ترامپ بۆچی بە دوای ناوچەی ستراتژیکی ڕۆژهەڵاتی فۆراتەوه‌یه‌؟

ناوچەی رۆژهەڵاتی فورات لە سووریا گرینگیی تایبەت بە خۆی هەیە و هەر ئەوەش سەرنجی یاریگەرانی گرینگی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی ڕاکێشاوە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر – بەشی نێودەوڵەتی: ناوچەی رۆژهەڵاتی فورات پاش ئەوەی سوپای سووریا زۆربەی بەشەکانی ئازاد کرد؛ کەوتۆتە بەر سەرنجی جیدی، بە تایبەت دوای پێداگریی دووبارەی بەرپرسانی دیمەشق سەبارەت بە کۆنتڕۆڵ کردنەوەی تەواو ناوچەکانی ئەو وڵاتە، رۆژهەڵاتی فورات سەرنجی یاریگەرانی گرینگی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە.

بە پێی ڕاپۆرتێک کە ڕێکخراوی فائو و بانکی نێودەوڵەتی ماوەیەک لەوە پێش لەبارەی بەڕێوەبەریی سەرچاوەگەلی ئاوی بڵاویان کردۆتەوە؛ پێدەچێت کەمایەسیی ئاو لە رۆژهەڵاتی ناڤین و باکووری ئەفریقا ببێتە هۆی ناسەقامگیریی ئەو ناوچانە.

جموجۆڵی هاوپەیمانی نێودەولەتی و هاوپەیمانانی پەیوەستە بە گرینگیی زاڵبوون بە سەرچاوەگەلی ئاوی و وزە لە رۆژهەڵاتی فورات. ئەوان بۆ بەهرەمەند بوونی زیاتر لە ئاستی سەرچاوەگەلی ئاویی سووریا لە بەستێنی فورات هەنگاویان دەنێن و ڕاست دەستیان لە سەر ناوچەیەک ناوە کە خاوەن سەرچاوەگەلێکی ئاویی بەرچاوە، بە چەشنێک کە ڕەقە بە تەنیایی لە سەدا ٧٠ی سەرچاوەگەلی ئاویی سووریای لە خۆ گرتووە و ئەو ناوچەیە هەروەها خاوەن زەویگەلێکی دەوڵەمەند و پڕبەروبووم و گرینگ لەباری کشتوکاڵی سووریایە. 

ئامانج لە زاڵبوون بە سەر ناوچەکانی دەڤەری فورات، خستنە ژێر گوشاری دەوڵەتی سووریایە. لە ڕاستیدا شەڕ لە سووریا جگە لە کاریگەرییە وێرانگەرییەکانی لە سەر ژێرخانەکانی ئەو وڵاتە، زیانێکی زۆری گەیاندووە بە کەرتی کشتوکاڵی سووریا و نەبوونی هەلی کشتوکاڵ بۆتە هۆی ئەوەی تاقمێکی زۆری جوتیاران و وەرزێران زێد و زەویی خۆیان بە جێ بێڵن و لەو ڕووەوە پێکهاتەی دیموگرافیای ئەو وڵاتە تەواو تووشی ئاڵۆزی هاتووە.

وڵاتانێک کە لە دژی سووریا ئاگری شەڕ دەگەشێننەوە، لە پێناو پیس کردنی سەرچاوەگەلی ئاوی، پیس کردنی هەوا و لە ناوبردنی خاکی بە پیتی سووریا هەنگاو دەنێن و هیچ بەهایەک بە مرۆڤی سووری نادەن. ئەوان کاتێکیش پرسی ئاوەدان کردنەوەی ئەو وڵاتەیان خستە ڕی، تەنیا مەبەستیان ژاراوی کردنی هەنگوێن بوو، چونکە ئەوان بە دوای بەرژەوەندیی بازرگانییەوەن، بە بێ ئەوەی لە بواری پێشکەوتنی سووریا هەنگاو بنێن.

گرینگی ستراتژیکیی رۆژهەڵاتی فورات بۆ ئەمریکا

ئەو جموجۆڵەی ئەوان هاوسەنگە لە گەڵ پلانی زێدەخوازانەی تەل ئاڤیڤ بە ناوی "لە نیل تا فورات"، بۆ ئەوەی سەرمایەکای ناوچەی رۆژهەلاتی فورات بە تایبەت سەرجاوەگەلی ئاویی ئەو ناوچەیە بگرنە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان. ئەوان قامکیان لە سەر دیرەزور داناوە، چونکە دەزانن ئەو پارێزگایە کە لە رۆژهەلاتی فوراتە، لە باری ڕووبەرەوە (نزیکەی ٣٣ هەزار کیلۆمەتری دووجا) دووهەمین پارێزگای گرینگی سووریایە. زۆرترین کێڵگەی نەوتی سووریا لەو ناوچەیە هەڵکەوتووە و خاوەن دەوڵەمەندترین سەرچاوەگەلی گازیی سووریایە. رۆژهەڵاتی فورات گرینگترین و گەورەترین کێڵگەکانی نەوتیی چ لەباری ڕووبەر و چ لەباری بەرهەم هێنان لە خۆ گرتووە، بە تایبەت کێڵگەی نەوتیی "العمر" کە بەر لە ساڵی ٢٠١١ نزیکەی ٣٠٠ بەرمیل نەوتی لێ بەرهەم هاتووە.

ئەمریکییەکان باش دەزانن کە ئەو ناوچەگەلە بە هۆی بوونی جوگرافیای سارایی و دەشت، دەتوانن شوێنێکی گونجاو بۆ ئەنجامدانی جموجۆڵەکانیان بێت. ئەوان دەزانن کە زاڵبوون بە سەر رۆژهەڵاتی فورات لە گۆشەنیگای ژئۆپۆلیتیکییەوە یارمەتیان دەدات کە بەرەی بەرخۆدان واتە دوژمنی ئیسرائیل بکەنە ئامانج.

پاش ئەوەی کارتی ئەمریکییەکان واتە داعش سووتا، ئەوان بە دوای کارتێکی دیکەوەن. دەوڵەتی ترامپ کارتێکی دیکەی بۆ مانەوە لە سووریا دەوێت و بەو بۆنەوە ئەمریکییەکان هەوڵی زاڵبوون بە ناوچەی ستراتژیکی رۆژهەلاتی فورات دەدەن کە وەک ڕووبەر، یەک لە سێی خاکی سووریا دەگرێتەوە و وەک سەرچاوەی خۆراکی و ئابووریی سووریا وێنا دەکرێت. ئەو ناوچەیە لە سەدا ٩٠ی داهاتی نەوت و گازی سووریا و زیاتر لە نیوەی گەنم و لۆکەی سووریای پێیە کە بە ئاوردانەوە لە سەرنجی تایبەتی ترامپ بۆ بەهرەی ئابووری، گرینگیی زاڵبوون بە سەر ناوچەی رۆژهەڵاتی فورات تەواو دەردەکەوێت. لە بابەتی ستراتژی و سەربازیشەوە ئەو ناوچەیە بە درێژەی ناوچەی نفوزی ئەمریکا لە عێراق دێتە ئەژمار و ئاسانکارییەکە لە بەردەم پەیوەندیی نێوان هێزەکانی ئەمریکی لەو دوو وڵاتە.

ئاستەنگەکانی بەردەم واشنتۆن

بەڵام مانەوەی ئەمریکا لە ناوچەدا ئاسان نییە، چونکە سووریا وەک وڵاتێک سەربەخۆیە و یاساگەلی نێودەولەتی رێگە بە جموجۆڵی ئەمریکا نادەن و لە لایەکی دیکەوە لەو ناوچەیەدا هۆز و عەشیرەگەلێکی لێیە کە دژی پلانی دابەشکارانەی واشنتۆنن.

لە گۆشەنیگای نێودەوڵەتیشەوە ڕووسەکان بە دوای تێکشکاندنی تاکە‌لایەنەخوازیی ئەمریکا و کۆتایی هێنان بە جیهانی یەک جەمسەرین. ڕووسەکان بە دوای سەلماندنی نمانەی مسکۆ لە سووریان و ئەوەی کە نمانەی ئەمریکی کە لە عێراقدا تاقی کراوە و نەیتوانی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی بە دەست بێنێت، وەلاوە بنێت. ڕووسەکان خۆیان بە داگیرکەر نازانن و ڕایانگەیاندووە کە لە سەر داوای دیمەشق لە سووریان، ڕێک بە پێچەوانەی ئەمریکییەکان کە میوانی نەخوازراون.

