ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی_ حەلیمە مۆڵایی: هەرێمی کوردستان لە ئێستادا لەگەڵ مەترسی قووڵی هەڵوەشاندنەوەی ناوخۆیی، داڕمانی دامەزراوەکان، و هەڕەشە ئەمنی بەڕەوڕوو بووەتەوە، لە کاتێکدا ڕۆژئاوای ئاسیا بە قەیران و پێشهاتە ئەمنی و سەربازییە گەورەکانەوە ئاوسە. هەرێمی کوردستان لە لێواری داڕمان نزیک دەبێتەوە.
کێبڕکێی هەژموونی سیاسی و ئابووری لە نێوان هەردوو بنەماڵەی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان، ئەم هەرێمەی خستۆتە دۆخێکی مەترسیدارەوە؛ بەجۆرێک کە بە سەرنجدان بە پێکهاتەی دامەزراو لەسەر بنەمای وەفاداریی حزبی هێزی پێشمەرگە و لەبەردەستا بوونی چەک و تەقەمەنی لە دەستی هەردوو لایەن، ئەگەری پێکدادانی خوێناوی لە نێوان هێزەکانی سەر بە یەکێتی و پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئان و ساتدایە.
هەڵکەوتەی جیۆپۆلیتیکی ئەم دوو حیزبه ، سەرچاوەی جیاجیایان بۆ سەپاندنی دەسەڵاتیان بۆ دابین کردووە؛ حیزبی دێموکرات سوود لە ڕێڕەوی ترانزێت و پەیوەندی ئابووری لەگەڵ تورکیا و ئێران وەردەگرێت، لە کاتێکدا ئەو ناوچانەی کە لە ژێر کۆنترۆڵی یەکێتی نیشتیمانییدان دەروازەیەکی سنووری گرنگیان لەگەڵ ئێران هەیە و بەهرەمەندن لە کێڵگە زۆر گرنگەکانی خورمور و گازی سروشتی چەمچەماڵ؛ ئەو کێڵگانەی کە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە دابینکردنی کارەبا بۆ هەرێمی کوردستان.
ئەم قەیرانە پێکهاتەییە دوای هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ ڕەهەندی نوێی وەرگرت. لەم خولەی هەڵبژاردندا پارتی دیموکرات ٣٩ کورسی و یەکێتی ٢٣ کورسی و نەوەی نوێ ١٥ کورسی بەدەستهێنا، بەڵام هیچ کامیان نەیانتوانی زۆرینەی ڕەهای دەنگەکان بەدەستبهێنێت بۆ پێکهێنانی کابینە. بنبەستی دانوستانەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت زیاتر لە دوو ساڵی خایاند و ئەو کابینەیەی کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٩ دەرچووبوو بە سەرۆکایەتی بارزانییەکان بەردەوام بوو لە کارکردن.
لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان و نەوەی نوێ هاوپەیمانییەکیان پێکهێنا کە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە گاڵتەیان پێکرا و ڕەخنەی لێگیرا. بابەتێک کە بووە هۆی سووکایەتی و تەشهیری ئاشکرای سەرکردەکانی ئەو دوو حزبە بە یەکتر. لە کۆتاییدا مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان داوای کرد دانیشتنێکی پەرلەمانی کوردستان ڕێکبخرێت و پەرلەمان کارا بکرێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێ حکومەتی هەرێم.
پرسێک کە لە لایەن یەکێتیەوە دژایەتی و بایکۆت کرا.
ڕۆژی ٤ی نۆڤەمبر ژمارەیەک لە نوێنەران کە لە لیستەکانی یەکێتی و نەوەی نوێ و بزووتنەوەکانی تری ئۆپۆزسیۆنەوە هاتبوونە ناو پەرلەمان، پێچەوانەی بڕیاری حزبەکانی خۆیان بۆ بایکۆت، بەشداری دانیشتنی پەرلەمانیان کرد بە سەرۆکایەتیی پارتی دیموکرات و یارمەتی ئەو حیزبەیان دا بۆ گەیشتن بە نیسابی یاسایی. لە حاڵێکدا کە حیزبی دیموکرات دانیشتنەکەی وەک هەنگاوێک بەرەو بووژانەوەی دەستەی یاسادانان هەڵسەنگاند، یەکێتی شەرعیەت و ڕەوایی ئەو دانیشتنەی خستە ژێر پرسیارەوە و حیزبی ڕکابەری بە ئەندازیاری و دەستکاریکردنی پرۆسەی سیاسی و پەراوێزخستنی هاوبەشی ستراتیژی خۆی واتە یەکێتی تۆمەتبار کرد.
لە بەرامبەر ئەم ڕووداوەدا، بافڵ تاڵەبانی، سکرتێری یەکێتی ، ڕایگەیاند کە حزبەکەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکشێتەوە و حکومەتێکی سەربەخۆ لە ناوچەی ژێر کاریگەریی خۆی (زۆنی سەوز) پێکدەهێنێت بە ناوەندێتی شاری سلێمانی.
ئەم شۆکە سیاسی و ئەمنییە لە پێکهاتەی دەسەڵاتی یاسایی هەرێمی کوردستان درا لە کاتێکدا کە قەیرانەکانی دەرئەنجامی پێکنەهێنانی کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوای هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ و سڕبوونی پەرلەمان و ناڕازیەتی گشتی و ناکۆکی و قڵیشە قووڵە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بە تایبەت شەڕی نێوان لایەنە دەسەڵاتدارەکان هەرێمەکەی لە ناوەوە داڕزاندووە و وایکردە زۆر لاوازتر بێت.
بەڵام پارتی دیموکرات بە کردەوە تاکلایەنەکانی و یەکێتی بە هەڕەشەی بۆ دامەزراندنی حکوومەتێکی هاوتەریب لە سلێمانی و گەڕانەوە بۆ سیستەمی "دوو ئیدارەیی"، بەشێوەیەکی کاریگەر دوا فیشەکیان لە جەستەی نیوە گیانی هەرێمی کوردستان دا.
لەوەش کارەساتبارتر، ئەوەیە سەرکردە و بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان (هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی) خەریکی ململانێی دەسەڵات و قۆرخکاری و فراوانکردنی دزە و وەبەرهێنانی تاکە کەسین و وای نیشان دەدەن کە تێگەیشتنێکی دروستیان لە دەرئەنجامەکانی دابەشبوونی هەرێم و لەت و پەت بوونی حکومەت و ئەو زریانە جیۆپۆلەتیکیەی کە بەدوایدا دێت، نییە.
هەڵبەت ئەمەش لە مێژوویاندا پێشتر بووە. لە ساڵی ١٩٩٤دا ململانێیەکی چەکداری و خوێناوی لە نێوان ئەو دوو حیزبەدا سەریهەڵدا، کە لە ئەدەبیاتی سیاسی و جەماوەری کوردیدا بە “ شەڕی براکوژی”ناودەبرێت.
دوای ئەم شەڕە وێرانکەرەی کە هەزاران قوربانی بەجێهێشت، پارتی دیموکرات توانی لە ساڵی ١٩٩٦ بە دەستێوەردان و پشتیوانی ڕاستەوخۆی سوپای سەدام حسێن هێزەکانی یەکێتی لە هەولێر دوور بخاتەوە؛ هەرچەندە یەکێتیش لە بەرامبەردا سوودی لە پشتیوانی دەرەکی وەرگرت. بەم شێوەیە هەردوو بزووتنەوەی کوردی بۆ زاڵبوون بەسەر ڕکابەرەکانیاندا پەنایان برد بۆ ئەکتەری بیانی و تەنانەت سوپای ئەو ڕژیمە کە پێشینەیەکی تاریکی سەرکوتکردن و کوشتنی کوردی هەبوو.
واژۆکردنی "رێککەوتنی واشنتۆن" لە ئەیلوولی ١٩٩٨ بە ناوبژیوانی ئەمریکا و بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی، بە خاڵی وەرچەرخان دادەنرا بەرەو کۆتایی هێنان بەو ململانێیانە.
