ڕۆڵی حاشاهەڵنەگری مەرجەعییەت و حەشدی شەعبی لە شکستی داعش

لێکدانەوەی هۆکارەکانی سەرکەوتنی عێراق بە سەر گرووپی تیرۆریستیی داعش لەو وڵاتەدا نیشان دەدا کە مەرجەعییەت و پێڕەویی خەڵکی لە فەتواکانیان و ڕێکخستنی جەماوەری و حەشدی شەعبی لە گرینگترین پرێنسیپەکانی ئەو سەرکەوتنە دێنە ئەژمار.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – فاتمە ساڵحی: عێراق لە کاتێکدا سەرکەوتنی بە سەر داعشدا جەژن دەگرێت کە لێکدانەوەی ڕووداوەکان لەو وڵاتەدا نیشان دەدا کە هەرکات مەرجەعییەت و خەڵکی لە پەنای یەکتر بوونە، دەتوانن بە سەر خوێن‌ ڕێژترین و بێ‌ بەزەیی‌ترین ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی جیهانیشدا سەرکەوتن.

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق رۆژی ١٠ی دیسامبێری ۲۰۱۷ لە لێدوانێکدا سەرکەوتنی کۆتایی بە سەر گرووپی تیرۆریستیی داعش و ئازادکرانەوەی خاکی ئەو وڵاتە لە بندەستی تیرۆریستانی ڕاگەیاند. گرووپی تیرۆریستیی داعش لە ژوئەنی ۲۰۱۴ەوە تا دیسامبێری ۲۰۱۷ کۆنتڕۆڵی سێ پارێزگای سەلاحەدین، ئەنبار و مووسڵ و بەشگەلێک لە پارێزگای کەرکووک و دیالەی لە بندەست دابوو.

دەوڵەتی عێراقیش هەر بەو بۆنەیەوە ڕایگەیاند کە ١٠ی دیسامبێر لەو وڵاتەدا بە بۆنەی سەرکەوتن بە سەر داعشدا پشوودانی فەرمییە. هەر لەو پەیوەندییەدا عادڵ عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە وتەدانێک بە بۆنەی یەکەمین ساڵوەگەری سەرکەوتن بە سەر گرووپی تیرۆریستی داعش لەو وڵاتە وتی: هیچکات رێگە نادەین عێراق بکرێتە بنکە یان ڕێڕەوی تیرۆریستان یان لەم وڵاتە بۆ هێرش کردنە سەر وڵاتانی دیکە کەڵک وەرگرن.

سەرۆک وەزیرانی عێراق وتیشی: تەواو جیهان بینیان کە تیرۆریستان لە عێراق لە ناو بران و ئێمە یەکەمین و گەورەترین سەرکەوتنمان لە دژی تیرۆریزم و داعش مسۆگەر کرد. لێدوانگەلی ئاژاوەهێنەر و دووبەرەکی‌ساز و تایفەیی لە ناو چوون و ئێمە بۆ جارێکی دیکە شایەدی یەکگرتوویی و هاوڕیزیی نێوان گرووپە عێراقییەکانین.

عەبدولەمەهدی لە درێژەدا جەختی کرد: عێراق خاکی خۆی وەرگرتەوە و خەڵکی ئەو وڵاتە ئیرادە و کەرامەتیان بە دەست هێناوە. ئێمە بە هەمووان ڕادەگەیێنین کە دژی تیرۆریزم و توندئاژۆیی و ستەمکارین. ساڵانی سەرکوت و دیلتاتۆری و هەڵاواردن بووە هۆی ئەوەی عێراق ئاسایش و سەقامگیریی خۆی بدۆڕێنێت و کاتی ئەوە گەیشتووە کە لە هەڵەکانی ڕابردوومان تێپەڕین و دەرگاکانی هیوا لە ڕووی خۆمان بکەینەوە.

ناوبراو ڕاشیگەیاند: دەبێ ڕەوتی بنیاتنانەوە و ئاوەدان کردنەوەی ناوچە جۆربەجۆرەکانی عێراق ئەنجام بدرێت، چونکە خەڵکی جوامێری و لە خۆ بۆردووی زۆریان بۆ ئازادکردنەوەی وڵات لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو لە خۆ نیشان دا و ئەمڕۆ لە خزمەتگەیاندنی شپرزە و کەم و ئاڵۆز ڕەنج دەبەن. عێراق لەو ئەزموونە تاڵە و شەڕە دەرەکی و ناوخۆییەکان و شەڕی دژ بە تیرۆریزم هاتە دەرێ و ئەوڕۆ زیاتر لە جاران باوەڕمان بە هاوژینی و ئاشتەوایی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و هاوڕییە و  بۆ دروست کردنی داهاتوویەکی سەقامگیر و پاوەجێ دەستی خۆمان بۆ گەلانی دیکە درێژە دەکەینەوە. پەیامی ئێمە بۆ برایان و دراوسێکانمان لە وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی ناوچە ئەوەیە کە ئاسایش و جارەنووسی ئێمە یەکێکە و هیچ ئاڵتەرناتیڤێک بۆ هاوکاری لە ئارادا نییە.

عێراق لە کاتێکدا یەکەمین ساڵڕۆژی سەرکەوتنی بە سەر تیرۆریستانی داعشی‌دا جەژن دەگرێت کە بۆ ئەو سەرکەوتنە تاوانێکی قورسی بە قورسایی خوێنی خەڵکی ئەو وڵاتە دایەوە. عێراق پاش تێپەڕبوونی ٣ ساڵ لە شەڕی بێ نەوەستانی لە گەڵ تیرۆریستانی داعش کە دەیان هەزار کوژراو و سەدان هەزار ئاوارەی و وێرانیی بە دواوە بوو، سەرکەوتن بە سەر ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستیی ڕاگەیاند. ڕێکخراوێک کە لە لایەن ڕێکخراوگەلی سیخۆری ئەمریکا و بەریتانیا و بە پاڵپشتیی بەردەوام و بێ بڕانەوەی عەرەبستان و ڕژیمی زایۆنی بۆ لە ناوبردنی بەرخۆدان لە عێراق و سووریا و تێوەگلانی وڵاتانی دیکەی ناوچە و پێکهێنانی "رۆژهەڵاتی ناڤینی نوێ" داڕێژرا بوو.

نابێ لە بیرمان بچێتەوە کە یەکێک لە هۆکار و پرێنسیپە سەرەکییەکانی ئەو سەرکەوتنە فەتوای ئایەتوڵڵا سەید عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق بوو. پاش فەتوای مەرجەعییەتی ئەو وڵاتە سەبارەت بە زەروورەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستەکانی داعشی بوو کە جەماوەرێکی زۆر و بەرچاوی خەڵکی خۆبەخش و گەنجانی عێراقی خۆیان گەیاندە بەرەکانی شەڕ لە دژی تیرۆریستان لە ناوچە جۆراوجۆرەکان ئەو وڵاتە.

پێکهێنانی حەشدی شەعبی یان هەمان هێزی خۆبەخشی جەماوەری لە عێراق وەک ئەوەی لە ئێران و لە سەرودەمی شۆڕشی ئیسلامی و بە فەرمانی ئیمامی خوالێخۆشبوو (رە) پێکهات، بوو بە یەکێک لە پێگە سەرەکییەکانی هێزی چەکداری عێراق لە دژی داعش و کاریگەرییەکی وای لە سەر ڕەوتی سەربازیی ئەو وڵاتە دانا کە تەنانەت پاش شکستی داعشیش، درێژەی بووە و بە هێزەوە لە پەنای هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە خەریکی پاراستنی ئاسایشی عێراقن.

ئەگەرچی عێراق ئەوڕۆ شکستی دڕندەترین و خوێن‌ ڕێژترین ڕێکخراوی تیرۆریستیی سەردەم جەژن دەگرێت، بەڵام دەبێ هەمبەر بە گەڕانەوەی تیرۆریستانی داعشی چ بە ئاشکرا و چ بە زەبر و چ بە شێوەی نەرم و نهێنی هۆشیار بێت.

هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە پەنای حەشدی شەعبی بە پاراستنی تەواوی سنوورەکان و پێوشوێن‌ گرتنی جموجۆڵی تیرۆریستانی بە جێ ماوەی داعش و گرووپگەلی ژێرزەوینیی، هەوڵ دەدەن ببنە ئاستەنگ لە بەردەم سەرهەڵدانەوەی دووبارەی ئەو گرووپە لەو وڵاتەدا. بەڵام سیاسەتوانانی عێراقیش دەبێ ئاگاداری ئەو هێزانە بن کە لە باری فیکرییەوە لەو گرووپە تیرۆریستییە نزیکن، چونکە پێشتریش هەواڵ و ڕاپۆرتگەلێک سەبارەت بە بەربژێربوونی کەسانی سەر بە داعش لە هەڵبژاردنە جۆراوجۆرەکانی عێراق و هەوڵ و تێکۆشانیان لە پێناو گەڕانەوە لە بواری سیاسییەوە بڵاو کراوەتەوە کە بە هۆشیاریی خەڵکی و بەرپرسانی ئەو وڵاتە شکستی هێنا.

هەڵبەت نابێ چاوپۆشی لە ڕۆڵی کارا و گرینگی ئێران لە پاڵپشتی کردنی عێراق و یارمەتیدان بەو وڵاتە لە شەڕی دژ بە داعش بکەین، بە چەشنێک کە بەرپرسانی عێراقی گەلێ جار پاڵشتییەکانی ئێرانیان نرخاندووە. ئەبومەهدی موهەندیس جێگری حەشدی شەعبی لە یەکەمین ساڵڕۆژی سەرکەوتنی ئەو وڵاتە بە سەر داعشدا وێرای ئاراستە کردنی سپاس و پێزانینی بۆ ئایەتوڵڵا سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە، شەهیدان و بنەماڵەکانیان، هێزەکانی حەشدی شەعبی، بەرەی بەرخۆدان و تەواو وڵاتان و حزبە بەشداربووەکانی شەڕی داعش، وتی: لێرەدا پێویستە هاوکاری و هاوڕیی و پاڵپشتیی بەربڵاوی ئێران و حزبوڵڵا لە عێراق لە شەڕی داعش بیر بێنینەوە.

بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق‌یش لە میانەی سەفەری ئەم دواییەی بۆ ئێران و لە دیداری حەسەن ڕۆحانی جەختی کرد: ئێمە پاڵپشتییەکانی ئێران لە عێراق لە شەڕی دژ بە تیرۆریزم لە بیر نابەینەوە. ئێران بە پاڵپشتییەکانی لە ئێمە ڕۆڵێکی گەورەی لە شکستی تیرۆریزمدا بینی. ئێمە بەهایەکی ئەوتۆ دەدەینە ڕۆڵی ئێران لە سیستەمی ناوچەیی نوێ.

عێراق لە ئیستادا بەرەوڕووی قۆناغێکی نوێ لە مێژووی ئەو وڵاتەیە و ئەویش باسی پێکهێنانی دەوڵەتێک پاش سەرکەوتنی بە سەر گرووپی تیرۆریستی داعش و پێشخستنی ڕەوتی سیاسییەتی کە دەتوانێ تاقیکارییەکی دژوار بۆ سیاسەتوانان و کاربەدەستانی عێراقی بێت، چونکە لە دەوڵەتی نوێدا دەبێ کەسانێک بێنە سەر کار کە جگە لە شایستە بوون و لێهاتوویی، بە دوور بن لە بیرۆکەی لایەنگریی داعش و زیاتر لەوەی بیر لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان بکەنەوە، هەوڵی خزمەتگەیاندن بە خەڵکی عێراق بدەن.

News Code 23579

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 9 + 4 =