ئەبوولفەزەل زەهرەوەند، کارناسی پرسی ناڤۆکی، لە لێدوانێک بۆ هەواڵنێری ئاژانسی مێهر، بە ئاماژە بەوەی کە ئەمریکاییەکان لە چوار خولی پێشووی دانوستانەکاندا سەلماندی کە هێشتا لە هەڵوێستە پێشووەکانی خۆی نەگەڕاوەتەوە، وتی: ئەوان بەردەوامن لە دەستبەسەرداگرتنی دەفرایەتییەکانی ئێران، لە تەسلیمبوونەوە تا ڕووخانی ژێئۆپۆلیتیکیی کۆماری ئیسلامی ئێران.
ناوبروا بە ئاماژە بە قەیرانێکی قووڵی ئەمریکا لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، وتیشی: ئەوڕۆکە ئەمریکا لەباری نێودەوڵەتییەوە داڕماوە و هێزی نەرمی تا ڕادەیەکی زۆر لە دەست داوە. چونکە ئەگەر ئەو هێزە نەرمە مابا، هیچکات کەسێکی وەک ترامپ نەدەبووە فریاڕەسی ئەمریکا. ئەوە نیشان دەدا کە ئەمریکا هێشتاش لە قەیرانە و نایەوێ ئاکار و هەڵسوکەوتەکانی بگۆڕێت.
زەهرەوەند لە درێژەدا پرسی داماڵێنی چەکی ئەتۆمیی بە پیلانێک بۆ سنووردارکردنی ئێران زانی و ڕایگەیاند: ئەوان دەیانەوێ بەم فێڵە ڕەوتی پیتاندنی ئێران بوەستێنن و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕاشکاوانەی ددانی بەمەدا هێناوە کە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران واتە وەستاندنی ڕەوتی پیتاندن. بەڵام ئەوان نازانن ئەم بابەتە هێڵی سووری ئێمەیە.
ئەم کارناسەی پرسی ناڤۆکی، خولی پێنجەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی ئێران و ئەمریکای لە ئەگەری پێداگریی ئەمریکا لە مەرجەکانی بێئەنجام زانی و جەختی کرد: تاران دەبێ بە مەرجی دیارەوە هەنگاو بنێت و ئەگەر لایەنی بەرامبەر پێداگر بوو لە هەڵوێستەکانی، درێژە بەم ڕێگەیە نەدرێت.
ناوبراو هەروەها ڕوانییە ڕاپۆرتی کەناڵی سیئێنئێن سەبارەت بە هێرشی شیمانەی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ناڤۆکییەکانی ئێران و ڕاشیگەیاند: ڕژیمی زایۆنی وێستگەیەکی ئۆپەراسیۆنی و هەواڵگریی سەر بە ئەمریکایە و بەبێ چرا سەوز، پاڵپشتی و یارمەتیی ڕاستەوخۆی ئەمریکا توانای ئاوەها هێرشێکی نییە.
Your Comment