ململانێیە سەربازییەکان، گرژی لەسەر سەرچاوەکانی داهات و میکانیزمی ئیدارەی هاوبەش بەردەوام بوو، هەولێریش وەک ناوەندی دەسەڵاتی پارتی دیموکرات و سلێمانی وەک بنکەی یەکێتی بەردەوام بوو. لەگەڵ لەشکرکێشی سەربازی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ و ڕووخانی ڕژێمی بەعس، کارتەکە وەرگەڕا و جەلال تاڵەبانی بوو بە سەرۆک کۆمار و لە ساڵی ٢٠٠٥ مەسعود بارزانی بە هاوکاری ئەمریکا بوو بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان. کابینەیەکی یەکگرتووی هەرێمی لە ساڵی ٢٠٠٦ پێکهێنرا و وەزارەتەکان دامەزران و ئەم دوو حزبە بوونە فەرمانڕەوای هەرێمی کوردستان لە باکووری عێراق. بەڵام هێشتا پێکهاتە ئەمنی و هەواڵگری و سەربازییە هاوتەریبەکانیان پاراست و تا ئێستاش هەر بەو شێوەیەیە.
هەرچەندە لەم ساڵانەدا ناکۆکییەکانیان ڕەگ و ڕیشەی قووڵ و هەندێک جار زەڕەنگەرانە بوون ، بەڵام بە نێوەندگیری ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە چارەسەر دەکران. لە بارودۆخی ئێستا و لە ژێر سێبەری هەڕەشە ئەمنی و سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی شەڕلێدراو و بە لەبەرچاوگرتنی ناسکی دۆخی ناوخۆیی هەرێم، شەڕ و گرژیی قووڵی نێوان لایەنەکان، گۆڕانی بەرچاو لە سیاسەتەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە کورد، و بێ بایەخ بوونی کورد بۆ ترامپ و حکومەتی ئێستای ئەمریکا- کە بە ڕوونی لە سووریاش بینیمان چۆن ئەمریکا و ترامپ بە کارگێڕیی تۆم باراک کوردی پشت شکاند. مەیدانی بۆ لەشکرکێشی سوپای تورکیا و ڕێککەوتنەکانی پشت پەردە لەگەڵ جۆلانی پاککردەوە، و بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کوردی سوریا و داڕمانی هەموو دەستکەوتە سیاسی و ئابووری و سەربازییەکانیان- ڕای گشتی لە هەرێمی کوردستان بە توندی هۆشداری دەدات لە مەترسی هاوشێوە و داڕمانی دەستکەوتەکانی تەواوەتی هەرێمی کوردستان.
پرسیارەکە ئەوەیە ئایا دەستنیشانکردنی "تۆم باراک" وەک نێردەی تایبەتی ترامپ بۆ کاروباری سووریا و عێراق، لەکاتێکدا بەرپرسیارێتی خۆیشی لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تورکیا پاراستووە، مانای ئەوەیە کە پڕۆژەی ئەمریکا بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات؟
گومان لەسەر ڕۆڵی تۆم باراک لە قەیرانی ئەم دواییە و دووبەرەکی قووڵی نێوان لایەنە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم کە ئەم هەرێمەی پاڵناوە بۆ لێواری قەیرانی سیاسی و حوکمڕانی و داڕمانی تەواوەتی، پرسیاری جددی و نیگەرانکەری لای خەڵکی کورد دروست کردووە.
تۆم باراک کەسایەتییەکە کە دیپلۆماسی ڕێکدەخات نەک لەسەر بنەمای ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا یان سەقامگیری ناوچەکە، بەڵکوو لەسەر تۆڕە ئاڵۆزەکانی بەرژەوەندی بازرگانی کەسی و وەبەرهێنانی گەورە و پترۆدۆلار.
ئاشکراکردنە میدیاییەکانی وەک ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز سەبارەت بە جموجۆڵەکانی تۆم باراک و پاڵپشتیکردنی بۆ پڕۆژە ئابوورییە تایبەتەکان (وەک بووژاندنەوەی بۆری نەوتی کەرکوک- بانیاس و هاتنە ناوەوەی کۆمپانیا ڕواڵەتییەکانی وەکوو تی ئای کاپیتال)، ئەوە دەردەخات کە چ بەرژەوەندییەکی دارایی قورس لە پشت ئەم دیپلۆماسییەدایە. بۆ پڕۆژەیەکی لەو جۆرە، دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکانی وزەی عێراق و ڕەزامەندی تورکیا مەرجی سەرەکین. مەسەلەیەک کە ترامپ هەموو کوردەکانی جیهان لە پێناویدا دەفرۆشێت چ بگات بە کورد لە عێراق!
