AP ١٤٠٥ گەڵاڕێزان ٩ ١٠:١٧

ئەمریکا چی بە پارەی کێڵگە نەوتییەکانی کوردستانی سووریا دەکات؟

ئەمریکا چی بە پارەی کێڵگە نەوتییەکانی کوردستانی سووریا  دەکات؟

ئەو کۆمپانیا ئەمریکاییەی کە لە کێڵگە نەوتییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کار دەکات پلانی بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان و زیاتر کردنی داهاتەکانی داڕشتووە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: پێدانی پشکی دەرهێنانی هەشت کێڵگەی نەوتی ڕمیلان بۆ کۆمپانیای ئەمریکی ئێچ کەی ئێن ئینێرجی لە چوارچێوەی ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی دیمەشق پرسیاری لەبارەی دابەشکردنی داهاتی نەوت و پشکی ناوچە کوردستانییەکان لە سەرچاوەکانی وزە دروستکردووە؛ بە تایبەتی کە کۆمپانیای نەوتی ئەلجەزیرە کە پێشتر لە پێکهاتەی ئابووری ئیدارەی سەربەخۆدا کاردەکات، ئیتر بەرپرسیاری ڕاستەوخۆی ئەم بوارانە نییە.

کۆمپانیای نەوتی ئەمریکی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلمۆنیتۆر، جگە لە ڕوونکردنەوەی وردەکارییەکانی ڕێککەوتنی ٢٥ ساڵە لەگەڵ حکومەتی دیمەشق، جێگری کۆمپانیاکە بۆ کاروباری حکومەت باسی لە پیسبوونی بەربڵاوی سەرچاوەکانی ئاو و زەوییە کشتوکاڵییەکان کرد بەهۆی چالاکییە نەوتییەکانی ڕابردوو.

وەستانی ڕژانی ڕۆژانەی زیاتر لە ١٢٠ هەزار بەرمیل ئاوی پیسبووی نەوت بۆ ناو ڕووباری خابور، و... پلانەکانی کۆمپانیاکە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ژێرخانی.

هاوکات تا ئێستا ئایندەی کۆمپانیای نەوتی ئەلجەزیرە و دۆخی ئەو کارمەندانەی کە لە دوای کۆتایی هاتنی قۆناغی گواستنەوە کارەکانیان لەدەستداوە ناڕوونە.

ئەمبر زەمان لە کۆمپانیای ئەلمۆنیتۆر لەگەڵ ماتیۆ زایس، جێگری بەڕێوەبەری کاروباری حکومەت لە کۆمپانیای HKN Energy قسەی کرد سەبارەت بە چالاکییەکانی کۆمپانیاکە لە کێڵگە نەوتییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، پلانەکانی بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان، بارودخی ژینگەیی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی گواستنەوەی بەڕێوەبردنی کێڵگەکان.

کۆمپانیای HKN Energy کە بنکەکەی لە ویلایەتی تەکزازە، لە مانگی نیسانی ٢٠٢٦دا ڕێککەوتنێکی ٢٥ ساڵەی لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی دەوڵەتی سوریا واژۆکرد و بووە یەکەم کۆمپانیای ئەمریکی کە بە فەرمی وەبەرهێنان لە پیشەسازی نەوتی وڵاتەکەدا بکات لە دوای گۆڕینی حکومەت لە سوریا.

لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا کۆمپانیاکە دەستیکرد بە کارپێکردنی هەشت کێڵگەی نەوتی لە دەوروبەری شاری ڕمیلان لە پارێزگای حەسەکە. ئەو کێڵگانە پێشتر لەلایەن کۆمپانیای نەوتی ئەلجەزیرە بەڕێوەدەبرا؛ کۆمپانیایەک کە دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریا لە ساڵی 2011 و کشانەوەی هێزەکانی حکومەتی بەشار ئەسەد لە ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵات، خرایە دەستی دامودەزگاکانی سەر بە ئیدارەی خۆسەر.

کۆمپانیای HKN Energy لەم پڕۆژەیەدا هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیای قەتەری UCC Holding دەکات، بەڵام بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆی بەڕێوەبردنی کێڵگەکان تەنها لە ئەستۆی کۆمپانیای ئەمریکیدایە. کۆمپانیاکە بەر لە هاتنە ناو سوریا، مێژوویەکی دوورودرێژی چالاکی لە کەرتی نەوت و وزەی هەرێمی کوردستانی عێراقدا هەبووە و ئەزموونی کارکردنی لە ناوچە کوردستانییە دەوڵەمەندە نەوتییەکان یەکێکە لە هۆکارەکانی بوونی لە پرۆژەی ڕێمیلان.

