دۆخی فیلم و سینەما لە هەرێمی کوردستان باش نییە/ فیلمێکی نوێم نمایش دەدرێت

شوان عەتووف، دەرهێنەر و سینەماکاری ناسراوەی کورد پێیوایە کە دۆخی فیلم و سینەما لە هەرێمی کوردستان باش نییە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی- حەلیمە موڵایی: شوان عەتووف تا ئێستا لە دەیان فیلمی سینەمایی و دراما دا ڕۆڵی وەک ئەکتەر بینیوە و چوار فیلمیشی دەرهێناوە بە ناوەکانی باخەکەی باوکم، ماڵ و کلیل و دەلاک و دنیا و ئیستاش نوێترین بەرهەمی کە فیلمێکی ڕۆمانسیە ئامادەیە کە نمایش بدرێت.

ئەم دەرهێنەرە کورد کە چەندین خەڵاتی لە فستیڤاڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بردووەتەوە و کەسێکی ناسراوە لە عێراق و هەڕێم. پەیوەندی زۆر باشیشی لەگەڵ سینەماکارانی ناوچە کوردنشینەکانی جیهان لەوان کوردستانی ئێران و ئەکتەرانی ناوداری ئێرانی هەبوو و لە چەندین فیلم دا لەگەڵیان کاری کردووە  و بەرهەمەکانی لە ئێرانیش ناسراون و پێشوازی لێکرا.

شوان عەتوف لە دیمانە لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی مێهر هیوای هەیە کە دۆخی فیلم و سینەما لە کوردستانی عێراق بەرەو باشتر بوون بڕوات چونکوو پێیوایە ئێستا ئەو دۆخە باش نییە.

 دەقی دیمانەی هەواڵنێری مێهر لەگەڵ شوان عەتووف:

دۆخی بەرهەم هێنانی فیلم ئێستا لە کوردستانی عێراق چونە ؟

بە داخەوە دۆخی بەرهەم هێنانی فیلم لە کوردستانی عێراق بە هۆی ئەو بارە قورسە ئابووری و سیاسیەوە کە بەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراقدا هات، بە تایبەتی دوای شەڕی داعش، زۆر باش نییە. ئێستا وردە وردە پێدەچێت کە بەرەو باشتر بوون بڕوات و هیوادارین باشتر بێت. بەڵام بە گشتی باش نییە.

پێشوازی خەڵکی کوردستان لە فیلم و سینەما بە چ شێوەیەکە.؟

خەڵکی کوردستان سەرباری هەموو کێشە و چەڵەمەکانی ژیان لەبەر ئەوەی خەڵکێکی هونەر دۆستن بە باشی پێشوازی لە سینەما دەکەن.کۆمەڵگای کوردی بەگشتی زۆر چێژ و زەوقێکی گەورەیان هەیە بۆ بینینی فیلم.بە تایبەتی بۆ فیلمی کوردی. من بەرهەمی کوردیم نەبینیوە کە بڕواتە ناو سینەماکان و هۆڵەکان پڕ نەبن لە خەڵکی تامەزرۆ.

دڵخوازیی خەڵک بۆ فیلم کام یەک لە ژانرەکان زیاترە ؟ بۆچی ؟

بە پێی ئەزموونی من خەڵکی کوردستان حەز بە هەموو ژانرەکانی سینەما لەوانە ڕۆمانسی، تەنەز (خەنەک) ، مێژوویی و دیکۆمێنتاری مێژوویی و ئەکشن دەکات و هەر کامەوە لایەنگری تایبەتی خۆیان هەیە، بەڵام لە کوردستانی عێراقدا هەر چیرۆکێک لە ڕێگای ڕۆمانس و تەنزەوە بوترێتەوە، خەڵک زۆر زیاتر پێشوازی دەکات. لەبەر ئەوەی زیاتر باسی قووڵایی ژیانی ئاسایی کۆمەڵگا دەکات و ڕۆمانس و تەنزی شتێکە کە خەڵک خۆی دەستەویەخەیە لە ژیانی ڕۆژانەی دا و باشتر لێی تێدەگات.

