دەبێ حەشدی شەعبی عێراق هەڵوەشێتەوە

ئیمانوێڵ ماکرۆن سەرۆکى فەرەنسا ڕایگەیاند: نابێت هیچ میلیشیایەک لە عێراقدا بمێنێت بەحەشدى شەعبیشەوە.

بە راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێچیرڤان بارزانی و ئێمانۆێڵ ماکرۆن، کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیان لە کۆشکی ئێلیزە بەڕێوەبرد.

لەو کۆنفەڕانسەدا نێچیرڤان بارزانى ڕایگەیاند: بە سەرۆکى فەرەنسایان وتووە  پابەندی سەروەری و یەکپارچەى خاکى عێراقن.

ڕاشیانگەیاندووە، بابەتی ڕیفراندۆم تەواو بووە و ڕێز لە بڕیارەکانى دادگای فیدراڵی دەگرین.

نێچیرڤان بارزانى هەروەها وتی: "سوپاسى فەرەنسا دەکەین بۆ هەموو هەڵوێستە مێژووییەکانى بەرامبەر عێراق و هەرێمى کوردستان".

ئەوەشی وت کە "فەرەنسا دەتوانێت ڕۆڵێکى کاریگەرى هەبێت بۆ چارەسەرى کێشەکانى ئێمە لەگەڵ بەغداد".

ناوبراو  وتیشی: "کێشەمان نیە لە چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغداد بەپێى دەستوور".

ڕاشیگەیاند: "پێشتر ڕامانگەیاندووە کە ڕێزى بڕیارەکانى دادگاى فیدڕاڵى عێراق دەگرین".

نێچیرڤان بارزانى ئەوەشی وت: "ئامادەین گفتوگۆ بکەین بۆ هاتنى هێزی عێراقی بۆ خاڵە سنورییەکانی هەرێم".

هاوکات هەر لە کۆنگرەکە ماکرۆن وتیشی دۆستایەتى گەلى فەرەنسا بۆ گەلى کورد دووبارە دەکەینەوە ،  ئەوەشی وت: "دەبێت ماددەى ١٤٠ى دەستوورى عێراق جێبەجێبکرێت و مافەکانى کورد پارێزراو بێت و ڕێزى لێبگیرێت".

وتیشى: "پێشمەرگە ئازایەتیەکى گەورەى تۆمار کردووە و شانازى پێوە دەکەین و ڕاگرتنى شەڕ لە نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان دەستکەوتێکى گەورەیە و دەبێت بەردەوام بێت".

ئەوەش لەکاتێکدایە دوێنێ  لەسەر بانگهێشتى فەرمى ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکى فەرەنسایە و نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى حکومەت لەگەڵ شاندێک گەیشتنە فەرەنسا.

هاوکات هەریەکە لە قوباد تاڵه‌بانى، جێگرى سه‌رۆكی حکومەتى هەرێم و فوئاد حسێن، سه‌رۆكى دیوانى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم و سه‌فین دزه‌یى، وته‌بیژى حكومه‌تى هه‌رێم، یاوەرى نێچیرڤان بارزانى دەکەن.

شاندەکەى حکومەتى هەرێم لە ڕێی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە چوونەتە تورکیا و دواتریش لە فڕۆکەخانەى ئیستەنبوڵەوە بەرەو فەرەنسا بەڕێکەوتوون، ئەوەش یەکەم سەردانی نێچیرڤان بارزانییە لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە بۆ دەرەوەی وڵات.

News Code 14926

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 7 =