عەرەبستان دەیەوێت لە بواری ناڤۆکیدا بگاتە ئاستی ئێران

ڕاوێژکاری پێشووی کۆشکی سپی بە ئاماژە بەوەی کە هەڵوێستی ترامپ هەمبەر بە چالاکیگەلی ناڤۆکی عەرەبستان بە پێچەوانەی هەڵوێستی ویلایەتە یەکگرتووەکانە، ڕایگەیاند کە ڕیاز دەیەوێت لە بواری ناڤۆکیدا بگاتەوە بە ئێران.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – عەبدولحەمید بەیاتی: ئەگەرچی تا ئێستا سەبارەت بە گواستنەوەی نهێنیی تەکنۆلۆژیای ناڤۆکی لە ئەمریکاوە بۆ عەرەبستانی سعوودی بڵاو بۆتەوە، بەڵام بەوەشەوە رۆژی هەینی "مایک پەمپێئۆ" وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ CBS ڕایگەیاند کە واشنتۆن هیچکات رێگە نادات عەرەبستان ببێتە دەسەڵاتێکی ناڤۆکی و هەڕەشەیەک بۆ سەر خۆی و ئیسرائیل.

پەمپێئۆ لە کاتێکدا ئەو بابەتەی خستە ڕوو کە "ڕیک پێری" وەزیری وزەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جەختی لەوە کردبوو کە ئەمریکا شەش مۆڵەتی نەهێنیی داوە بە چەند کۆمپانیا بۆ فرۆشتنی تەکنۆلۆژیای ناڤۆکی بە عەرەبستانی سعوودی.

بە گوێرەی وەزیری وزەی ئەمریکا ئەو کۆمپانیانە داوایان لە دەوڵەتی ترامپ کردووە کە مۆڵەتی فرۆشتنی تەکنۆلۆژیای ناڤۆکی بە عەربستانی سعوودی بە نهێنی بمێنێتەوە.

جگە لەوە لە ڕاپۆرتی ٢٥ لاپەڕەیی "ئالایجا کامینگز" سەرۆکی کۆمیسیۆنی چاوەدێریی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکادا ئاشکرا بووە کە دەوڵەتی دۆناڵد ترامپی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە، خێرایی بەخشیوە بە ڕەوتی گواستنەوەی تەکنۆلۆژیای "زۆر هەستیار"ی ناڤۆکی بە عەرەبستان.

لەو ڕاپۆرتەدا وێرای نیگەرانی دەربڕین لە نهێنی مانەوەی مامەڵەی دەوڵەتی ترامپ لە گەڵ عەرەبستانی سعوودی، هۆشدار دراوە کە گواستنەوەی ئەو تەکنۆلۆژیایە دەتوانێ ببێتە هۆی پەرەسەندنی چەکی ناڤۆکی و ناسەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناڤین، هەروەها بە بێ لە بەرچاو گرتنی لایەنی ئەمنیی، ئەو کارە دەتوانێ هەڕەشەیەکی نوێ بێت لە دژی ئەمریکا.

لە لایەکی دیکەوە هەواڵدەریی بلۆمبێرگی ئەمریکی لە رۆژانی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو کە بە گوێرەی وێنەگەلی مانگیلەیی، عەرەبستان خەریکی قۆناغی کۆتایی بەرهەم هێنانی ڕێئاکتۆری ناڤۆکیی خۆی لە باشووری رۆژئاوای شارۆچکەی زانست و تەکنۆلۆژیای مەلەک عەبدولعەزیز لە ڕیازە.

لەوبارەیەوە هەواڵنێری ئاژانسی مێهر وتووێژێکی لە گەڵ پڕۆفیسۆر "دانیەل سروور" ڕاوێژکاری پێشووی کۆشکی سپی و کارناسی هەنووکەیی لە پرسی بەڕێوەبەریی شەڕ و لە کارناسانی باڵای ڕێکخراوی "پەیوەندیی دوو لایەنەی ئەتلانتیک" و لە مامۆستایانی زانکۆی "جان هاپکینز"، ئامادە کردووە کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە:

* بە گوێرەی ڕاپۆرتە بڵاو کراوەکان لە لایەن نوێنەرانی دیموکراتی کۆنگریسی ئەمریکا، بەرپرسانی باڵای دەوڵەتی ترامپ بە بێ بەهادان بە پاشهاتی ئەخلاقی و پێشێل کردنی یاساگەلی فیدراڵ، پاڵپشتیان کردووە لە پلانێک بۆ چێکردنی دەیان وزەخانەی ناڤۆکی لە عەرەبستانی سعوودی. بە باوەڕی ئێوە کام گرووپ لە ویلایەتە یەکگرتووەکان هەوڵی فرۆشتنی ئەو تەکنۆلۆژیا هەستیارە بە عەرەبستانی سعوودی دەدات؟

ـ من لەوبارەیەوە شتێکی زیاتر و ئەوتۆ بە نیسبەتی ئەوی لە میدیاکاندا بڵاو بۆتەوە، نازانم.

* دیموکراتەکان نیگەرانیی خۆیان هەمبەر بە داپەڕەکانی دەوڵەتی ترامپ بۆ دەوڵەمەندکردنی ڕژیمی سعوودی بە تەکنۆلۆژیای ناڤۆکیی هەستیاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەربڕیوە؛ تەکنۆلۆژیایەک کە رێگە بە عەرەبستانی سعوودی دەدات چەکی ناڤۆکی بەرهەم بێنێت و ئەوەش پەرسەندنی چەکی ناڤۆکیی لە سەرتاسەری ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤینی ڕوو لە ناسەقامگیریی بە دواوەیە. ڕای ئێوە لەو بارەیەوە چییە؟

ـ چێکردنی وزەخانە بە تەنیایی ناتوانێ تەکنۆلۆژیای پێویست بۆ بەرهەم هێنانی چەکی ناڤۆکی ئاراستەی عەرەبستان بکات. جگە لەوە تەواو ئەو تەکنۆلوژیا گوازراوەیە بۆ عەرەبستان، دەبێ لە ژێر پادمانەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وەزی ئەتۆمی بێت. ئاژانس بە دوای ئەوەوەیە کە بگاتە ڕێککەوتنێک لە گەڵ عەرەبستانی سعوودی، هەتا بتوانێ بە سەر وردترین پرسەکانی مادەگەلی ناڤۆکییدا چاوەدێریی هەبێت. بەڵام ڕیاز تا ئێستا ڕەزامەندیی خۆی بۆ ئەو داخوازییەی ئاژانس ڕانەگەیاندووە.

* ئایا بە باوەڕی ئێوە دەوڵەتی ترامپ رێگە بە عەرەبستانی سعوودی دەدات کە بە تەنیایی ڕەوتی پیتاندنی ئۆرانیۆم و بەرهەم هێنانەوەی پۆلۆتۆنیۆم ئەنجام بدات؟

ـ دەوڵەتی ترامپ دەتوانێ لە لایەن خۆیەوە قسە بکات. هەڵوێستی ئاسایی ئەمریکا ئەوەیە کە نابێ تەکنۆلۆژیای پیتاندن و بەرهەم هێنانەوە ڕادەستی عەرەبستان بکرێت.

بەلام بە ئاوردانەوە لە چالاکیی ناڤۆکی ئێران و دۆخی ئەو چالاکییە، عەرەبستان دەیەوێ لە بواری تەکنۆلۆژیای ناڤۆکی خۆی بگەیێنتە ئێران و دەستی بگات بەو تەکنۆلۆژیانەی کە ئێران مسۆگەری کردووە.

* ڕاپۆرتەکە ئیدعا دەکات کە ئەو کەسانەی بەشداری ئەو پلانەن دەیانەوێ خۆیان پیتاندنەکە ئەنجام بدەن و ڕەنگە ئەو بابەتە یاسای وزەی ئەتۆمی پێشێل دەکات؛ یاسای فیدراڵی کە پێشمەرجگەلێک بە سەر هەر جۆرە ڕێککەوتنێکی ناڤۆکی لە گەڵ وڵاتانی دیکە دادەسەپێنێت و پێویستی بە پەسند کران لە لایەن کۆنگریسییەوە هەیە. بە باوەڕی ئێوە ئەنجامی ناکۆکیی نێوان کۆنگریسی و پریزیدێنت ترامپ لەوبارەیەوە بە کوێ دەگات؟

ـ ئێمە بە ڕاستی زۆر ئاگادار نین، ئەگەرچی داپەڕەکانی دەوڵتی ترامپ ناتوانێ بۆ ماوەیەکی درێژخایەن شاراوە بمێنێتەوە. پرسی سەرەکی و گرینگ ئەوەیە کە ئایا لەوبارەوە یاسایەک پێشێل کراوە یان نا؟ وەڵامی ئەو پرسیارە (پێشێل کردنی یاسا لە لایەن دەوڵەتی ترامپەوە) هێشتا بۆ ئێمە ڕوون نییە.

* لە مانگی مەی ۲۰۱۸دا ترامپ بە شێوەیەکی یەک لایەنە ئەمریکای لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی ئێران بردە دەرێ. لۆژیکی ترامپ بۆ ئەو کارە، پێشگری لە پەرەسەندنی چەکی ناڤۆکی بوو. بەڵام گواستنەوەی تەکنۆلۆژیای ناڤۆکیی هەستیاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ عەرەبستان بە مانای پێدانی مۆڵەتی بەرهەم هێنانی چەک و چۆڵی ناڤۆکی بە ڕیازە و ئەو بابەتەش دەبێتە هۆی پەرەسەندنی چەکگەلی ناڤۆکی لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناڤین کە هەر ئێستاش ناسەقامگیرە. ئەم دژوازییە چۆن لێک دەدەنەوە؟

ـ ئەو هەنگاوەی ترامپ بە شێوەی حاشاهەڵنەگرانە، گەمژانە بوو.

News Code 25997

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 4 =