سەبارەت بە وردەکارییەکانی گرێبەستەکە، ماتیۆ زایس ڕایگەیاند، ڕێککەوتنەکە لەسەر بنەمای میکانیزمی هاوبەشی بەرهەمهێنانە و کۆمپانیای ئێچ ئێن ئێنێرجی تێچوون و داواکارییەکانی بۆ ئەو نەوتەی کە دەریدەهێنێت زیاتر لەو بنکەی بەرهەمهێنان وەردەگرێت کە لەگەڵ لایەنی سووریا ڕێککەوتوون. هەروەها بنکەی بەرهەمهێنان بە پشتبەستن بە ڕێژەی بەرهەمهێنانی کێڵگەکان لە کاتی گەیاندنی بۆ کۆمپانیاکە دیاری دەکرێت و لە حیسابکردنیدا بارودۆخی ڕاستەقینەی دامەزراوەکان و بڕی ئەو پیسبوونەی کە پێویستە لاببرێت لەبەرچاو دەگیرێت.

بە وتەی ماتیۆ زایس، کۆمپانیا ئەمریکییەکە هەموو ئەو تێچووانە دەگرێتەوە کە پێویستن بۆ ئاوەدانکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی کێڵگەکان، هەروەها بڕی پارەی وەبەرهێنانەکەی پەیوەستە بە ئەدای کۆمپانیاکە و زیادبوونی بەرهەمهێنان بە بەراورد بە ئاستی بنەڕەتی.

بەم شێوەیە جگە لە ئامانجی ئابووری پڕۆژەکە، زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانیش بنەمای سەرەکییە بۆ وەرگرتنەوەی تێچووی کۆمپانیاکە.

ماتیۆ زایس ڕایگەیاند کە کۆمپانیای HKN Energy بەنیازە لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا بەرهەمهێنانی نەوتی هەشت کێڵگەی ژێر بەڕێوەبردن بۆ نزیکەی ١٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاد بکات.

ئەم ژمارەیە نزیکەی دوو ئەوەندەی ئاستی بەرهەمهێنانی ئێستایە کە کۆمپانیاکە باسی دەکات. بەپێی ئەو ڕوونکردنەوە بڵاوکراوەی ئەم چاوپێکەوتنە، بەرهەمی کێڵگەکان ڕۆژانە نزیکەی ٨٠ هەزار بەرمیل بووە کاتێک ڕادەستی ئەو کۆمپانیایە ئەمریکییە دەکرا، بەڵام لە شوێنێکدا بۆ ٦٥ هەزار بۆ ٧٠ هەزار بەرمیل دابەزیوە. هۆکاری سەرەکی ئەم کەمبوونەوەیە، وەستانی چالاکییەکانی هەندێک بیرە بەشێوەیەکی کاتییە بۆ ڕێگریکردن لە پیسبوونی زیاتری ژینگە.

هەروەها پرسی گواستنەوەی نەوتی بەرهەمهاتوو لە کێڵگەکانی ڕێمیلان تاوتوێ کرا. ماتیۆ زایس ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو نەوتەی لەو کێڵگانە دەردەهێنرێت، بە بارهەڵگر دەگوازرێتەوە بۆ بانیاس لە کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست و دواتر باردەکرێت بۆ هەناردەکردن. هەروەها ڕەتیکردەوە نەوت لە کێڵگەکانی کۆمپانیاکە بۆ عێراق یان تورکیا بنێرێت.

بەڵام گواستنەوەی نەوت بە بارهەڵگر چارەسەرێکی درێژخایەن نییە بۆ گواستنەوەی بەرهەم لە کێڵگەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بەهۆی زۆری تێچووی گواستنەوە و ئاستەنگی کارپێکردن.

بە وتەی ماتیۆ زایس، ئاوەدانکردنەوەی بۆری نەوت لە پارێزگای حەسەکەوە بۆ کەناراوەکانی سوریا لە پێشینەی کارەکانی کەرتی وزەی وڵاتەکەیە و دەتوانێت تێچووی گواستنەوە کەم بکاتەوە و ڕێگە بدات بە بەڕێوەبردنی بەرهەمهێنانی بەردەوامتر.

News ID 60711

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha