AP ١٤٠٤ گەلاوێژ ١٤ ٢٢:٣١

مەزلووم کۆبانی باسی چ مودێلێک لە حوکمڕانی بۆ سووریا دەکات

مەزلووم کۆبانی باسی چ مودێلێک لە حوکمڕانی بۆ سووریا دەکات

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک، بە ئاماژە بە بەردەوامبوونی پڕۆسەی دانوستانەکان لەگەڵ دەوڵەتی کاتی سووریا و ئەکتەرانی نێودەوڵەتی، جەختی کرد کە تاقە ڕێگەی دەربازبوونی سووریا لە قەیرانی ئێستاکەی، هەنگاونان بەرەو سیستەمێکی لامەرکەزییە کە تێیدا هەموو گەل و گرووپەکان مافی یەکسانیان هەبێت.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی سووریا: مەزلووم کۆبانی فەرماندەی گشتیی هەسەدە، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی کوردیی "یەنی یاشام" سەبارەت بە کۆنفڕانسی یەکڕیزیی کوردەکان ڕوونی کردەوە: بەڕیوەچوونی ئەو کۆنفڕانسە بۆ کوردەکان و ئەویش لە کوردستانی سووریادا هەنگاوێکی مێژوویی بوو و بۆ یەکەمجار لە دوای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی کوردی لە سووریادا، هەموو حزب و کەسایەتی و نوێنەرانی کورد بە دەوری یەکتردا کۆبوونەوە و سەبارەت بە دوورنوێن و پلانی سیاسیی هاوبەش ڕێککەوتن و لەمناوە وەفدێکی 10 کەسی بۆ نوێنەرایەتیی کوردەکان و دانوستان لەگەڵ دیمەشق دیاری کران کە هەڵبەت بە هۆی چالاک‌بوونی دوو وەفدی تر هێشتا ئەمان چالاکیی خۆیان دەست پێ‌نەکردووە.

کۆبانی بە ئاماژە بەوەی کە وەفدێکی چالاکی ئێستا کە پێکهاتووە لە نوێنەرانی عەرەب و سریانی و کورد، سەبارەت بە پرسە سەربازی و ئیدارەییەکان لەگەڵ دیمەشق گفتوگۆ دەکا و تەرکیزی خستۆتە سەر پرسە گشتییەکانی وڵات و هەوڵی ڕاپەڕاندنی بڕیارەکانی 10ی مارچ دەدا، وتیشی: سەرەتا دەبێ پرسە بەپەلەکانی وەک ئاسایش و سەربازی چارەسەر بکەن کە پرسی کوردەکانیش بەشێکە لەو و پاش ڕاپەڕاندنی پرسە گشتییەکان، پرسی تایبەتی کوردەکان دێتە ڕۆژەڤەوە و ئینجا لە ئەگەری پێشکەوتی دانوستانەکان، وەفدی کوردی بۆ گفتوگۆ ڕەوانەی دیمەشق دەکرێن، چونکە وەک دەزانن ماددەی دووەمی ڕێککەوتنی 10ی مارچ تایبەت بە مافی کوردەکانە و ئێمە دەمانەوێ ئەو مافە لە دەستووری سووریادا بە فەرمی بناسرێت.

فەرماندەی گشتیی هەسەدە وەفدی دووەمی بە نوێنەرانێک زانی کە دەتوانن بە نوێنەرایەتیی کوردستانی سووریا لە چالاکییە دیپلۆماتییەکانیشدا بەشداری و لەگەڵ دەسەڵاتە نێودەوڵەتییەکانیشدا دانوستان بکەن و ڕایگەیاند: ئەوڕۆکە نوێنەرانی ئەمریکا و فەڕەنساش کە بەشداری کۆبوونەوەکانی دانوستانی ئێمە بوون، بەو ئەنجامە گەیشتوون کە ئیدارەی سووریا بە شێوەی ناوەندگەرانە نامومکینە و بە ئاوڕدانەوە لە پرسی درۆزی، عەلەوی و کوردەکان بەو ئەنجامە گەیشتوون کە دەبێ سیستەمێکی لامەرکزی لێرەدا پێڕەو بکرێت. بێ گومان ئێمەش وەک خۆمان لەو باوەڕەن کە پاش 14 ساڵ شەڕی ناوخۆیی گەڕانەوەی سووریا بۆ دۆخی پێشووی نامومکینە و چیتر نابێ بگەڕێینەوە بۆ مۆدێلی ناوەندخوازی بەعسی. کەواتە کێشەی سووریا لە سیستمە، نەک لە کەسەکاندا و هەر ئەمەش بۆتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ و ناکۆکیی ناوخۆیی.

ناوبراو جەختی لەوەش کرد: ڕێگەچارەی بنەڕەتیی سووریا دامەزراندنی سیستەمێکی لامەرکەزییە کە هەموو گرووپە سیاسی و فەرهەنگییەکان تێیدا مافی ئیدارەی خۆیان هەبێت. پاریزگاکان لە لایەن خود دەوڵەتانی خۆجییەوە بەڕیوە ببرێن. وشەی عەرەبی دەبێ لە ناوی سووریا بسڕێتەوە، چونکە سووریا تەنیا تایبەت بە عەرەبەکان نییە و هی هەموو ئیتنیک و پێکهاتەکانیەتی. ئەگەر ئەو ڕێفۆڕمانە ئەنجام نەدرێن، داهاتوویەکی ئاڵۆز و دژوارمان دەبێت. چونکە ئەزموونەکان پێمان دەڵێن کە ئەگەر دەستووری سووریا مافی هەموو خەڵکی ئەو وڵاتە دەستەبەر نەکات و نەبێتە سووریایەکی لامەرکەزی، ناتوانێ بگەڕێتەوە ناو کۆمەڵگای جیهانی و وەک وڵاتێکی بەهێز دەرکەوێت.

مەزلووم کۆبانی بیریشی هێنایەوە: لە ئێستادا دوو هێزی سەرەکی لە سووریادا ئامادەن کە بریتین لە دەوڵەتی دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکراتیک و ئەگەر ئەو دوو باڵە پێکەوە ڕێککەون، یەکپارچەیی وەدی دێت. لە ئاستی جیهانی و نێودەولەتیش وڵاتانی ئەورووپی و ئەمریکا کە گەمارۆگەلێکیان لە دژی سووریا سەپاندووە، ڕۆڵێکی گرینگیان هەیە و بە تایبەت بڕیاری واشنتۆن جێی سەرنجی دەسەڵاتەکانی دیکەی جیهانە. ئینجا ئەگەر دیمەشق نیازپاکانە هەوڵی تێپەڕین لە قەیرانەکان بدات و کات بەفیڕۆ نەدات، ڕێگەی ڕێککەوتن هەموارە، بە تایبەت لە ئێستادا کە هەلومەرجەکان گونجاوترن لە ڕابردوو.

News ID 56274

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha