خەڵکی هەرێمی کوردستان پێشوازی زۆر باش لە فیلمە دوبلاژ کراوەکانی ئێران دەکەن

کامەران نووری گوڵاڵە، ئەکتەری ناسراوی کورد دەڵێت: فیلمە كۆمەڵایەتییەكانی ئێران لەبەر نزیکی فەرهەنگی و کلتووری لە هەرێمی کوردستان زۆر پێشوازی لێدەکرێت.

کامەران نووری لە گفتوگۆ لەگەڵ هەواڵنێری مێهر سەبارەت بە بارودۆخی بەرهەم هێنانی فیلم لە هەرێمی کوردستان وتی: دۆخی بەرهەمهێنانی فیلم لە هەرێمی كوردستان لە ئێستادا وەك پێویست نییە بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی كە هەیە، هەرچەندە هونەرمەندانی فیلمساز هەمیشە لە هەوڵدان و فیلم بەرهەم دەهێنن بەڵام بە گشتی دۆخەکە باش نییە.

وتیشی: ئەم بارودۆخەی ئێستا كاریگەری زۆری خستۆتە سەر ئەوەی كە سپۆنسەر بۆ بەرهەمهێنانی فیلم و  كارە هونەرییەكان وەك پێویست نەبێت و زۆر كەم بێتەوە، ئێستا زۆرێک لە فیلمسازان بە پاڵپشتی وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێمی كوردستان فیلم بەرهەمدەهێنن و تەنانەت كۆمپانیاكان بۆ سازدانی فیستیڤاڵی فیلم تەواوی بودجەی فیستیڤاڵەکە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەردەگرن.

بە وتەی کامەران نووری خەڵكی كوردستان پێشوازییەكی زۆرباشی هەیە بۆ بینینی فیلم و زانیارییەكی باشییان هەیە لەسەر فیلمی كوردی و فیلمە جیهانییەكان.

ئەو لە وڵامی پرسیارێکدا کە تا چ ڕادەیەک بەرهەمی دەرهێنەرانی کورد ڕەنگدانەوەی ژیانی خەڵکی کۆمەڵگای خۆیەتی، پێیوایە کە هونەرمەندان و فیلمسازانی كورد بە ڕێژەیەكی باش توانیویانە كلتور و ژیانی میللەتی كورد بخەنە بەر دیدەی بینەری كورد و جیهان. هەوڵەكانیش بەرەو باشتر دەڕۆن.

لەبارەی پەیوەندی هونەرمەندانی هەرێمی کوردستان و هونەرمەندانی ئێرانیشەوە وتی: ئەو پەیوەندییە لە ئاستێکی باشدایە بە تایبەت هونەرمەندە کوردەکانی ئێران، كە بە پێویستی دەزانم ناوی کۆمپانیای ستاک فیلم بهێنم کە كاریگەری تەواوی هەیە بۆ برەودان بەو پەیوەندییە و هەمیشە لە خزمەتی هونەر و هونەرمەندانی هەرێمی كوردستان بووە.

ئەو ئەکتەرە وتیشی: بە رای ئێمە هونەرمەندان لە هەرشوێنێك بن پێویستییان بە ۆرك شۆپ و گۆڕینەوەی زانیاری هونەری هەیە بۆ پێشكەوتنی زیاتری بواری فیلمسازی، چ هونەرمەندانی ئێران بێن بۆ هەرێمی کوردستان  بۆ سود وەرگرتن لە ئەزموونی هەرێم و چ هونەرمەندانی هەرێم بێنە ئێران بۆ سود وەرگرتن.

 سەبارەت بە ئاستی فیلم و سینەمای ئێرانیش وتی: ئاستی پرۆفشناڵی فیلمی كوردی لە هەموو شوێنە کوردنشینەکانی جیهان و لەوانەش ئێران زۆر باشە و بە دڵنیاییەوە چاوەڕێی باشتریش دەكەین بەتایبەت كە زۆرێك لەو فیلمانە لە فیستیڤاڵە جیهانییەكاندا خەڵاتی باشییان بەدەست هێناوە.

 کامەران نووری لە وڵامی پرسیارێکی مێهر لە سەر ئەو فیلمە ئێرانیانەی کە بە دوبلاژی کوردی لە کەناڵەکانی هەرێمی کوردستان بڵاو دەبێتەوە ڕایگەیاند: دۆبلاژكردنی فیلمە كۆمەڵایەتییەكانی ئێران بۆ بینەری كورد پێویستە بە هۆی بوونی نزیکییان لە کلتور و هونەردا و  بوونی پەیامی مرۆڤایەتی لەو فیلمانەدا، هەر بەهۆی ئەم هۆكارانەوە ئەم بەرهەمانە بینەرێكی زۆر باشی هەیە و پێشوازی لێدەكرێت.

ئەوەشی وت کە بە داخەوە لە ئێستادا هەندێ بەرهەمی وڵاتانی تر  دۆبلاژ دەكرێت كە زۆر دوورە لە کلتور و فەرهەنگی ئێمەوە و کاریگەری خراپی ئەبێت لەسەر ڕەفتار و بیرکردنەوەی هەندێك لە بینەران، هەرچەندە بەخۆشحاڵییەوە بینەری كورد زۆر بە وریایی و زانستییەوە بەرهەمی هونەری هەڵدەبژێرێت بۆ بینین.

کامەران نووری لە کۆتاییدا ڕایگەیاند کە لە ئێستادا بەشداری لە هیچ فیلمێكدا نییە بەهۆی سەرقاڵی بە نوسینی سیناریۆیەکی درامای تەلەفیزیۆنی و هیوای خواست دوای تەواوبوونی ئەو کارە،بوارە بڕەخسێت كە بەشداری فیلمی نوێ بكات.

News Code 26537

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 5 =