بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە ماڵپەڕی فەرمی پارتی، هوشیار سیوەیلی بەرپرسی پەیوەندییە دەرەکییەکانی پارتی لە گەڵ مورتەزا عەبادی سەرکۆنسولی ئێران لە هەولێر و شاندی یاوەری کۆبووەوە و گفتوگۆی کرد.
لەو دیدارەدا پەیوەندییە دەرەکییەکانی پارتی و ڕووداوەکانی چەند مانگی ڕابردوو و پاشهات و کاریگەرییەکانی تاوتوێ کرا.
سیوەیلی بە داکۆکی لە جوگرافیا و سنووری هاوبەشی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران و مێژوو و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان هەر دوولا، وتی: پاراستنی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان و تۆکمەکردنی ئەو پەیوەندیانە زەروورەتێکە، هەر وەک پێشتر لە سەنگەرێکدا لە دژی دوژمنی هاوبەشی تێهەڵچووینە و قوربانیمان داوە.
وتیشی: کۆماری ئیسلامی ئێران لە قۆناغە گرینگ و جۆراوجۆرەکاندا هاوکار و پاڵپشتی هەرێمی کوردستان بووە و پێویستە بۆ گەیشتن بە داهاتوویەکی ڕووناک و بەرژەوەندیی هاوبەش هەر دوولا لە پێناو متمانەبەخشین و تێگەیشتنی بەرامبەر هەوڵ بدەن.
سیوەیلی جەختی لەوەش کردەوە کە هەرێمی کوردستان خوازیاری پەیوەندیی دۆستانە و نیازپاکانە و هاوئاهەنگیی زیاتر لە گەڵ ئێرانە و هیوادارین کە تارانیش بۆچوونێکی لەو شێوەیەی هەبێت.
لە بەرامبەردا مورتەزا عەنادیش جەختی لەوە کردەوە کە ئێران هیچکات دەوڵەت و خەڵکی هەرێمی کوردستانی وەک دوژمنی خۆی نەزانیووە و نەیبینیوە و بێ شک سەبارەت بە هەندێک پرس جیاوازیی ڕابۆچوونمان هەبووە، بەڵام ئەو جیاوازیانە هیچکات نەبۆتە هۆی ناکۆکی و دوورکەوتنەوەی ئێران و هەرێمی کوردستان.
ناوبراو ئاماژەی بە پەیوەندیی دۆستانە و پێشووی هێزەکانی هەردوولا کرد و ڕایگایەند: کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەیی خۆی بۆ هەرجۆرە یارمەتی گەیاندن و هاوکاری و کەڵک وەرگرتن لە پەیوەندییەکانی خۆی لە پێناو چارەسەریی ناکۆکی و کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا دەردەبڕێت و لە سەر ئەو بڕوایەیە کە تاقە رێگەچارەی ئەو ناکۆکیانە گفتوگۆ و دانوستانە.
لایەنەکان لەم دیدارەدا جەختیان لەوەش کردەوە کە پێویستە بۆ نزیککردنەوەی ڕاوبۆچوونەکان و تۆکمەی پەیوەندییەکانی هەولێر و تاران لە پێناو سەقامگیریی ناوچەکە هەوڵ بدرێت.
Your Comment