به ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر له سورمییه نیوز، نووسینگه‌ی نێچرڤان بارزانی، سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان له ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا ئاماژه‌ی دا که ئا‌نتۆنیۆ گوترش، ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له نامه‌یه‌کدا ڕوو له نێچیرڤان بارزانی جه‌ختی کرد: بابه‌ته‌کانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر ده‌بێت له ڕێگه‌ی ئاشتیانه و به دانوستان و به پێی یاسای بنه‌ڕه‌تی عێراق چاره‌سه‌ر ببێت.
له‌م نامه‌یه‌دا هاتووه: من له هه‌ر دوو لا داوا ده‌که‌م که هه‌نگاوی پێویست بۆ دروست کردنی بارودۆخێکی گونجاو هه‌ڵبگرن که تێیدا دانوستانه‌کان ئه‌نجام ببێت. هه‌ر دوو لا پێشتریش به ئاشکرا داوایان کردووه که کێشه‌کان به دانوستان و گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بکرێت.
گوترش له نامه‌که‌ی خۆیدا جه‌ختی کرد: ده‌بێت سه‌قامگیری عێراق بپارێزرێت و په‌ره‌ی زیاتر به ئاشتی بدرێت و ئه‌مه‌ش بۆ سه‌قامگیری ناوچه‌که که مه‌ترسی داعشی له‌سه‌ره پێویسته.
Your Comment