هاوکات بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردنشینەکانی دیکەی جیهان، بە گرینگی دان بە بۆچوونی شارەزایانی سیاسی، ئاماژە بە ڕۆڵی وێرانکەر و ئاژاوەچییانەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە باکووری عێراق دەکەن و دان بەوەدا دەنێن کە ئەمریکا بە ئەندازیاریکردنی قەیرانەکە و توندکردنەوەی ناکۆکییە حزبییەکان و هەڵگیرساندنەوەی بڵێسەی شەڕە ناوخۆییەکان و دوو ئیدارەیی، ڕووی لە لاوازکردنی هەرێم و پەرەدان بە شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەیی کردووە و ئەگەری هەیە باکوری عێراق کە دراوسێ ئێرانە نائەمن بکات !
دوور نییە یەکێک لە ئەرکە لاوەکییەکانی تۆم باراک لە عێراق، دروستکردنی قەیرانی ئەمنی و ئاژاوە لە نزیک سنوورەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بێت.
ئەم شیکارییانە کاتێک ڕەهەندی مانادارتر وەردەگرن کە پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕێککەوتنە ئەمنییەکان لەگەڵ تاران و هەوڵەکانی بۆ پێشگرتن لە دزەکردنی گرووپە کوردە دژبەرەکان بۆ ناو خاکی ئێران و هەروەها ڕێگریکردن لە هاتنی چەکی ئەمریکی بۆ سنوورەکانی ڕۆژئاوای کۆماری ئیسلامی لە کاتی شەڕی ئەم دواییەدا لەبەرچاو دەگرین. بۆ هەموو لایەک ڕوونە کە ئەمریکا هەمیشە ڕوانگەیەکی ئامرازی و تاکتیکی بۆ پرسی کورد هەبووە؛ کوردەکان وەک هاوپەیمان دەناسرێن تا ئەو کاتەی کە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن لە چەقه ستراتیژییەکانی عێراق، سوریا، تورکیا و ئێراندا بەسوود بن، بەڵام هەر کە ئامانجەکان بەدیهاتن یان بەرژەوەندییە گەورەکان سەریان هەڵدا، بە سادەیی دەکرێنە قوربانی. لەم ڕوانگەیەوە ئەگەری زۆرە واشنتۆن بۆ ئەوەی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی لەگەڵ تورکیا و هەندێ ڕەوتی ناو عێراقدا هاوتەریب بکات، کوردەکانی هەرێم تووشی هەمان چارەنووسی کوردەکانی سوریا بکات و بیانکاتە قوربانیی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی خۆی.
چونکە هەرێمی کوردستانی دابەشکراو زۆر لاوازتر لە هەرێمێکی یەکگرتوو لە بەرانبەر حوکمی حکومەتی ناوەندی عێراق و لە بەرامبەر چەوساندنەوە و تاڵانکاریی وڵاتانی زلهێزی ڕۆژاوایی و ئەمریکا زۆر لاوازتر دەردەکەوێت. لە کاتی ئاژاوە و شەڕ و بێ سەروبەرەیشدا، بۆشایی ئەمنیی سنوورەکانی هەرێم ، ڕێگەیەکی باشترە بۆ ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل کاریگەرییان لەسەر وڵاتانی دراوسێ هەبێت.
بەم تێڕوانینە، وا دیارە ئەگەر بزووتنەوە سیاسییەکان، سەرکردە حزبییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، و خەڵکی کوردستانی عێراق بەخێرایی خۆیان لە وەهمەکانی پشتبەستن بە زلهێزە دەرەکییەکان و بەتایبەتی ئەمریکا ڕزگار نەکەن و بەرەو یەکگرتوویی و یەکڕیزی ناوخۆیی هەنگاو نەنێن، هاوکاری و ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق نەکەن و شەفافیەت و دروستکردنی دامەزراوە نیشتمانییەکان کە ئەژنۆ بۆ یاسا و دەستوور دابدەن نەگرنە پێش، ئەمجارەیان پڕۆژەی لەناوبردنی سیستمی بەڕێوەبردن و حوکمڕانی هەرێمی کوردستان لە پێناو ئامانجی زلهێزەکان بە چرای سەوزی واشنتۆن و ڕەنگە بە کرگێڕی تۆم باراک! کۆتایی دێت.
Your Comment