ دەدا بە جەنایەتێکی نوێ بە ناوی مامەڵەی سەدە مافی خەڵکی فەلەستین پێشێل بکات.

زەریف بە ئاماژە بەوەی کە کۆمەڵگای ئێمە پابەندی پرێنسیپی ئەخلاقییە، جەختیشی کرد کە ئێمە دەسپێکەری هیچ شەڕێک نەبووین و نابین، بەڵام ئەو کەسەی شەڕ دەستپێبکات بێ گومان کۆتایی هێنەری نابێت.

وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەوەش دا: شەڕ و ناکۆکیی نوێ لە ناوچەی ئێمەدا لە ئاکامی شەڕی ئابووریی ئەمریکا لە دژی ئێرانە کە بەڕێز ترامپ بە ئاشکرا ئەو شەڕە ئابوورییەی ڕاگەیاند. تاقە رێگەی کەم کردنەوەی کێشەکانی ناوچە وەستاندنی شەڕی ئابوورییە.

ناوبراو ڕاشیگەیاند: چاوەروانی ئێمە لە ئەورووپا تەنیا جێبەجێ کردنی بەرجامە.

News Code 26850

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 2 =