AP ١٤٠٤ گوڵان ١ ٠٩:٥٤

ئیلهام ئەحمەد: کورد لە سووریا جیانابێتەوە؛ فیدڕاڵی دەوێت

ئیلهام ئەحمەد: کورد لە سووریا جیانابێتەوە؛ فیدڕاڵی دەوێت

ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسێکی دیاری کوردی سووریا، هەر خواستێکی کوردانی ئەو وڵاتەی بۆ جیابوونەوە لەو وڵاتە ڕەتکردەوە بەڵام جەختی لەسەر دروستکردنی سیستمی فیدراڵی کردەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئێلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی نەشناڵی ئیمارەت، داخوازییە سەرەکییەکانی کوردانی سووریای لە چوارچێوەی پرۆسەی داڕشتنی دەستووری نوێی سووریا خستەڕوو.

جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەولەویەتی کورد سەربەخۆیی نییە بەڵکوو گەیشتن بە چوارچێوەیەکی سیاسی و یاسایی دادپەروەرانە لە سووریای داهاتوودا.

بە بڕوای ئێلهام ئەحمەد، گرنگترین داواکاری کورد لەم پرۆسەیەدا، لامەرکەزی و قبووڵکردنی مۆدێلی خۆبەڕێوەبەرییە لەسەر ئاستی نیشتمانی.

وتیشی: ئێمە ئەزموونی ساڵانێکمان هەیە لەگەڵ خۆبەڕێوەبەری لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەمڕۆش ئەم مۆدێلە وەک مۆدێلێک بۆ ناوچەکانی تری سووریا پێشنیار دەکەین، لەوانە دارا، ئیدلب و سویدە. "ئەم مۆدێلە نەک تەنها لە باکووری ڕۆژهەڵات، بەڵکوو لە سەرانسەری وڵاتدا جێبەجێ بکرێت."

هەروەها ئیلهام ئەحمەد جەختی لە پێداچوونەوە بە ناوی فەرمی وڵاتەکەی کردەوە و دەشڵێت: داوا دەکەین ناوی وڵاتەکە بگۆڕدرێت بۆ "کۆماری سووریا" بۆ لابردنی ئەو ناوەڕۆکە ڕەگەزپەرستانەی کە لە ناوەکەی ئێستادا چەسپاوە و چاوپۆشی لە نەتەوەکانی دیکە دەکات. ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەمە یەکێکە لە هێڵە سوورەکانمان لە پرۆسەی دەستووریدا".

ڕوونیشی کردەوە کە ئەو داواکارییانە لەلایەن هەردوو ڕەوتی سیاسیی سەرەکی کوردی سووریاوە، واتە پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) و ئەنجومەنی نیشتمانپەروەری کورد (ENKS) لەسەری ڕێککەوتوون.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئیلهام ئەحمەد پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی ئەم دواییەی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد بۆ چەسپاندنی ئاشتی و وتی: ئەم دەستپێشخەرییە لەلایەن ئێمەوە زۆر پێشوازی لێکرا، چونکە هەموو ئەم ساڵانە هۆکاری هێرشی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر ئێمە لە باکووری ڕۆژهەڵات، بیانووی پەیوەندیدار بە پەکەکە بوو.
بەڵام جەختی لەوە کردەوه که دۆسیەی پەیوەندییەکانی کوردی سووریا لەگەڵ تورکیا ڕێبازێکی سەربەخۆی هەیه و پێویسته به جیا لێکۆڵینەوهی لەسەر بکرێت.

ئیلهام ئەحمەد لە کۆتاییدا هۆشداری دەدات لەوەی کە لە هەرێمێکی ناسەقامگیردا ڕەنگە لە هەر ساتێکدا پێشهاتی نەخوازراو ڕووبدات، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە تاکە ڕێگە بۆ گەیشتن بە سەقامگیری قبووڵکردنی مافی یەکسانە بۆ هەموو نەتەوەکان بە کوردەوە، لە چوارچێوەی پێکهاتەیەکی سیاسی لامەرکەزی و دادپەروەرانەدا.

News ID 54711

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha