بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە رۆژنامەی ئۆرێنسێل، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکدا دەڕوانێتە دۆخی نەگونجاوی مافی مرۆڤی تورکیا لە ٧ خولی ٣ مانگەی دۆخی نائاسایی لەو وڵاتە و ڕایگەیاند: دۆخی نائاسایی کە پاش کوودەتا بێ ئاکامەی ١٥ی جووڵای ٢٠١٦ی تورکیا ڕاگەیێندرا و تا ئێستا ٧ جاری سێ مانگە درێژ کراوەتەوە، بە قۆناغی بەرزبوونەوەی بەرچاوی پێشێل کرانی مافی مرۆڤی تورکیا دێتە ئەژمار.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە: دەوڵەتی تورکیا لە چوارچێوەی دۆخی نائاسایی و بە بێ پێویستی بە پشتڕاست کرانەوە لە لایەن پەرلەمانەوە، ٣٠ یاسای پەسند کردووە و هاوکات ڕێکخراوەگەلی دەوڵەتی لە رێگەی داپەڕەکانیەوە گوشارێکی یەکجاری زۆری خستۆتە سەر کۆمەڵگای تورکیا.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا ئامار و ڕەوتی پێشێل کرانی مافی مرۆڤ لە پاش داسەپاندنی دۆخی نائاسایی لە لایەن تورکیاوە بە گوێرەی خوارەوە پۆلێن بەندی کردووە:
ـ دەرکردنی ١٠٧ هەزار کەس لە سەر کارەکانیان بە تاوانی چالاکیی کۆمەڵایەتی و بەهرە وەرگرتن لە مافی ئازادیی ڕادەربڕین، کە تێیاندا چالاکانی کۆمەڵایەتی، چالاکانی مافی مرۆڤ و ئەندامانی سەندیکا جۆراوجۆرەکان بوونیان هەیە.
ـ پێکهێنانی دۆسیەی یاسایی لە دژی زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس لە دەزگای دادی تورکیا.
ـ درێژەی پێداچوونەوە بە دۆسیەی ٥٠ هەزار کەس، لە کاتێکدا کە بە بێ حوکمی دادگە لە زیندانن.
ـ داخرانی ١٨٠ میدیا و رۆژنامە و داگیرکرانی دارایی زۆربەیان.
ـ دەستگیری و زیندانی کردنی زیاتر لە ١٢٠ هەزار رۆژنامەوان، هەواڵنێر و ستافی میدیایی.
ـ پێکهێنانی دۆسیەی یاسایی لە دژی ٢٦٥ مامۆستا و ئاکادمیکاری زانکۆکانی تورکیا بە بیانووی واژۆکردنی بەیاننامەی ئاشتی.
ـ داخستنی زیاتر لە ١٣٠٠ ئەنجومەن و ڕێکخراوی مەدەنی.
شایانی باسە، دەوڵەتی تورکیا پاش کوودەتای ١٥ی جووڵای ساڵی ٢٠١٦ی زایینی بۆ حەوتەمین جار خولی سێ مانگەی دۆخی نائاسایی درێژ کردەوە و بە کەڵک وەرگرتن لە دەسەڵاتی یاسایی دۆخی نائاسایی و بە دەرکردنی "پێڕەونامەگەلێک لە ئاستی یاسا" دەستی داوەتە بایکۆت و کۆنتڕۆڵی تەواو دژبەران و ڕەخنەگرانی خۆی بە تۆمەتی دەست هەبوون لە کوودەتاکەدا.
Your Comment