بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، حوجەتولئیسلام حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران لە نۆهەمین مێهرەجانی نێونەتەوەیی فارابی ڕایگەیاند: لە حەوتەکانی ڕابردوودا ئەمریکا لە دوو سۆنگەوە شکستی گەورەی هێنا، یەکیان کاتێک بوو کە ویستی دژی ڕای جیهانی بوەستێت و بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانی پێشێل بکات و لە بەرجام بچێتە دەرێ، کە جیهان بەرهەڵستی بوونەوە.
ڕاشیگەیاند: خۆشحاڵم کە دەسەڵاتدارانی کۆشکی سپی لە پێشێل کردنی بەڵێنە نێودەوڵەتییەکان و پابەندبوون بە پەسندکراوەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێککەوتنی ٧ وڵات ناکام بوون.
سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بە لێدوانەکانی پێشووی خۆی دا و وتی: گەلێ جار وتوومە کە لە بەرجامدا دەسکەوت و سەرکەوتنگەلێکمان بە دەست هێناوە کە هیچکات نافەوتێت و هیچکەس ناتوانێت لە ناوی ببات. لە بەرجامدا بە جیهانمان ڕاگەیاند کە کێشەگەلی ئاڵۆزی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لە سەر میزی دانوستان چارەسەر دەکرێت و ئەم مژارە هیچکات لە ناو ناچێت تەنانەت ئەگەر کەسێک رۆژێک بەرجام و تەواو بەڵێنەکان پێشێل بکات، ئەو سەرکەوتنە بەردەوامە.
وتیشی: ئێمە سەلماندمان کە ئێران ڕاستگۆیە و بە دوای چەکی ئەتۆمییەوە نییە و ئەوە دوژمنانمانن کە دۆزنن. ڕاستگۆیی ئێران لە لایەن ئاژانسی نێودەوڵەتیی وەزەی ئەتۆمی پشتڕاست کرایەوە و تەنانەت خۆدی ئەمریکاییەکانیش دانیان بەو ڕاستگۆییەدا ناوە.
ڕۆحانی بە ئاماژە بەوەی کە ئێمە لە بەرجامدا کارێکمان کرد کە جیهان مافی توێژینەوە و گەشە و پێشکەوتنی ناڤۆکی ئێران قبووڵ بکات، ڕایگەیاند: هەندێک هێشتا ڕەهەندەکانی بەرجامیان هەست پێنەکردووە و بەرهەمەکانی بەرجام هەمیشەیین و تا رۆژی پەسلان درێژەیان هەیە.
سەرۆک کۆماری بە بیرهێنانەوەی دەسکەوتەکانی بەرجام لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو و لەوان داهاتی نەوتی و سەرمایەدانەریی دەرەکی، وتیشی: ئەوە زانستی یاسایی و زانستی سیاسەت بوو کە توانی لە دانوستانێکی دژواری نێودەوڵەتی ئەو سەرکەوتنە بۆ ئێران بە دیاری بێنێت. ئەوە نیشان دەدات کە زانستی مرۆڤایەتییە کە کۆمەڵگا پێش دەخات و لە زانستی مرۆڤایەتیدا کۆمەڵگای ئازاد و گفتوگۆ و ڕاوێژ گەشە دەکات.
ناوبراو ئاماژەی بە بشێوییەکان ئەم دواییەش دا و جەختی کرد: داوا دەکەم ڕێز لە خەڵکی ئێران بگرن و کەس بۆی نییە لە دەستەواژەگەلی وەک تەپوتۆز و زبڵ و ... بۆ خەڵکی سەرشەقام کەڵک ببات و تانەیان لێ بدات. ئەگەر کەسێک لە شوێنێکەوە هان دراوە و سیخۆر بووە با دادگەیەکی ساڵحدا دادگەیی بکرێت. تاقمێک هاتوونەتە سەرشەقام و تاقمێکی دیکە بەهرەیان لەو فەزایە بردووە و ئەوە شتێکی ئاساییە لە هەموو جیهاندا.
ڕاشیگەیاند: گەلی ئێمە گەلێکی مەزنە و بشێوی و ناڕيزایەتییەکان کۆتایی پێهاتووە و هێزەکانی ئاسایشی ئێمە دۆخەکەیان بە باشی ئیدارە کردووە و ئێستا نۆرەی دەروونناسانی کۆمەڵایەتی و چالاکانی بواری زانستی مرۆڤایەتییە کە سەبارەت بەو ناڕەزایەتیانە شرۆڤە و لێکدانەوە بکەن.
ڕۆحانی بە ئاماژە بە شێوەکانی دروستی کەڵک وەرگرتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕۆڵی کارای زانستی مرۆڤایەتی لەوبارەیە، جەختیشی کرد: بە خۆشحاڵییەوە ئەمریکاییەکان لەو سۆنگەشەوە وەک بەرجام شکستیان هێنا، بەڵام گەلی ئێمە بە یەکگرتووییەوە سەرکەوتن و دەبێ لە پەنای ئەو یەکگرتووییە، سەرکەوتنگەلی زیاتر بە دەست بێنین.
Your Comment