بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، لەو ڕێوڕەسمەدا کە شەوی ڕابردوو لە ماڵی مامۆستا محەمەد ئەمین قادری (خواشتی) بە ئامادەبوونی تاقمێکی زۆری لە هونەرمەندان و چالاکانی بواری فەرهەنگی بەڕێوەچوو، ئامادەبووان بە پێشکەش کردنی خەڵات، لەوح و دیسی پەیکەرە هەوڵ و تێکۆشانی ٥ دەیە چالاکیی ئەو هونەرمەندەیان لە بواری مۆسیقای ئایینی - نەریتی هەورامی نرخاند.
لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکە یەحیا سەمەدی بەرپرسی ئەنجومەنی ڕێزنان لە بلیمەتان و هونەرمەندانی کوردستان، سەبارەت بە پێگەی مامۆستا خواشتی وتی: ئەم هونەرمەندە چەندین دەیە لە تەمەنی خۆی بۆ بەرزڕاگرتن و دەوڵەمەندکردنی مۆسیقای نەریتی هەورامان تەرخان کرد و بە داخەوە لە ڕووداوێک لە کاتی کارکردندا بۆ ناوبراو لە دەیەی شەستی زایینی ڕووی دا، مامۆستا خواشتی لەباری لەشەوە تووشی گرفت و خانەنشینی بوو.
ناوبراو وتیشی: ئەنجومەنی ئەنجومەنی ڕێزنان لە بلیمەتان و هونەرمەندان ئەگەرچی لەباری ماڵییەوە دەستکورتە، بەڵام ڕێزنان و بەسەرکردنەوەی سەرمایە مەعنەوییەکانی وەک مامۆستا خواشتی بە ئەرکی سەرشانی خۆی دەزانێت.
هەروەها پێژمان حەبیبی لە نووسەرانی کوردستانی و لە خزمانی نزیکی مامۆستا محەمەد ئەمین قادری (خواشتی) بە نوێنەرایەتی لە بنەماڵەی ئەو هونەرمەندە، وتی: بە داخەوە مامۆستا بە هۆی گرفتی لەشی و نەخۆشیی دوای ئەو ڕووداوە، نەیتوانیوە درێژە بە ئیشی مۆسیقایی خۆی بدات و دەنگی ئەهۆرایی ببەشێتەوە.
ناوبراو وتیشی: بێ شک پۆتانسیەل و دەرتانی بەسەرکردنەوەی هونەرمەندان زۆرن، بەڵام بە داخەوە تا ئێستا هەنگاوێکی ئەوتۆ لە لایەن بەڕێوەبەران و بەرپرسانی خۆجێی بۆ ئەو کارە هەڵنەگیراوە و هیوادارین ئەم ڕێوڕەسمە هاندرێک بێت بۆ پاڵپشتی لە هونەرمەندانمان.
شایانی باسە مامۆستا محەمەد ئەمین قادری (خواشتی) لە ساڵی ١٣٢٧ی هەتاوی لە گوندی خواشتی ناوچەی هەورامان لە دایکبووە و هەر لە تەمەنی گەنجییەوە دەنگی ئەهۆرایی خۆی بۆ تۆمارکردنی شاکارەکانی مۆسیقای فۆلکلۆر و نەریتی و ئایینی هەورامی تەرخان داوە.
Your Comment