زۆربەی لە کارناسانی بواری سینەما دەڵێن سینەمای کورد یان هەندێکیش دەڵێن سینەمای کوردی, بە بەرهەم هاتنی یەکەم فیلمە کانی یڵماز گونای (ئاوازێک بۆ بەکۆ) بە زمانی کوردی بە دەرهێنانی  نزامەدین ئاریچ لە سالی ۱۹۹۲  سەری هەڵدا. چەندی پێچوو تا ئەم ڕەوتە بگاتە کوردستانی عێراق؟ سینەمای کورد لای ئێوە بە بەرهەمەکانی کێ دەستیپێکرد ؟

لە کوردستانی عێراق دوای ڕاپەڕین لە ساڵی ۱۹۹۱ەوە ڕەوتی فیلم سازی تاک و تەرا دەستیپێکرد. واتا ۲۵ ساڵێک پێش ئێستا بەڵام بە تەواوەتی و وەک رەوتێکی هونەری و کاری ئاکادمیکی ژیانی سینەما لە کوردستانی عێراق لە ۲۰۰۳ەوە ئەم بەرە لە سینەماکارانی ئێستا سەریان هەڵدا لە بوارەکەدا. کە کۆمەڵیک سینەماکاری باشن. و ئەمانە بە بەرەی ڕاستەقینەی پێشەنگ بۆ کاری سینەمایی و فیلم سازی لە هەرێمی کوردستان دادەنرێن.

 ئەمەی ئێستا وەک فیلم بە زمانی کوردی یان بە بابەتی کوردی  و لەسەر کورد دروست دەبێت سینمای کوردە ؟ یان سینەمای کوردیە ؟

کێشەی ئیستلاحی سینەمای کورد یان سینەمای کوردی لێکدانەوەی زۆری دەوێت و پێویستی بە قسەی زۆرە و ڕای جیاوازیش لەمبارەوە هەیە. بەڵام من ئەوە بەلامەوە گرینگە کورد بتوانێ بەرهەم هێنەری فیلمی خۆی بێت خۆی پردوکشێنی بابەت و پرسی خۆی بێت.

 پێتان وایە بەرهەمە سینەماییەکانی هونەرمەندانی کورد توانیویەتی زمانی خەڵک بێت و ڕەنگدانەوەی ڕاستییەکانی کۆمەڵگا بووە یان نا؟

ئەم پرسیارە باس کردنی زۆری دەوێت بە تایبەتی لەباری ڕەخنەییەوە، ئەوەی کە ئایا سناریۆکان باسی ژیانی ئێمەن؟، قارەمانەکان، قارەمانی ئێمەن یان نا ؟یان وێنەی کاراکتر لە فیلمەکانی ئێمە چییە یا چی نییە؟ بەڵام پێم وایە تا ئاستێکی باش دەرهێنەران و فیلم سازە جدییەکان بۆ ئەو بابەتە هەوڵ دەدەن کە ئەو پەیامە بگەیێنن کە گوازرشت لە پرس و بابەتەکانی نەتەوە یان کۆمەڵگای کوردی بکات. تەنانەت ئەگەر لەباری زمانی سینەماییشەوە کەموکوڕی بووبێت بەڵام ویستوویانە بگەنە ئەو ئامانجە کە ڕاستییەکانی دەروبەریان لە کۆمەڵگای کوردی لە بەرهەمەکانیادا ڕەنگ بداتەوە تەنانەت با کاڵیش بێت.

ئێستا نوێترین بەرهەمتان چییە؟ بڵاوبووەتەوە یان نا؟

فیلمێکی درێژی ڕۆمانیسیم تازە دەرهێناوە بە ناوی پەیکەری دڵ کە لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزان لە سینەماکانی هەرێمی کوردستان نمایش دەکرێت. ئەم فیلمە ئامادە کراوە و دەنردرێتە چەندین فستیڤاڵی جیهانی.

News Code 26505

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 7 + 0 =