هەروەها ئاستەنگێکی دیکە لە بەردەم جموجۆڵی ئەمریکییەکان تورکیایە، چونکە واشنتۆن پاڵپشتی لە گرووپگەلێک دەکات کە تورکیا بە تیرۆریستیان دەزانێت و بە دوای لە ناو بردن و کۆنتڕۆڵ کردنیانە. هەر بۆیە ناچێتە ژێر باری ئەو ستراتژییە و هەموو هەوڵی خۆی بۆ پێشگری لە جێبەجێ کرانی دەخاتە گەڕ. ئەمریکا بە دوای تۆکمەکردنی ئامادەبوونی لە رۆژهەلاتی فورات و کردنەوەی ناوچەیەکی خۆبەڕێوەبەری ژێر پاڵپشتیی خۆیەتی.

ڕەنگە ئەمریکا لە کورت خایەندا بتوانێ هێزەکانی لەو ناوچەیە راگرێت و درێژە بە پێگەی لە رۆژهەلاتی فورات بدات، بەڵام لە درێژخایەندا هیچی پێ ناکرێت. هەر بۆیە ستراتژیی نوێی ئەمریکا بۆ وەدی هێنانی بەرژەوەندییە کاتییەکانی گونجاوە، بەڵام بۆ بەرژەوەندیی درێژخایەنی وەڵام ناداتەوە و ئەو ستراتژییە درەنگ و زوو شکست دەهێنێت.

لە ئێستادا تورکیا و ڕووسیا وەک هەڕەشەیەکی هاوبەش لە رۆژهەلاتی فورات دەڕوانن. سێرگەی لاڤرۆف وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ماوەیەک لەوە پێش ڕایگەیاند: "هەڕەشەی سەرەکی بۆ تەواوەتی سەرزەوینیی سووریا، رۆژهەڵاتی فوراتە کە تێیدا پێکهاتەگەلێکی سەربەخۆ لە ژێر چاوەدێریی ڕاستەوخۆی ئەمریکا چالاکن. ئێمە بەردەوام دەبین لە کۆتایی هێنان بەو جموجۆڵانە".

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەش کە ماوەیەک لەوە پێش لە سووچیدا لە گەڵ پووتین بووی، وتی: "ناوەندە تیرۆریستییەکانی رۆژهەڵاتی فورات هەڕەشەی گەورەن بۆ سەر داهاتووی سووریا". ناوبراو ئەگەرچی بە ئاشکرا ئاماژەی بە ئەمریکا نەدا، بەڵام ئیبراهیم قەرەگوڵ سەرنووسەری رۆژنامەی یەنی شەفەقی تورکیا و نزیک لە ئەردۆغان، ئامادەبوونی هێزەکانی ەئمریکیی لە رۆژهەڵاتی فورات وەک داگیرکردنی خاچ‌پەرەستانە لێک دایەوە و سەبارەت بە پلانی ئەمریکی بە پاڵپشتیی سعوودی بۆ کردنەوەی ناوچەیەک کە مەودا دەخاتە نێوان تورکیا و جیهانی عەرەب و لە رۆژهەڵاتی فورات تا سنوورەکانی ئێران درێژەی دەبێت، هۆشداری دا.

ئەوە لە کاتێکدایە کە سعوودییەکان بە تەواو هێزەوە هەنگاویان ناوەتە ناو دۆسیەی رۆژهەڵاتی فورات.

بە ئاوردانەوە لەوەی کە بەرپرسانی سووری بەهایەکی زۆر دەدەنە رۆژهەڵاتی فورات، دەکرێت شەڕی رۆژهەڵاتی فورات بە گرژترینی شەڕەکان لە بابەتی بەربڵاوێتی بزانین کە بایەخی بە نیسبەتی شەڕەکانی غەوتەی دیمەشق و باشووری سووریا یەگجار چارەنووس‌سازترە. بە تایبەت کە لەم دواییەدا هێرشی دڕندانەی هاوپەیمانی ئەمریکی لە دژی خەڵکی سڤیلی دیرەزور پەرەی سەندووە و ئەوە دەبێتە هۆی تێوەگلانی دیمەشق بە ورەیەکی بەرزترەوە لە شەڕێکی چارەنووس‌سازتر لە جاران.

مەرجی مسۆگەر کردنی سەربەخۆیی تەواو و سەروەریی تێکرایی سووریا بەهرەمەند بوون لە سەرچاوەگەلی ئابووری و ئاوییەتی و بە بێ وەرگرتنەوەی رۆژهەڵاتی فورات کە سەرچاوەی سەرەکیی ئابووری سووریایە، ئەو ئاواتە وەدی نایەت.

News Code 22600

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 0 =