هیچ پرسێک نابێ گەشەی پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق دوا بخات

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی وتی: هیچ پرسێک نابێ ڕەوتی خێرا و ڕووی لە گەشەی پەیوەندییە هەمەلایەنەکانی نێوان ئێران و عێراق دوا بخات.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، عەلی شەمخانی نوێنەری رێبەری باڵا و سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێوارەی ئەمڕۆ (شەممە) لە گەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق کە بە سەرۆکایەتی وەفدێکی باڵا سەردانی تارانی کردووە، دیدار و گفتوگۆی کرد.

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی لەو دیدارە وێرای پیرۆزبایی هەڵبژاردرانی بەرهەم ساڵح بە سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند: هەلومەرجی سیاسی و بەڕێوەبەریی نوێی عێراق دەرفەتگەلێکی زۆر گونجاو و لەباری بۆ تۆکمەکردنی پەیوەندییە هەمەلایەنەکانی نێوان دوو وڵاتی دۆست و برا ڕەخساندووە.

شەمخانی بە ئاماژە بە پەیوەندییە بەربڵاو و ستراتژییەکانی نێوان تاران و بەغدا و پیلانی زۆری دوژمنان و لە سەرووی هەموویانەوە ئەمریکا و هەندێک وڵاتی پاشکەوتووی ناوچە بۆ تێکدانی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان ئێران و عێراق، ڕاشیگەیاند: خۆڕاگریی گەلی عێراق و ئازایەتی سوپای و هێزەکانی ئاسایش و بە تایبەت حەشدی شەعبی بووە هۆی تێکشکانی گەورەترین هەڕەشەی ناوچە، هەر بۆیە ئەو وڵاتانەی دڵوەڕەزی شکستی تیرۆریزمن هەوڵ دەدەن ئەو یەکگرتوویی و هاوڕێزییە ناوخۆییە لاواز بکەن.

ناوبراو هەروەها سپاس و پێزانینی بۆ ئامادەکاری و ڕێکخستنی ئیمکاناتی پێشوازی و بەڕێوەبەریی ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی حسێنی ئاراستەی سەرۆک کۆمار و گەلی عێراق کرد و وتی: چلەی ماتەمین گەورەترین کۆنگرەی دژە ستەم و دادپەروەرییە و وەک دەفرایەتییەکی بێ وێنە بۆ بەرەنگاربوونەوەی سەرکردەکانی ستەم و داگیرکاری و لە سەرووی هەموویانەوە ڕژیمی زایۆنی وێنا دەکرێت.

نوێنەری رێبەری باڵا بە ئاماژە بەوەی کە ئێران بەردەوام لە رۆژانی سەخڵەتی دیکتاتۆری، داگیرکاری و هێرشی تیرۆریزم، ڕاستگۆیانە و بێ چاوەروانی لە پەنای گەلی عێراق بووە، جەختی کرد: پاڵپشتیی بێ بڕانەوە لە ویست و ئیرادەی گەلی عێراق و چالاک کردنی کۆمەڵەی دەفرایەتییە سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی و ئەمنیی هاوبەش لە بەستێنی گەشە و پێشکەوتنی ئەو وڵاتە بە تایبەت پاش سەرکەوتن بە سەر تیرۆریزمدا سیاسی نەگۆڕی کۆماری ئیسلامی بووە.

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی جەختی لە زەروورەتی جێبەجێ کرانی بە پەلەی ڕێککەوتن و گرێبەستە یاساییەکانی نێوان دوو وڵات لە بوارە سیاسی، سنووری و ئابوورییەکان کرد و ڕایگەیاند: هیچ پرسێک نابێ ڕەوتی خێرا و ڕووی لە گەشەی پەیوەندییە هەمەلایەنەکانی نێوان ئێران و عێراق دوا بخات.

بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لەو دیدارەدا وێرای ئاراستە کردنی سپاس و پێزانینی بۆ پاڵپشتییە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامی لە عێراق لە شەڕی دژ بە تیرۆر، وتی: پەیوەندیگەلی نەبڕاوەی گەلانی ئێران و عێراق لە سای هاوبەشیگەلی ئایینی، فەرهەنگی و باوەڕ و ورەی رێبەرانی، بەستێنێکی لەبار و تایبەتی لە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بەڕووی هەردوو وڵاتدا دەکاتەوە.

وتیشی: عێراق هەمبەر بە هەڵمەتە دژ بە ئاسایشەکانی ناوچە و هەڵمەتی تێکدەرانەی هەندێک لە وڵاتان کە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دەکەنە ئامانج یان لە رێگەی گەمارۆگەلی نایاسایی هەوڵی لاوازبوونی وڵاتان دەدەن، هەستیارە و بەرەنگاری ئەو هەوڵانە دەبێتەوە کە بیانەوێ زیان بە یەکگرتوویی دوو وڵات بگەیێنن.

News Code 23094

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 4 + 3 =